Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
FRI, 26 APR 2024 07:31 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان؛ لە ڕەهەندەکانی مافی مرۆڤدا
| KDP.info


هەولێر-KDP.info- مافی مرۆڤ دەستەواژەیەکی کۆنە و لەگەڵ هەبوونی مرۆڤدا پەیدا بووە و لەگەڵ قۆناغەکانی ژیانی مرۆڤایەتی بەردەوام لە گۆڕانکاریدا بووە. لەبارەی چەمکی مافی مرۆڤەوە ڕا و بۆچوونی جیاواز و پێناسەی جیاواز هەن کە هەندێکیان ماف بەم شێوەی پێناسە دەکەن: "ئەو توانایی، یان دەسەڵاتەیە کە یاسا ددانی پێدا دەنێت بۆ تاک، یان بەرژەوەندییەکە یاسا دەیپارێزێت". هەروەها دادمەندی یاساییی ماف، بەم شێوەیە پێناسە بۆ مافی مرۆڤ دەکات: "هەر بنکەیەکی شەرعی کە دەستکەوتێک بگەیەنێتە خاوەنەکەی، یان کەسێکی تر". لە بڕگەی یەکەمی ماددەی ٣٤ی یاسای شارستانیی عێراقدا دەڵێت: "کەسێتیی مرۆڤ بە لەدایکبوونی دەست پێ دەکات و بە مردنی کۆتاییی دێت".

بەپێی بڕگەی (١ و ٥)ی ماددەی (٥٦)ی یاسای ژمارە (١)ی ساڵی ١٩٩٢ی هەموارکراو لەسەر داوای ئەنجومەنی وەزایرانی هەرێم، پەرلەمانی کوردستان-عێراق لە دانیشتنی ئاساییی ژمارە (١٣)ی ٢٤-٥-٢٠١٠ بڕیاری دەڕچوواندنی یاسای دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤی هەرێمی کوردستان- عێراقی دا. هەروەها یاسای ژمارە (٤)ی هەرێمی کوردستان بۆ پاراستنی پێکهاتەکان لە ساڵی ٢٠١٠ دەرچوو، ئەم یاسایە پێگەیەکی تایبەتی مافی پێکهاتەکانی لەخۆ گرت و باس لە هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانی هەرێمی کوردستان دەکات.

دەستەی مافی مرۆڤ چییە؟

دەستەیەک دادەمەزرێ بە ناوی ''دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان- عێراق''، کەسایەتیی مەعنەوی و دارایی و ئیداریی دەبێت و لە چوارچێوەی بوودجەی گشتیی هەرێمدا بوودجەیەکی تایبەتی دەبێت و بە پەرلەمانەوە پەیوەست دەبێت و لە بەردەمیدا بەرپرس دەبێت.

ئامانجی دەستەی مافی مرۆڤ

ئامانجی دەستەکە پارێزگاریکردنە لە مافی مرۆڤ و پتەوکردن و داکۆکیکردن لێی لە هەموو لایەنەکانەوە بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان، لەگەڵ بڵاوکردنەوەی ڕۆشنبیریی مافەکانی مرۆڤ.

ئەرکەکانی دەستەکە

یەکەم: ڕاو و ڕاوێژی خۆی سەبارەت بە مەسەلەکانی پەیوەست بە مافی مرۆڤ پێشکێش دەکات و ڕاسپاردە بۆ وەزارەتەکان و دەزگا پەیوەندیدارەکان لە هەرێم بەرز دەکاتەوە.

دووەم: لە ڕیگەی چەسپاندنی بەهای لێبوردەیی و ماناکانی هاوکاریی کۆمەڵایەتییەوە ڕۆشنبیریی مافی مرۆڤ و مەسەلەکانی ژنان و منداڵان بڵاو دەکاتەوە.

سێیەم: چاودێریی گونجانی یاساکانی هەرێم لەگەڵ پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤ و ئازادییە سەرەکییەکان و، پێشکێشکردنی پێشنیاز لەو بارەیەوە بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات.

