هەولێر-KDP.info- نوێنه‌ری حكوومه‌تی هه‌رێم له واشنتۆن باس له گرنگیی په‌یوه‌ندیی نێوان كوردستان و ئه‌مه‌ریكا ده‌كات و ئاماژه به‌وه ده‌كات ئه‌مه‌ریكا گرنگیی به ئارامی و پێكه‌وەژیان له كوردستان و عێراقیش ده‌دات. هەروەها دەڵێت، کۆشکی سپی و وەزارەتی دەرەوە هەردووکیان بە توندی ئیدانەی هێرشەکانی ئەم دواییە بۆ سەر هەولێریان کرد و لە کۆبوونەوەیەك لەگەڵ نوێنەر، بەرپرسێک لە وەزارەتی بەرگری نیگەرانیی خۆی لە هێرشەکان دەربڕی و پشتگیریی خۆی لە هەرێمی کوردستان دەربڕی.
شەوی ١٥ی ئەم مانگە ژمارەیەک مووشەک ئاراستەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر کران. گرووپێک بەناوی ''سەرایا ئەولیا ئەلدەم'' کە پێشتر ناوی لەو جۆرە کردانە لە عێراقدا نەبیستراوە، ئەنجامدانی هێرشەکەی لە ئەستۆی خۆی گرت. هه‌ولێر وه‌ك ناوه‌ندێكی گرنگی ستراتیژی و سیاسی له ناوچه‌كه جارێكی دیكه ڕووبه‌ڕووی په‌لاماری تیرۆریستی بووه‌وه، وڵاتانی جیهان كاردانه‌وه‌یان لەوبارەیە‌وه هه‌بووه، له پێش هه‌موویانه‌وه ولایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا. ئه‌م هێرشانه‌ی سه‌ر هه‌ولێر له كاتێكدا كه له به‌غداوه فشار ده‌كرێت بۆ ئه‌وه‌ی كوردستان بێبه‌ش بكرێت له بودجه و هه‌وڵی زۆر ده‌درێت بۆ ئابڵۆقه‌دانی دیپلۆماسی و سیاسی و ئه‌منیی كوردستان، له كاتێكدا به‌پێی توێژینه‌وه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان هه‌ولێر نه‌ك نه‌بووه‌ته جێگای مه‌ترسی بۆ سه‌ر جیهان به‌ڵكو وه‌ك پارێزه‌ری مانه‌وه‌ی دیموكراتی له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ڕۆڵی سه‌ره‌كیی هه‌یه، ناوه‌نده دیپلۆماسی و سیاسی و ئابوورییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له دوای ده‌ستبه‌كاربوونی كابینه‌ی نۆیه‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به سه‌رۆكایه‌تیی مه‌سروور بارزانی, گرنگییه‌كی زۆر به بواری وه‌به‌رهێنان و ئابووری له كوردستان ده‌ده‌ن، به‌تایبه‌ت دوای ''كۆنفرانسی وزه'' كه جێگری وه‌زیری وزه‌ی ئه‌مه‌ریكا له ڕێگای كۆنفرانسێكی ڤیدیۆییه‌وه له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی حكوومه‌تی كوردستان به‌شدارییان كرد و جه‌ختی له‌وه كرده‌وه كه ئه‌وان گرنگی به گازی سرووشتی كوردستان ده‌ده‌ن, ڕه‌نگ بێت به‌شێك له هێرشه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی سه‌رشاری هه‌ولێر ئامانجدار بێت به‌وه‌ی ڕێگا نه‌درێت ئابووریی ئه‌مه‌ریكا له كوردستان گه‌شه بكات و به‌شێكی دیكه‌شی په‌یوه‌ندیی به هاتنی پاپای ڤاتیكان و ئه‌و مانۆره دیپلۆماسییه‌وه هه‌بێت كه بڕیاره له چه‌ند ڕۆژی داهاتوو له هه‌ولێر ده‌ست پێ بكات، بۆیه هه‌رزوو گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، نێد پرایس، باسی لەوە کرد کە دیدارەکانیان لەگەڵ بەرپرسانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامە و لەگەڵ بەرپرسانی عێراقیش لە نزیکەوە کار دەکەن بۆ ئاشکراکردنی بەرپرسیاران و، گوتیشی: ''بە دڵنیاییەوە پلانی وەڵامدانەوەکەمان ناخەینە ڕوو، بەڵام گونجاوە بڵێم کە ئەوە دەرەنجامی دەبێت بۆ ئەو گرووپەی بەرپرسە لەوە''. گوتەبێژی کۆشکی سپیی ئەمەریکاش، جین ساکی ڕایگەیاندبوو کە حکوومەتی ئەمەریکا مافی خۆیەتی لە کاتی گونجاو و بە شێوەیەکی گونجاو، وەڵامی هێرشەکە بداتەوە.
