كەركووك-KDP.info- بەرپرسی میحوەری كەركووك - پردێی ھێزی پێشمەرگەی كوردستان رایگەیاند، داعش بووەتە مەترسییەكی گەورە بۆ سەر كەركووك و لە ھەموو ناوچەكان بوونیان ھەیە، ھۆكارەكەشی ئەوەیە، ململانێی سیاسی لە ناوچەكەدا ھەیە و ھێزە عێراقییەكانیش توانای پاراستنی ناوچەكەیان نییە.
نووری حەمەعەلی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی ، داعش لە ھەموو ناوچەكانی سنووری كەركووك بڵاو بووەتەوە و لە ناوچەكانی ریاز و رەشاد و حەویجە و ناوچەكانی دیكە بوونیان ھەیە و كردەوەی زۆری تیرۆریستی ئەنجام دەدەن، بۆیە پێویستە ئامادەكاری بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش بكرێت و ناكرێت داعش رێگەی پێ بدرێت بەو جۆرە بەھێز بێت، چونكە داعش لە ھەموو سنووری كەركووك بەھێز بووە".
بەرپرسی میحوەری كەركووك - پردێی ھێزی پێشمەرگە گوتیشی، داعش رێكخراوێكی تیرۆریستی و توندڕۆیە و ھەمیشە مەترسییە لە ھەر شوێنێك بوونی ھەبێت، چونكە رێكخراوێكی تیرۆریستیی جیھانییە و لە ھەموو دنیادا تیرۆریستان كردەوە ئەنجام دەدەن، بۆیە پێویستە رووبەڕوویان ببیتەوە.
حەمەعەلی باسی لەوەش كرد، بۆ ئەوەی بتواندرێت رێگری لەو كارە تیرۆریستیانە بكرێت و رێگە بە داعش نەدرێت زیاتر بەھێز بێت، پێویستە ئەو ململانێ سیاسییەی لە ناوچەكەدا ھەیە، نەمیِنێت و دژ بە یەكتری بەكار نەھێندرێت، چونكە ئەو ھێزانەی لەوێشن، ناتوانن ناوچەكە بپارێزن.
ماوەیەكە زانیاریی ھەواڵگری بڵاو بووەتەوە، كە داعش بەنیازە ھێرش بكاتە سەر كەركووك و شەوی ڕابردووش لە كەركووك ھێزە ئەمنییەكان چوار بۆمبی چێندراویان پووچەڵ كردووەتەوە، ھەرێم و بەغداش ماوەیەكی زۆرە رێككەوتنیان كردووە بۆ ئەوەی ھێزی ھاوبەش دروست بكەن، بەڵام حكوومەتی عێراق پابەندی رێككەوتنەكە نابێت.
بڵند ئیبراھیم