دهۆک-KDP.info- لە سنووری پارێزگای دھۆک نزیکەی ١٥ ھەزار یەکەی نیشتەجێبوون بۆ کرێکاران دروست دەکرێت و بەرپرسی سەندیکای کرێکارانی دھۆکیش دەڵێت، یەکەکان بە شێوەی قیست بە کرێکاران دەدرێت.
وڵات ئەمین، سەرۆکی سەندیکای کریکارانی کوردستان لە دھۆک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوون بۆ کرێکاران ئامادەیە و چاوەڕێی وەرگرتنی ڕەزامەندیین بۆ ئەوەی دەست بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکە بکرێت و بخرێتە واری جێبەجێکردن، پڕۆژەکە ١٠ ھەتا ١٥ ھەزار یەکەی نیشتەجێبوونە و تایبەت دەبێت بە چینی کرێکاران لە سنووری پارێزگای دھۆک."
بەرپرسەکەی سەندیکای کرێکاران دەشڵێت: "پڕۆژەکە ئێستا لە بەردەستی سەرۆکی دەستەی گشتیی وەبەرھێنانە بۆ ئیمزاکردن و دواتر دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە."
ولات ئەمین ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "لە سنووری پارێزگای دھۆک ٨٠ ھەزار کرێکار ھەن و یەکەکانی نیشتەجێبوونیش سەرەتا بۆ ئەو کرێکارانە دەبێت کە کرێنشینن و بە شێوەی قیستی درێژخایەن بەسەر کرێکاراندا دابەش دەکرێت، چونکە ئێمە ڕەوشی داراییی کرێکارانمان لەبەرچاو گرتووە."
قائید میرۆ