ئێستا ئه‌وه‌ی گرنگه كه باسی لێوه ده‌كرێت، پرسی كه‌مكردنه‌وه‌ی سه‌ربازانی ئه‌مه‌ریكایه له عێراق و كوردستان دوای هێرشه‌كانی سه‌ر هه‌ولێر و هه‌ڕه‌شه‌كانی داعش له ناوچه جێناكۆكه‌كان، ئایا كاتی ئه‌وه هاتووه پێداچوونه‌وه به‌و بڕیارانه بكرێت؟ به‌یان سامی عه‌بدولڕه‌حمان، نوێنه‌ری حكوومه‌تی هه‌رێم له واشنتۆن له چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌مه‌ریكا پێداچوونه‌وه ده‌كات به ژماره‌ی سه‌ربازه‌كانی له عێراق و ئه‌فغانستان و سووریا و چەند مانگێکی ده‌وێت تا بڕیار ده‌ده‌ن، ئێمه پێمان وایه كه ڕه‌نگه ئەمەریکا به پێویستی بزانن هێزه‌كانیان بمێننه‌وه، ئه‌وان ئێستا سه‌رقاڵن به ئیداره‌ی نوێوه."
په‌یوه‌ست به پرسی په‌یوه‌ندیی ئه‌مه‌ریكا و كوردستانه‌وه، ویلیا‌م ڕوباك, ڕاوێژكاری سیاسیی باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا له سووریا دوو هه‌فته پێش ئێستا ڕایگه‌یاند كه ڕه‌وشی كوردستان جیاوازه له‌گه‌ڵ باكووری ڕۆژهه‌ڵاتی سووریا، بۆیه جۆری په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ كوردستان جیاوازه و كاری ئه‌مه‌ریكا له باكووری ڕۆژهه‌ڵاتی سووریا ته‌نیا شه‌ڕی داعشه، به‌ڵام لە هه‌رێمی كوردستان دیفاكتۆیه. به‌یان سامی عه‌بدولڕه‌حمان لەوبارەیە‌وه ده‌ڵێت: "هه‌رێمی كوردستان له‌ناو ده‌ستووری عێراقدا پێگه‌یه‌كی تایبه‌تی هه‌یه، ده‌توانین بڵێین كه له‌ناو كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی ده‌ورمان هه‌یه، دۆستمان هه‌یه و هه‌رێمی كوردستان له ساڵی 1991ه‌وه په‌یوه‌ندیی هه‌یه به جیهانی ده‌ره‌وه و ئەمە دیفاكتۆی دروست كردووه. هەروەها، ده‌وری پێشمه‌رگه له شەڕی دژی داعش و ئەوەی کە خه‌ڵكی كوردستان به گه‌رمی پێشوازییان كردووە له ئاوارە و په‌نابه‌ران، ئه‌مانه ڕێزی كوردستانی زیاتر كردووه".