چوارەم: هەڵسەنگاندنی پابەندبوونی دەسەڵاتەکانی هەرێم بە حوکمەکانی بەڵگەنامە و بەندە تایبەتەکانی مافی مرۆڤ و هەردوو پەیمانە نێودەوڵەتییە تایبەتەکانی مافەکانی مەدەنی و سیاسی و مافە ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانەوە، لەگەڵ دەرخستنی ئەو پێشێلکارییانەی کە دوور نییە بەهۆی مومارەسەی دەسەڵاتەکانی هەرێمەوە پەیدا ببن.

پێنجەم: ئامادەکردنی لێکۆڵینەوە و توێژینەوەی خولاوخول و دەرچوواندنی بڵاوکراوە و چاپەمەنی دەربارەی ڕێگاکانی باشترکردنی مافەکانی مرۆڤ لە هەرێمدا لەگەڵ بەستنی کۆڕ و کۆبوونەوەی تایبەت لەبارەی مەسەلەکانی مافی مرۆڤەوە.

شەشەم: سەردان و چاودێریکردنی بەندیخانەکان و بنکەکانی چاکسازیی کۆمەڵایەتی و دەستبەسەرکراوانی بنکەکان و، لێپێچینەوە و ئامادەکردنی ڕاپۆرتی خولاوخول دەربارەی بەندییەکان و سپیردراوان بە چاکسازیی کۆمەڵایەتی و دەستبەسەرکراوان.

حەوتەم: وەرگرتنی سکاڵا لە خەڵک و لە کۆمەڵە و ڕیکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی لەبارەی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ و دڵنیابوون لە ڕاستییان و ئاگاداریی داواکاری گشتی بۆ گرتنە بەری ڕێکاری یاسایی و، بەدواداچوون بۆ ئەنجامەکانی دەکات.

هەشتەم: هاوکاری لەگەڵ ڕیکخراوەکانی مافی مرۆڤ و ڕێکخراوەکانی دیکەی کۆمەڵگەی مەدەنی دەکات لە هەرێم و دەرەوەی هەرێمیش، هەروەها لەگەڵ کۆمەڵە هزری و ئابووری و کۆمەڵاتییەکان هاوکاری دەکات و، ئەڵقەی لێتوێژینەوەش لەگەڵ هاووڵاتییان لە هەرێمدا بە جۆرێک ڕێک دەخات کە ڕۆشنبیریی پابەندبوون بە بەندە یاساییەکان و ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان و مەسەلەکانی مافی مرۆڤەوە زامن بکەن - لەپێناوی سەروەریی یاسا و ڕێزگرتنی مافی مروڤدا.

نویەم: لەگەڵ ڕێکخراوە تایبەتمەندەکانی مەسەلەی مافی مرۆڤ و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکەدا هاوکاری و هاودەنگی دەکات بە ئامانجی نوێنەرایەتیکردنی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوە و کۆنگرەکانی تایبەت بە مافی مرۆڤ.

دەیەم:

‌‌آ- ڕاپۆرتی ساڵانە ئامادە دەکات بۆ دەرخستنی ڕووی ڕاستەقینەی واقیعی مافی مرۆڤ لە هەرێمدا و بۆ سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و سەرۆکایەتیی پەرلەمان و سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی دادوەری و لایەنە پەیوەندیدارەکانی بەرز دەکاتەوە، لەگەڵ پێشاندانی ڕاسپاردەی بە کردار بۆ پاراستن و بەهێزکردنی مافی مرۆڤ لە کوردستان.

ب- ڕاپۆرتی خولاوخول لەبارەی مافی مرۆڤ بە پەرلەمانی کوردستان دەدات و لە دەزگاکانی ڕایگەیاندندا بڵاوی دەکاتەوە.

ئەنجومەنی دەستەکە پێک دێت لە:

- سەرۆکی دەستە/ سەرۆک.

- بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی یاسایی و پاراستنی مافی مرۆڤ / بڕیاردەر.

