هەولێر - KDP.info- هه‌ریه‌كه له ئه‌مه‌ریكا و به‌ریتانیا دەربارهی چاره‌نووسی ڕێككه‌وتنه‌كانی هه‌ولێر و به‌غدا بۆچوونی تایبه‌تیان هه‌یه و، پێشنیاری تازه‌یان خستووه‌ته ڕوو، ئامانج له‌و پێشنیارانەش ئه‌وه‌یه كه دۆخی ناوچه‌كه ئاڵوز نه‌بێت و به ئاسانی بتوانن ئیداره‌ی ناوچه جێناكۆكه‌كان بده‌ن، له‌م ڕاپۆرته‌دا ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی زانیاری بۆچوونه‌كانی هه‌ردوو وڵات ده‌خاته ڕوو.
دوو ڕێككه‌وتنی ئه‌منی له نێوان هه‌ولێر و به‌غدا کراوە، یه‌كێكیان ڕێككه‌وتنی شنگاله و ئه‌وی دیكه ڕێككه‌وتنی كه‌ركووكه. به‌پێی ڕێككه‌وتنی شنگال، ده‌بێ سوپای عێراق و پۆلیس و هێزی پێشمه‌رگه ئیداره‌ی ئه‌و ناوچانه بكه‌ن و سه‌رجه‌م گرووپه میلیشیاكان و حه‌شد و په‌كه‌كه له‌وێ نه‌مێنن. ده‌بوو ٨ی ٤ی ٢٠٢١ دواواده‌ی جێبه‌جێكردنی ئه‌و ڕێككه‌وتنه بووایه، به‌ڵام ماوه‌كه‌ی به‌سه‌ر چوو، ڕێككهوتنهكەش هێشتا له‌سه‌ر كاغه‌ز ماوه‌ته‌وه. بۆ ڕێككه‌وتنی كه‌ركووكیش دهقهکەی ئاوایه كه سه‌رجه‌م هێزه‌كان له‌ناو شار ده‌كشێنه‌وه و پۆلیسی ئیتیحادی شوێنیان ده‌گرنه‌وه و ده‌ره‌وه‌ی شاری كه‌ركووكیش به سوپای عێراق و هێزی پێشمه‌رگه ئیداره ده‌كرێت و سه‌رجه‌م باره‌گاكانی پارتی‌یش ده‌گه‌ڕێنرێنه‌وه كه ئێستا كراونه‌ته باره‌گای حه‌شدی شه‌عبی، بەڵام ڕێككه‌وتنی كه‌ركووكیش به ده‌ردی ڕێککەوتنەکەی شنگال چووه. كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی نیگه‌رانه له جێبه‌جێنه‌كردنی ڕێككه‌وتنه‌كان، چونكه به‌لای ئه‌وانه‌وه هه‌ردوو ڕێككه‌وتنەکە به‌شێكن له ستراتیژیه‌ت، به‌تایبه‌ت ئه‌مه‌ریكا كه دۆسیه‌ی ئه‌منیی عێراقی به ده‌سته‌وه‌یه، هه‌ربۆیه پێشنیاری نوێیان بۆ ڕێككه‌وتنه‌كان كردووه، ئه‌مه‌ریكا داوای میكانیزمی نوێ بۆ جێبه‌جێكردنی ده‌كات و به‌رپرسانی ئه‌و وڵاته پێیان وایه ده‌بێت ده‌ست بكرێت به هه‌نگاوی كرداری. له هه‌مان كاتدا ستیفن هیکی، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق كه چه‌ند ڕۆژ پێش ئێستا لە هەرێمی کوردستان بوو، گوتی: "به‌ر له هەموو شتێك هاتنم بۆ هەرێمی کوردستان بۆ دەربڕینی پاڵپشتی و هاوخەمییە بۆ خەڵکی کوردستان دوای ئەو هێرشە ترسنۆکانەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا کرایە سەر هەولێر و باشیك. بە هیچ شێویەك ئەو هێرشانە قبوڵکراو نین، بەریتانیا و هەموو وڵاتانی جیهان بە توندی ئیدانەی هێرشەکانیان کرد."
