ھەولێر -KDP.info- بەڕێوەبەری ئامار لە خانەنشینیی ھەرێمی کوردستان گوتی، چاکسازیی خانەنشینیی پلەباڵاکان بەردەوامە و ئێستا گەیشتوونەتە چاکسازیی لیستی ناوی ڕاوێژکاران و ھەرچینێک تەواو دەکەن بۆ ئەنجومەنی وەزیرانی بەرز دەکەنەوە و ئەوان بڕیاری لێ دەدەن.
بەڕێوەبەری ئامار لە خانەنشینیی ھەرێمی کوردستان، سەباح موخلیس، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''چاکسازیی خانەنشینیی پلەباڵاکان بەردەوامە و ئێستا بەڕێوەبەرە گشتییەکان تەواو بوونە کە نزیکەی ٧٥٠ کەس بوون و ناوەکان بۆ ئەنجومەنی وەزیران بەرز دەکەینەوە و بۆیان ڕوون دەکەینەوە چەندیان نایاسایین و ئەوان بڕیاریان لێ دەدەن."
سەباح موخلیس گوتیشی: "دەست بە چاکسازیی خانەنشینیی ڕاوێژکاران دەکەین، چونکە تا ئێستا سێ چینمان تەواو کردووە، ئەویش دادوەران و بەڕێوەبەرانی گشتی و شارەزاکانن و ئێستاش لە قۆناغی چاکسازیی ڕاوێژکارانداین."
موخلیس باسی لەوەش کرد: "دوای ئەوە دەست بە چاکسازیی ناوی بریکاری وەزیر و وەزیرەکان و ئەندامانی پەرلەمان و جێگری سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی پەرلەمان و هەموو پلەباڵاکان دەکەین."
گوتیشی: "ئەوەی بەرێوەبەرە گشتییەکان کاتی خۆی ٨٠% مووچەیان وەردەگرت، ئێستا دوای ھەموارکردنەوە ٦٠%ی مووچەیان پێ دەدرێت."
باسی لەوەش کرد: "چاکسازیی لیستی ناوی پلەباڵاکان بەردەوام دەبێت تا چاکسازی بۆ هەموویان دەکرێت."
بڵند ئیبراھیم