- نوێنەری ئەنجومەنی وەزیران، پلەکەی لە پلەی تایبەت کەمتر نەبێت /  ئەندام.

- نوێنەری ئەنجومەنی دادوەری /  ئەندام.

- نوێنەری داواکاری گشتی /  ئەندام.

- دوو ئەندام لەوانەی کە کاری دادوەری، یان یاسادانان، یان یاسایییان بۆ ماوەیەک کردبێت کە لە دە ساڵ کەمتر نەبت.

هەیکەلیەتی دەستەکە:

دەستەکە لەم فەرمانگانەی خوارە پێک دێت:

- فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی.

- فەرمانگەی یاسایی و پاراستنی مافی مرۆڤ.

- فەرمانگەی پەیوەندییەکان و ڕاگەیاندن.

- ڕاوێژکاران کە ژمارەیان لە دوو زیاتر نەبێت، دەبێ شارەزا و پسپۆڕ بن لە بوارەکانی مافی مرۆڤدا.

- دەستەی ئەنجومەنی کارگێڕی کە لە سەرۆک و بەڕێوەبەری فەرمانگەی دەستە و ڕاوێژکاران پێک دێت.

پێکهاتەکانی کوردستان لە ڕەهەندەکانی مافی مرۆڤدا

پاراستنی مافی پێکهاتە ئایینی و نەتەوەیییەکان یەکێکە لە فاکتەرە هەرە گرنگەکانی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ کە کاری لەسەر دەکات. لەو بارەیەشەوە، زیا پترس، سەرۆکی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤی هەرێمی کوردستان دەڵێت: "هەروەک لە یاسای دەستەکەشدا هاتووە، دەبێ بە یاسا کار بکەین بۆ ئەوەی مافی پێکهاتەکان لەم دەستتەیەدا پاڕیزراو بێت، ئێمە لە دەستە هیچ جیاکارییەک ناکەین لە نێوان هیچ هاووڵاتییەک لەسەر ئایین، نەتەوە و ڕەگەز، بەڵام لە هەموو دنیادا دوو جیاکاریی ئیجابی هەن؛ ئەویش مافی پێکهاتەکان و مافی ئافرەتان. بۆ مافی پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان ڕۆڵێکی بەرزمان هەبووە کەوا زیاتر پارێزراو بن و هیچ کێشەیەکی ئەوتۆیان نییە، ڕۆڵیشمان هەبووە بۆ ئەوەی یاسای ژمارە(٥) ساڵی ٢٠١٥ دەربچێت کە لە پەرلەمانی کوردستان دەرچووە و یاسایەکی تایبەتە بە پێکهاتەکان و تەنها لە هەرێمی کوردستان ئەم یاسایە هەیە، ئێستا لە عێراق کە دەستووریشی هەیە و بەپێی ماددەی ١٢٥ باسی مافی پێکهاتەکان دەکات، بەڵام تا ئێستا هیچ یاسایەکیان بۆ دەرنەکراوە. ئەم یاسایەی کە لە پەرلەمانی کوردستان دەرکراوە، یاسایەکی زۆر باشە بۆ ئەوەی پێکهاتەکان هەست بە ئارامی بکەن و بتوانن داوای مافی خۆیان بکەن، بەڵام لە سروشتی خۆیدا وایە کە یاسایەک بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە هەندیک خاڵ و بڕگە و ماددەی وەک خۆی جێبەجێ نابن، ئەم یاسایە پێویستی بە هەموارکردنەوە هەیە."