گوتیشی: "کۆبوونەوەی بەرهەمدارم لەگەڵ سەرکردایەتیی کورد هەبوو، بۆ ئەوەی بزانین چۆن بتوانین پێکەوە کار بکەین بۆ بە سزاگەیاندنی ئەنجامدەرانی هێرشەکان و ڕێگری‌کردن لە دووبارەبوونەوەیان."
جەختیشی كردەوە: "دەمانەوێت ئەم لێکتێگەیشتنە جێبەجێکردنی بابەتەکانی دیکەش بگرێتەوە، بۆ نموونە ڕێککەوتنی شنگال، ڕێککەوتنێکی زۆر باشە و لە کۆبوونەوەم لەگەڵ سەرکردایەتیی کورد و بەرپرسانی بەغداش تێبینیی ئەوەم کرد، هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی خێرا دەکرێن. دواتر دەتوانین ئەو ڕێککەوتنە بۆ ناوچە کێشە لەسەرەکانی دیکە فراوانتر بکەین. نیەتێکی بەهێزی سیاسیشم لە هەولێر و بەغدا بەو ئاراستەیە بینیوە".
دیندار زێباری، ڕێكخه‌ری ڕاسپارده نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ڕێككه‌وتنی شنگال جیا له ئاستی ناوخۆ له ئاستی ده‌ره‌كیش گرنگیی خۆی هه‌یه، ٢٢ی ٤ ڕاپۆرتێكی تایبه‌ت ده‌رچووه له‌لایه‌ن كۆمسیۆنی ئه‌مه‌ریكا بۆ ئازادیی ئایینی كه كۆمسیۆنێكه سه‌ر به كۆنگرێسی ئه‌مه‌ریكایه و سه‌ر به وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكایه له هه‌مان كاتدا ڕاپۆرتی دیكه‌ش هه‌یه له نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان، ڕاپۆرتی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی، هه‌موویان باس له گرنگیی ڕێككه‌وتنی شنگال ده‌كه‌ن كه ئه‌مه هه‌نگاوێكی باشه بۆ ئارامیی ئه‌منی و سیاسیی ناوچه‌كه، له ڕاپۆرتی كۆمسیۆنی ئازادیی ئایینه‌كان به زه‌قی باس له‌وه كراوه كه هۆكاری نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان بۆ ده‌شتی نه‌ینه‌وا و شنگال جێبه‌جێنه‌كردنی ڕێككه‌وتنه‌كان و نه‌بوونی هه‌ماهه‌نگی له نێوان هه‌ولێر و به‌غدایه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌بوونی هێزی حه‌شدی شه‌عبی كه خه‌ڵك ده‌ترسێت له گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ ناوچه‌كانیان".
گوتیشی: "بابه‌تێكی گرنگ هه‌یه پرسی ئاشته‌واییی كۆمه‌ڵایه‌تییه، خه‌ڵكێكی زۆر به‌بێ پشكنینی ئه‌منی گه‌ڕاوه‌ته‌وه ئه‌و ناوچانه، پێشووتر ئه‌و خه‌ڵكانه هه‌واداری داعش بوون و هاوسۆزییان بۆ داعش هه‌بووه و هاوكاری داعش بوون، ئێستا ئه‌مانه چوونه‌ته ناو هێزه چه‌كداره‌كان، مه‌ترسی ده‌كرێت چونكه ئه‌مانه ئێستا له‌ناو گرووپه نایاساییه‌كان پێگه و شوێنیان هه‌یه".
