ھەولێر-KDP.info- گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، گرێبەست بۆ دروستکردنی سێ پڕۆژەی خانووی شووشەیی ئەنجام دراوە و لە هەولێر و دهۆک و سلێمانی دەست بە دروستکردنیان دەکرێت، کە ئەگەر تەواو بکرێن، پێویستمان بە بەرھەمی دەرەوە نابێت و پێداویستیی ناوخۆ دابین دەکات.
حوسێن حەمەکەریم، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "لە ھەرێمی کوردستان سێ پڕۆژەی خانووی شووشەیی جێبەجێ دەکرێن، کە وڵاتی ھۆڵەندا پڕۆژەکان لە رێگەی کۆمپانیایەکی ئوردنی ئەنجام دەدات و گرێبەستی پڕۆژەکانیش کراوە و کارمەندانی ئێمەش لە ئوردن خولێکی راھێنانیان ئەنجامداوە".
گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ ڕوونیشی کردەوە: "پڕۆژەکان لە ھەولێر و دھۆک و سلێمانی ئەنجام دەدرێن و ھەر پڕۆژەیەکیش لەسەر رووبەری ٥ھەزار دۆنم زەوی کەمتر نیە و ھەموو جۆرە پێداویستییەکی تێدایە، کە بە ئامێری پێشکەوتوو ئەنجام دەدرێت و ھەمووی ئۆتۆماتیکە".
کوتیشی: "بە دروستکردنی ئەو سێ پڕۆژەیە، پێداویستیی ناوخۆ لە بەرھەم پڕ دەکرێتەوە و پێویستمان بە بەرھەمی دەرەکی نابێت، چونکە پڕۆژەی زۆر گرنگن بۆ ھەرێمی کوردستان".
بڵند ئیبراھیم