پێشتر ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، زانیاریی له‌سه‌ر جووڵه‌ی كۆمپانیا ئه‌مه‌ریكییه‌كان بڵاو كرده‌وه كه ده‌یانه‌وێت وه‌به‌رهێنان له كوردستان بكه‌ن، به‌شێكیان سیڤیی خۆیان و داتاكانیان ناردووه و، ده‌سته‌ی وەبه‌رهێنانی كوردستان له قۆناغی داهاتوو ده‌یه‌وێت قه‌باره‌ی وه‌به‌رهێنانی ئه‌مه‌ریكا له كوردستان زیاتر بكات، هه‌رچه‌نده ئه‌م هه‌وڵه كاتێك درا كه ئه‌مه‌ریكا نزیك بوو له هه‌ڵبژاردن بۆیه كاریگه‌ریی هه‌بوو له‌سه‌ر خاوبوونه‌وه‌ی پرۆسه‌كه، به‌یان سامی گوتیشی: "ئیدارەی ترامپ زۆر پشتیوانیی ئه‌وه‌ی ده‌كرد كه کۆمپانیاکان و کەرتی تایبەتی ئه‌مه‌ریكی و كوردستان پێكه‌وه كار بكه‌ن و بانکەکانی ئه‌مه‌ریكا پشتیوانیی وه‌به‌رهێنان بكه‌ن له كوردستان. ئێمه چاوه‌ڕوان ده‌كه‌ین تا تیمی نوێی جۆ بایدن ده‌ستبه‌كار ده‌بێت تا له‌گه‌ڵ ئه‌وانیش قسه بكه‌ین، لەگەڵ وه‌زاره‌تی وزه قسە بکەین، بزانین سیاسه‌تی ئه‌وان چییه، ئێمه پێمان خۆشه ئه‌وانیش به‌رده‌وام بن له‌سەر ئه‌و سیاسه‌ته. وزه‌ی كوردستان، گاز و نه‌وتی كوردستان وا ببینن كه كێشه‌ی وزه‌ی عێراق و ناوچه‌كه‌ش چاره‌سه‌ر ده‌كات و گرنگه ئێمه به‌شێكین له چاره‌سه‌ر، نه‌ك گرفت. له‌و كۆنفرانسه دوو ڕۆژەدا کە ئێمه لە تشرینی دووەم له‌گه‌ڵ ژووری بازرگانیی ئه‌مه‌ریكی به‌ڕێوه‌مان برد، سه‌ره‌تا جەنابی كاك مەسروور بارزانی، سەرۆكی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و جێگری وه‌زیری وزه‌ی ئه‌مه‌ریكا وتاری سه‌ره‌كییان هه‌بوو".
به‌پێی زانیاریی ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، توێژینه‌وه‌یه‌ك له‌باره‌ی گازی سرووشتیی كوردستان له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه ئه‌نجام دراوه و بڕیاره له‌گه‌ڵ ته‌واوبوونی بدرێته وه‌زاره‌تی وزه‌ی ئه‌مه‌ریكا دواتر له‌وێشه‌وه بۆ به‌رده‌م جۆ بایدن تا واژۆی بكات. نوێنه‌ری حكوومه‌تی هه‌رێم له واشنتۆن ده‌ڵێت: "ئەمریکییەکان خۆیان ده‌ستپێشخه‌رییان كرد له‌سه‌ر گازی سرووشتیی كوردستان بە دەستپێکردنی توێژینه‌وه‌یه‌ك، توێژینه‌وەکە تا ئێستا ته‌واو نه‌بووه، كه ته‌واو بوو ده‌چێته وه‌زاره‌تی وزە، كه ئێستا له ده‌ستی سه‌رۆكی نوێ جۆ بایدنه، و ئەمان ته‌ماشای توێژنه‌وه‌كه و ئەنجامەکان ده‌كه‌ن و دواجار بڕیاری له‌سه‌ر ده‌ده‌ن. گه‌شبینم كه په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ ئیداره‌ی بایدن، باش ده‌بێت. شایانی باسە، ئه‌و توێژنه‌وه‌یه تیمی وزەی ئەمەریکی خۆیان ئەنجامیان داوە و لایەنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان تەنها زانیاری و ئاسانکاریی پێشکەش تیمەکە کردووە".