ڕایشی گه‌یاند: ''ئه‌و گرووپه چه‌كدارانه تا ئێستا ڕێگرن له‌وه‌ی ئیداره‌ی شه‌رعی بگه‌ڕێته‌وه و كاری خۆیان بكه‌ن بۆیه ئه‌مه سه‌لمێنه‌ری ئه‌وه‌یه كه ڕۆڵی یاسا له‌و ناوچانه نییه و واشی كردووه ئاواره‌كان نه‌گه‌ڕێنه‌وه. جیا له‌وه‌ش، بۆشاییی ئه‌منی له‌و ناوچانه هه‌یه، هه‌ماهه‌نگی له نێوان خودی حه‌شد له‌و ناوچانه نییه، به‌پێی ڕاپۆرتێكی ئه‌مه‌ریكا نزیكه‌ی یه‌ك ملیۆن سوننه له‌و ناوچانه‌ی ده‌شتی نه‌ینه‌وا و شنگال و مووسڵ ئاواره بوون، حكوومه‌تی هه‌رێم له‌و ڕوانگه‌وه ده‌یه‌وێت ڕێككه‌وتنه‌كان جێبه‌جێ بكرێن و دۆخه‌كه ئاسایی بكرێته‌وه، ئه‌وه‌ی كه من ده‌یبینم به حوكمی مامه‌ڵه نێوده‌وڵه‌تییه‌كه هێزی پێشمه‌رگه هێزی فه‌رمیی وڵاته و به‌شێكه له دامه‌زراوه ئه‌منییه‌كان عێراق و ئه‌و ناوچانه‌ی كه خاڵی ناكۆكین گرنگه به هاوبه‌شیی پێشمه‌رگه و سوپای عێراق ئیداره بكرێن و له ده‌ستووریشدا هاتووه كه ده‌بێت ئه‌و ناوچانه به هاوبه‌شی به‌ڕێوه ببرێن."
له‌باره‌ی پێشنیاری نوێی ئه‌مه‌ریكا و به‌ریتانیا و كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی له‌باره‌ی ئه‌و ڕێككه‌وتنانه‌وه دیندار زێباری، ده‌ڵێت: "كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی نه‌یتوانیوه تا ئه‌م كاته ئه‌و فشاره بخاته سه‌ر عێراق بۆ جێبه‌جێكردنی مادده‌ی ١٤٠ و جێبه‌جێكردنی ڕێككه‌وتنی شنگال، كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی ته‌نیا به ڕاوێژ و پرسی هونه‌ری و ته‌كنیكی ناتوانێت گرفته‌كان له عێراق چاره‌سه‌ر بكات، گرفته‌كانی عێراق سیاسی و ئه‌منی و یاسایین، بۆیه فشاری نێوده‌وڵه‌تی وه‌ك پێویست نییه و نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه له جێبه‌جێكردنی ئه‌و ڕێككه‌وتنانه و سه‌ركه‌وتووش نه‌بووه له‌وه‌ی فشار بخاته سه‌ر عێراق، ڕاسته ئه‌م گرفتانه ناوخۆیین، به‌ڵام ڕه‌هه‌ندی نێوده‌وڵه‌تیشی هه‌یه."
هه‌رله‌م بارەیەوه، مسته‌فا سه‌لیم مه‌حموود، بریكاری وه‌زیری ناوخۆی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر پشكی گۆڕان, بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "گرنگه هه‌ردوو ڕێككه‌وتنی شنگال و كه‌ركووك بچێته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه، چونكه به‌بێ ئه‌و ڕێككه‌وتنانه دۆخی ئه‌و ناوچانه ئارام نابێته‌وه، چالاكیی داعش له‌و ناوچانه زیادی كردووه و ده‌رفه‌ت له بۆشاییه‌كانی ناوچانه وه‌رده‌گرێت، بۆ ئه‌م پرسه‌ش ئێمه پێمان وایه به جددی ده‌بێت هاوپه‌یمانان بێنه ناو هاوكێشه‌كانه‌وه".