ناوبراو بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''بۆیە دەستە بە بەردەوامی ئاگاداری پێهکاتەکان و ڕەوشی پێکهاتەکانە، بەتایبەتی لەسەر پرسی ئایینی، چونکە کێشەی نەتەوەییمان نییە، هەندێک جار لەلایەن هەندێک مامۆستای ئایینییەوە لە بۆنە ئایینییەکان و جەژنەکاندا پەیامی توندڕەوی هەیە، بەڵام بەگشتی باشە. گوتاری ڕق و کینە هەندێک جار بەرامبەر بە پێکهاتەکان بەکار دەهێنرێت، ئەویش بە ژمارەی پەنجەکانی دەستن و زۆر کەمن. ئەمەش کاریگەریی نەکردووە لە نێوان پێکهاتەکاندا کەوا مافیان بخورێت، کاریگەریی نەکردووەتە سەر هاونیشتمانیبوونیان لە هەرێمی کوردستان. لای ئێمە ڕۆڵی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و لایەنە سیاسییەکان گرنگە و بەتایبەت کە پارتی دەسەڵاتدار پشتیوانی تەواوی پێکهاتەکانە. ڕاستە هەندێک کێشە هەیە، بەڵام هەوڵی چارەسەرکردنیان بەردەوامە، دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ دەستەیەکی گرنگ و هەستیاری وەڵاتە، چونکە ئەرکی ئێمە نووسینی ڕاپۆرت و بەدواداچوون و چاودێریکردنە و لەگەڵ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی پەیوەندییەکی بەهێزمان هەیە، هەروەها پەیوەندیمان لەگەڵ ڕیکخراوەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕیکخراوە حکوومی و ناحکوومی و جیهانییەکان هەیە. کە سەرۆکی ئەم دەستەیە لە یەکێک لە پێکهاتەکان دادەنرێت ئەمە نیشانەی ئەوەیە حکوومەت و لایە سیاسییەکان متمانەی بەهێزیان بە پێکهاتەکان هەیە و ئەم دەستەیەیان ڕادەستی پێکهاتەکان کردووە."

گوتیشی: ''کاتێک کەسێك لە پێکهاتەکان ئەم دەستەیە بەڕێوە ببات و کارەکانی خۆی بکات و بەپێی ئەو پەیوەندییە بەهێزەی لەگەڵ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی هەیەتی، ئەم دەستەیە شتەکان بە دنیا بگەیەنێت، کۆمەڵگای نێودەوڵەتییش حیسابێکی تر بۆ ئەم دەستەیە دەکات، چونکە پرسی مافەکانی مرۆڤ لە سیکتەرە هەرە گرنگەکانە بەلای کۆمەڵگای نێودەڵەتییەوە و، حکوومەت و سیاسەتی حکوومەتەکان بەوە پێوەر دەکەن. دەربارەی ڕۆڵی ئافرەت و دیموکراسی و ئازادیی ڕادەبرین و ڕۆڵی پێکهاتەکان و پاراستنی مافەکانیان ئەگەر شتی جوان بکرێت و لە دنیادا باسی بکەین، ئەوا شتی باشە و دەکرێت پێشانی دنیای بدەین، سومعەی ئایندەی هەرێمی کوردستان بەرزتر دەبێت و زیاتر بایەخ بە هەرێمی کوردستان دەدرێت. کاتێک یاسای پاراستنی مافی پێکهاتەکان لە پەرلەمانی کوردستان دەرچوێندرا، ئەو یاسایەمان وەڕگێڕایە سەر زمانی ئینگلیزی و لە برۆکسڵ لە پەرلەمانی ئەورووپا پێشانی نوێنەرەکانیانمان دا، پەرلەمانتارانی ئەورووپا سەریان سڕمابوو بەو یاسایە کە لە هەرێمی کوردستان و لە شوێنێکی پڕئاڵۆزدا هەیە، دەمانەوێت ئەو شتە جوانانە پێشانی دنیا بدەین لەبارەی پێکهاتەکان و ڕیگە نەدەین هیچ کەس بازارێکی خراپ بەم کارانەوە بکات و کاریگەریی لەسەر مافی پێکهاتەکان بکات و دەبێت مافی پێکهاتەکان لە کوردستاندا پاراستوو بێت. لە یاسای دامەزراندنی دەستەدا ئەرکەکانی دەستنیشان کردووە بۆ پاراستنی مافە مەدەنییەکانی هەموو هاووڵاتییان و مافی پێکهاتەکانیش وەک بەشێک لە هاووڵاتییان. ئەم دەستەیە لەلایەن پەرلەمانەوە بە یاسایی دامەزاراوە و لە پەرلەمان لە ڕێگای پاڵاوتنەوە دەنگی لەسەر دراوە.''