دوای كۆتاییی ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردنی ئه‌مه‌ریكا و سەرکەوتنی جۆ بایدن به‌سه‌ر ڕكابه‌ره‌كه‌ی دۆناڵد ترامپدا، بایدن وتارێكی پێشكه‌ش كرد به‌شێكی تایبه‌ت بوو به گرفته‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، به‌ڵام كه‌مترین قسه‌ی له‌بارەیە‌وه كرد، بۆچوونێك هه‌یه كه ئێستا بۆ ئه‌مه‌ریكا گرفتی گه‌وره‌تر له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست هه‌یه، بۆیه ڕه‌نگه ئه‌مه‌ریكا ئه‌وله‌ویه‌تی سه‌ره‌كیی ئه‌م ناوچه نه‌بێت، به‌یان سامی، ده‌شڵێت: "ده‌بێت واقعبین بین، ئه‌وله‌ویه‌تی ئه‌مه‌ریكا یه‌كه‌م، په‌یوه‌ندیی خۆیانه له‌گه‌ڵ چین، دووه‌م، گۆڕانكاریی كه‌شوهه‌وا، سێیه‌م، په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ ڕووسیا، چواره‌م، ڕێككه‌وتنی ئه‌تۆمی له‌گه‌ڵ ئێران، پێنجه‌م، په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ كۆریای باكوور و دواتر عێراق. ئەمە له كاتێكدا پێش 15 ساڵ به‌لای ئه‌وانه‌وه دۆسیه‌ی عێراق ژماره یه‌ك بوو، ئێستا وا نییه، ئێمه‌ش ده‌بێت واقعبین بین و گرفتی كۆرۆنا لە ئەمەریکا جددییه و ئه‌مه ئیداره‌ی ئه‌مه‌ریكای سه‌رقاڵ كردووه، چونكه دۆخی ئه‌مساڵی كۆرۆنای ئه‌مه‌ریكا له پار خراپتره. ڕاسته له وتاری سه‌رۆك بایدن، كه‌متر باسی عێراق كرا، بەڵام شایانی باسییشە کە هێرشەکانی ئەم دواییە بە ڕۆکێت بۆ سەر هەولێر پشتگیریی توندی ئەمەریکای بۆ هەرێمی کوردستان پێشان دا.''
له‌باره‌ی بیرۆكه‌ی سێ هه‌رێمیی ڕابردووی جۆ بایدن بۆ عێراق، به‌یان سامی، ڕایگه‌یاند: "ڕه‌نگه ئه‌وه بیرۆكه‌ی پێشووی بایدن بێت، لە پێش ٢٠ ساڵ ئەو قسەیەی کردووە. ئێستا بۆچوونی كه‌سی و پرۆژه‌ی حكوومه‌ت جیاوازه، چونكه ئه‌مه‌ریكا خاوه‌ن پرۆژه‌یه و ئه‌مه‌ریكا نایه‌وێت عێراق دابه‌ش ببێت. ئه‌مه‌ریكا پێی خۆشه كوردستان هه‌یه، پێشمه‌رگه هه‌یه. ئێمە دۆستایه‌تیمان هه‌یه له‌گه‌ڵیان، شه‌ریكین، به‌ڵام نه دیموكراته‌كان و نە كۆمارییەکان نه‌یان گوتووه عێراق دابه‌ش ببێت. لە کاتێکدا ئەمەریکییەکان لەگەڵ دابەشکردنی عێراق نین، بەڵام لەگەڵ ئەوەن کە کوردستان سەقامگیر و بەهێز بێت و کوردستان وەك هاوپەیمانێك دەبینن و دەیانەوێت پێگەی دەستووریی هەرێمی کوردستان وەک خۆی بمێنێت."
ڕاپۆرتی كارزانی سه‌باح هه‌ورامی