گوتیشی: "ده‌بێت گرفت له‌و ناوچانه نه‌هێڵدرێت، ناكرێت ئه‌وێ بكرێته مه‌ترسی بۆ سه‌ر خاكی كوردستان، بینیمان خه‌ڵكانێكی ترسنۆك به مووشه‌ك هێرشیان كرده سه‌ر كوردستان، ئه‌گه‌ر بێت و كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی بێنه سه‌رخه‌ت ئه‌مانه‌ش نامێنن و ده‌بێت پێشمه‌رگه بگەڕێته‌وه بۆ ئه‌و ناوچانه".
ڕاشی گه‌یاند: ''گرفتی ئێمه له‌گه‌ڵ به‌غدا ته‌نیا مووچه و بوودجه‌ی نییه، پرسی ئیداره‌دانی ئه‌و ناوچانه ده‌بێت به هاوبه‌شیی هه‌ردوولا ئه‌نجام بدرێت."
جیا له پێشنیاری هاوپه‌یمانان، له ئاستی كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی و له به‌یاننامه‌یه‌كدا كه كۆكراوه‌ی هه‌ڵوێستی ٢٢ ده‌وڵه‌تی جیهانه سه‌رجه‌میان پێیان وایه ده‌بێت ڕێككه‌وتنی شنگال جێبه‌جێ بكرێت. شێروان حه‌یده‌ری، وه‌زیری پێشووی دادی حكوومه‌ت و یاساناس، بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی گوتی: "بابه‌تی شنگال ده‌ستی ده‌ره‌كی تێدایه به عێراقیشه‌وه، ئه‌و ڕێككه‌وتنه كرا بۆ ئەوەی كه میلیشیاكان له‌و شاره بكرێنه ده‌ره‌وه و شنگال بگەڕێته‌وه سه‌ر سیاده‌ی عێراقی، به‌ڵام ئه‌م ڕێككه‌وتنه جێبه‌جێ نه‌كراوه، ئه‌مه‌ش گرفتێكه ده‌مێنێته‌وه و مه‌ترسییه‌كان له‌سه‌ر خه‌ڵكی شنگال ده‌مێنێته‌وه و به‌م دۆخه‌وه خەڵكی شنگال ناتوانن بگه‌ڕێنه‌وه سه‌ر ماڵ و ژیانی خۆیان، بابه‌تی شنگال ڕه‌هه‌ندی نێوده‌وڵه‌تی وه‌رگرتووه بۆیه جێبه‌جێ نه‌كراوه و كراوه‌ته مه‌یدانی سیاسیی زلهێزه‌كان".
گوتیشی: "رێككه‌وتنی شنگال به‌شێكه له ستراتیژیه‌تی ئه‌مه‌ریكا و ئه‌وه‌ی ئێستا گرووپه‌كان له شنگال ده‌یكه‌ن دژایه‌تیی ئه‌و ستراتیژیه‌ته‌یه و ئه‌و گرووپانه ڕێگا به جێبه‌جێكردنی ڕێككه‌وتن ناده‌ن و حكوومه‌تی عێراقیش زۆر مه‌به‌ستی نییه ده‌نا بۆچی له داگیركردنی كه‌ركووك توانی؟ به‌س له شنگال ناتوانێت؟ بۆیه ئه‌ركی عێراقه ئه‌وه جێبه‌جێ بكات".
ڕاشی گه‌یاند: ''ئه‌مه‌ی ئێستا ده‌بێت به كردار هه‌نگاوی بۆ بنرێت هه‌وڵه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی به‌رێز نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمە كه نامه‌ی بۆ نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان و ئه‌نجومه‌نی ئاسایش نارد و به دیاریكراوی باسی مادده‌ی ١٤٠ی كرد كه ده‌بێت كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی جددی بێت له جێبه‌جێكردنی."
ڕاپۆرتی كارزانی سه‌باح هه‌ورامی