ھەولێر-KDP.info- وەزیری بازرگانیی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند، حكوومەتی عێراق بڕیاری داوە دوو ماددەی دیكەی خۆراك زیاد بكرێن، كە ئەوانیش ئاوی تەماتە و پاقلەمەنییەكانن و، بڕیارە كوالیتی و جۆری خواردنەكانیش باشتر بكرێت.
كەمال موسلیم، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "خۆراكی مانگانە لە دەست وەزارەتی بازرگانیی عێراقە و بەشی ئێمەش لەوێیە و ماددەكان زیاد كراون، كە ئەوانیش پاقلەمەنی و ئاوی تەماتەن لە چوارچێوەی ئەو ماددانەی دیكەدا كە دابەش دەكرێن، كە بڕیارە لە مانگەكانی داھاتوودا رەوانە بكرێت و بەسەر ھاووڵاتیاندا دابەش بكرێت".
وەزیری بازرگانیی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان گوتیشی: "ئێمە دەمێكە لەگەڵ وەزارەتی بازرگانیی عێراق لەسەر هێڵین بۆ ئەوەی ھەم ماددەكان زیاد بكرێن و ھەمیش جۆر و كوالیتیشی باشتر بێت، ئەوە باش بوو دوو جۆر زیاد كرا و لە ڕووی جۆر و كوالیتیشەوە باشتر دەكرێت، چونكە ئەمە كارێكی باشە و لە بەرژەوەندیی خەڵكی ھەرێمدایە".
بەشەخۆراكی مانگانەی ھاووڵاتیانیش بەو شێوەیەی لێ ھاتووە:
١-برنج ( ٣) سێ كیلۆ.
٢-شەكر (١) یەك كیلۆ.
٣-زەیت (١) یەك لتر.
٤-دۆشاوی تەماتە (٤٠٠) چوارسەد گرام.
٥-پاقلەمەنی ( ١) یەك كیلۆ (فاسۆلیا ونیسك و نۆك).
٦-ئارد ( ٩) نۆ كیلۆ.
بڵند ئیبراھیم