سەرۆکی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ کە لە پێکهاتەی مەسیحییە دەڵێت: "لە دوای ٢٠١٤ دامەزراندن ڕاوەستاوە، هەندیک کەموکووڕی لە دەستەکەدا هەیە، وەک ئەوەی ژمارەی پێکهاتەکان لەم دەستەیەدا کەمە و لە ڕۆژی یەکەمی وەرگرتنی سەرۆکایەتیی دەستەکەوە هەوڵم داوە پێکهاتەکان لەم دەستەیەدا هەبن، بەڵام جێگای داخە، کەمن."

دەربارەی میکانیزمی پاراستنی پێکهاتەکان لە دەستەکەدا زیا پترس گوتی: ''لە هەرشوێنێک مافەکانی پێکهاتەکان پێشێل بکرێت، یان سووکایەتیی پێ بکرێت، یان هەڕەشەی لێ بکرێت، ئێمە دەستبەجێ دێینە سەر هێڵ و ڕیگە نادەین و سکاڵای لەسەر تۆمار دەکەین و دەیدەینە داداگا، بەڵام بەداخەوە بڕیاری وا توند وەرناگرن بۆ ئەوەی سزای توندیان بدرێت، هەندێک پێکهاتەکان سکاڵا تۆمار دەکەن و ئێمەش بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە لەسەر ئەو پرسە دەکەین و دواتر دەیدەینە داواکاری گشتی بۆ جووڵاندنی سکاڵاکەیان."

بە پراکتیک؛ ڕۆڵی دەستە لە پاراستنی پێکهاتەکاندا

دەستە نەک تەنیا هەر بە چاودێریکردن، بگرە خۆی بەدواداچوون و کاری بۆ پێکهاتەکان کردووە. لەو بارەیەشەوە زیا پترس ئاماژەی دا: "ئێستا خۆم سەرپەرستی مەلەف و لیژنەم بەپێی فەرمانی ئەنجومەنی وەزیران لەسەر ئەو زیادەڕۆییانەی لە گوندەکانی مەسیحی لە ناوچەکانی ئاکرێ و ئامێدی و زاخۆ دەکرێت و لەگەڵ چەندین وەزارەتی تر لەسەر هێڵین، هەروەها بۆ پێکهاتەی ئێزدیش داوای زیاکردنی کورسیی کۆتامان کرد و نووسراوێکی فەرمییشمان ئاراستەی پەرلەمان کرد کەوا پێویستە ٣ کورسیی پەرلەمانی بدرێتە ئێزدییان و لەسەر ئەو هەوڵەش بەردەوام دەبین بۆ دانی ئەو مافە بە ئێزدییەکان. ئێستا پەرلەمانی کوردستان لە هەوڵی دانانی لیژنەیەکی نووسینەوەی دەستووری هەرێمدایە، خۆم وەک دەستە پشتگیری دەکەم لە هەموو پێکهاتەکان، چ پشکدار بم، یاخود وەک چاودێریش، دەمانەوێت مافەکانی پێکهاتەکان لە دەستووریشدا پاڕیزراو بێت."

پێکهاتەکانی کوردستان نموونەیەک لە دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤدا

زێرەڤان ئەمین، مامۆستای زانکۆ و پسپۆڕی بواری ئاشتی و مافەکانی مرۆڤ لە زانکۆی دهۆک پێی وایە: "ڕۆڵی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان لە پاراستنی مافەکانی پێکهاتەکاندا لە چەند ڕووەوە دیار دەبێت، لەوانەش بوودجەکەیان بوودجەیەکی سەربەخۆی نێو بوودجەی گشتیی هەرێمی کوردستانە. ئەم دەستەیە یەکسەر سەر بە پەرلەمانی کوردستانە و لە بەرانبەر پەرلەمان بەرپرسیارە، نەک بەرانبەر هیچ لایەنێکی دیکە. کاتێک کەسێکی کرستیان لە پێکهاتەی کرستیان دەبێتە سەرۆکی ئەم دەستەیە و ئەم دەستەیە بەڕێوە دەبات و ڕاستەڕێی دەکات و کار دەکات بۆ چاودێریی بەردەستبوونی مافی هەموو تاکەکانی کوردستان و هەموو پێکهاتە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی کوردستان و لەسەر هەموو تەوەرێک کار دەکات بۆ ئەوەی هەموو کەسێك بە مافەکانی شاد بێت، کاتێک کەسێک لە پێکهاتەیەکەوە ئەم دەستەیە بەڕێوە ببات، ئەوکات ئەو کەسە هەست بە هەموو مافەکانی پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستاندا دەکات."

ئەو، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوتیشی: "ئەم چەندەیە دیار دەبێت کە پێشنیاری ئەم دەستەیە لە بەندی (٨)ی یاسای هەڵبژاردنی ژمارە (١)ی ساڵی ١٩٩٢ی هەموارکراو جارێکی تر هەموار بکرێتەوە و سێ کورسیی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بۆ ئێزدییەکان زیاد بکرێت و، لەسەر یاسای پاراستنی مافی پێکهاتەکان ژمارە (٥) ساڵی ٢٠١٥ ئەم پێشنیازە پێشکێشی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان کراوە و ئەم ڕەفتار لەگەڵ ئێزدییەکان وەک کرستیانەکان و تورکمانەکانیش بکرێت."

ئەو ئاماژەیشی دا: "لە کاریشدا بەندی (٣)ی یاسای ئەم دەستەیە ژمارەی (٤)ی ساڵی ٢٠١٠ چاودێریکردنی یەکسانی یاساکان لە هەرێمی کوردستان لەگەڵ پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤ و ئازادییە بنەڕەتییەکان و پێشکێشکردنی پێشنیارەکان بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان، دیسان لە بەندی (٤)یش لە هەڵسەنگاندنی پێگیرکردنی دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان بە بەند و بڕگەکان تایبەت بە مافی مرۆڤەوە، دیاریکردنی ئەو پێشێلکارییانەی لە کردارەکانی دەسەڵاتی هەرێمدا پەیدا دەبن."

ئەم مامۆستایەی زانکۆ ئەم دەستەیە بە چەند خاڵێکی گرنگەوە دەبینێت، ئەوانیش بریتین لە:

یەکەم: لە ڕووی کارگێڕییەوە، ئەم دەستەیە سەربەخۆیە و سەر بە پەرلەمانی کوردستانە.

دووەم: لە ڕووی داراییشەوە سەربەخۆیە؛ بوودجەکەی لەنێو بوودجەی گشتیی هەرێمی کوردستاندایە.

سێیەم: کەسێك لە پێکهاتەکان ئەم دەستەیە بەڕێوە دەبات.

چوارەم: لە دەسەڵاتەکانی ئەم دەستەیە؛ چاودێریکردنی کار و چالاکییەکانی حکوومەت و دەسەڵاتی دادوەرییە.

پێنجەم: دەتوانێت پێشنیازەکان بە پەرلەمانی کوردستان بدات دەربارەی هەموو بڕیارێک ئەگەر نەگونجێت لەگەڵ پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤ.

ناوبراو ئاماژەیشی دا: "ئەم دەستەیە کار دەکات بۆ نە‌هێشتنی هەر پێشێلکارییەک لە مافەکانی مرۆڤ بەبێ جیاوازی و لە هەرێـمیش ئەمە یەکێکە لە پێگیرییەکانی مافی مرۆڤ و ئەم چەندەش لە بەندی سێییەم و چوارەمی یاسای ئەم دەستەیەدا دیاری کراوە، هەروەها کار و چالاکییەکانی پاڵپشتییە لە مافەکانی هەموو تاکێک، یان پێکهاتەیەک کە هەستی بەوە کردبێت مافەکانی پێشێل کرابێت بەبێ جیاوازی."

سلێمان موحسین سندی، بەڕێوبەری گشتیی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤیش بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''دەستەی مافی مرۆڤ پشتیوانیی تەواوی پێکهاتەکان دەکات و لەسەر بنەمای مافی مرۆڤ و ئازادیی تاکەکان کار دەکات، دەستەکە بێجگە لە دیوان، ١٠ نووسینگەی لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان هەیە."

ئاماژەیشی دا: "ئەم دەستەیە درێژکراوی وەزارەتی مافی مرۆڤە و جەخت لە بنەمای مرۆڤبوون دەکات و پشتگیریی تەواوی مافەکانی تاک و پێکهاتەکان دەکات و جیاوازیی نێوان مرۆڤ تەماشا ناکات."

 

ئامادەکردنی دۆسییە؛ کاروان باعەدری

بابەتی پەیوەندیدار

- ''پێکهاتەکان لەنێو کایەی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستاندا''

https://www.kdp.info/a/d.aspx?s=040000&l=13&a=126190

- پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان لە ھەرێمی کوردستان دا

https://www.kdp.info/a/d.aspx?s=040000&l=13&a=125945

 

 




دوایین هەواڵەکان

چلەی ماتەمینی تێکۆشەر و خەباتگێڕ دکتۆر جەرجیس حەسەن بەڕێوەچوو

FRIDAY, 26 APRIL 2024 01:04:37

ھەولێر-KDP.info- ڕۆژی پێنجشەممە لە شاری هەولێر بە ئامادەبوونی نوێنەری سەرۆک بارزانی چلەی ماتەمینی تێکۆشەر و خەباتگێڕ (دکتۆر جەرجیس حەسەن) بەڕێوەچوو.

 

فازڵ میرانی: پارتی به‌ سه‌رۆكایه‌تیی سه‌رۆك بارزانی دوو ئه‌ركی له‌ ئه‌ستۆدایه‌

THURSDAY, 25 APRIL 2024 21:04:43

ھەولێر-KDP.info- به‌رپرسی ده‌سته‌ی كارگێڕیی مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، پارتی به‌ سه‌رۆكایه‌تیی سه‌رۆك بارزانی له‌م هه‌لومه‌رجەدا دوو ئه‌ركی له‌ ئه‌ستۆدایه‌، ده‌شڵێت، ده‌بێت ئه‌مڕۆ بپارێزن بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رفرازییه‌كانی دوێنێ به‌رده‌وام بن.

 
شێروان دوبەردانی" ھەندێ لایەن لە نەینەوا دەیانەوێ زێدەڕۆیی بکەنە سەر مافەکانی کورد و پارتی"

THURSDAY, 25 APRIL 2024 20:04:44

نەینەوا -KDP.info- پەرلەمانتارێکی پارتی دەڵێت، ھەندێ لایەن لە نەینەوا دەیانەوێ  دەستوەردان لە پۆستە کارگێڕییەکانی نەیەنەوا بکەن و گۆڕانکاری لەو پۆستانە بکەن کە پشکی پارتی و کوردن..دەشڵێت، ئێمە بەرەنگاریان دەبینەوە.

 
مەکتەبی سیاسی پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەی (سەید مەحموود تاوەگۆزی) دەکات

THURSDAY, 25 APRIL 2024 19:04:31

ھەولێر-KDP.info- مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەی خوالێخۆشبوو (سەید مەحموود سەید حسێن تاوەگۆزی) دەکات.

 
بەڕێوەبەری کوشتارگەی هەولێر"بڕیاری سەرۆکی حکوومەت کاریگەری لەسەر نرخی گۆشت دەبێت

THURSDAY, 25 APRIL 2024 17:04:26

ھەولێر-KDP.info-  بەڕێوەبەری کوشتارگەی هەولێر دەڵێت، نرخی گۆشت لە بازاڕەکانی هەرێم دادەبەزێت..دەشڵێت، بڕیاری سەرۆکی حکوومەت کاریگەری لەسەر نرخی گۆشت دەبێت.

 


 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact