Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
TUE, 16 APR 2024 10:40 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

"بایدن و ستافەکەی پاڵپشتی دروستکردنی ئەنجوومەنی فیدڕاڵی لە عێراق دەکەن؟"
| KDP.info


هەولێر-KDP.info- كورد داوای جێبه‌جێكردنی ئه‌نجومه‌نی فیدراڵیی عێراق ده‌كات، یه‌كێك له‌ ماددە ده‌ستوورییه‌كانی عێراقیش به ‌روونی ئه‌وه‌ ده‌رده‌خات سه‌ركردایه‌تیی سیاسیی كوردستان پێیان وایه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌ هه‌بووایه‌ دۆخی عێراق و ناوچه‌كه‌ش نه‌ده‌گه‌یشته‌ ئه‌وه‌ی ئێستا. له‌ هه‌مان كاتدا بۆچوونی ئه‌مه‌ریكاش به‌ سه‌رۆكایه‌تیی جۆ بایدن نزیكه‌ له‌و بیرۆكه‌یەوە كه‌ پێشتر خۆی بانگه‌شه‌ی بۆ كردووه‌.

تا ئێستا بەغدا لەوە نەگەیشتووە كە مامەڵەكردن لەگەڵ هەرێمی كوردستان بریتی نییە لە پێوانەی كورسیی ئەنجومەنی نوێنەران، كاتی خۆی لە داڕشتنەوەی دەستووری عێراقدا سێ پۆستە سیادییەكە (سەرۆككۆمار، سەرۆكوەزیران و سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران) لەسەر بنەمای هەرسێ پێكهاتەی عێراق (شیعە و سوننە و كورد) دابەشكاریی كورسییەكانی پەرلەمانیان بۆ كراوە، بەڵام جگە لەوەی بەغدا مامەڵەی واقعیی لەگەڵ كوردستان نەكردووە، لە خوارەوەی ئەو سێ پۆستە سیادییەش، بەپێی واقیعی شەراكەت و بەشداریی حكوومەت لە بەغدا پۆست بە كورد نەدراوە، باشترین نموونە رێژەی كورد لە سوپای عێراقە كە بەپێی دەستوور 17%ـە، كەچی ئێستا 0%ـە. گرفتی هەرێمی كوردستان لە عێراقدا ئەوەندەی مامەڵەكردن لەگەڵ واقیعی كوردستانە، ئەوەندە بریتی نییە لە پرسی وەزارەتێك، یان پۆستێك، لە سەروبەندی رادەستكردنی حكوومەتی عێراق وەك پارێزگایەك رەفتار لەگەڵ كوردستان كرا، لە رابردووش وا رەفتار لەگەڵ كوردستان كراوە و، بەشداریپێكردنی لە حكوومەت وەك خێر و سەدەقە تەماشا كراوە.

دوای گەلەكۆمەی نوخبەی سیاسیی عێراق بەسەر ئیرادەی وڵاتدا بۆ دەركردنی هێزی بیانی لە عێراق، بەبێ گەڕانەوە بۆ كورد و سوننە، رەنگ بێت ئەگەر كوردستان بیەوێت سەركەوتوو بێت لەو گەلەكۆمەی نوخبەی سیاسیی بەغدا داوای دروستكردنی ئەنجومەنی فیدڕاڵیی ئیتیحادی بكات، واتە لەپاڵ ئەنجومەنی نوێنەران ئەنجومەنی ئیتحادییش دانرێت، كە لە دەستووریش بە روونی ئاماژەی پێ دراوە، كاتێك ئەم ئەنجومەنە دامەزرا، ئەوا بڕیاری گەورە و حەساس تا لە ئەنجومەنی نوێنەران تێپەڕ نەبێت، لەوەشدا ئەم ئەنجومەنە دەتوانێت رۆڵ ببینێت، بەڵام لێرەش گرفتێك هەیە، ئەویش ئەوەیە كە لە رابردوودا سوننە هاوكار نەبوون و رۆڵی بەهێزیان نەبووە لەوەی لەپاڵ كورددا داوا بكەن بە فیعلی فیدڕاڵی لە عێراقدا بچەسپێنن، هەربۆیە ئەنجومەنی ئیتیحادی، یان فیدڕاڵی كاتێك دەتواندرێت دابمەزرێندرێت كە دەوڵەتی عێراق بە كردەیی ببێتە فیدڕاڵی، واتە كاتێك كە عێراق بوو بە چەند هەرێمێكی فیدڕاڵی. بەڵام بەداخەوە بنەماکانی فیدڕاڵییەت لە عێراقدا پێشێل کراون، چونكە ١٥ ساڵە دەستوور پەسەند كراوە کەچی نوێنەرانی عەرەبی سوننە و عەرەبی شیعە و بگرە حكوومەتی مەركەزی هێشتا ویستی كردنی عێراق بە دەوڵەتێكی فیدڕاڵییان نییە، هێشتا تەنیا یەك هەرێم هەیە و ھەنگاوەکانی دیکەئ فیدڕاڵی جیبەجێ نەکراون.

گرفتی گەورە ئەوەیە كە تەنیا كوردستانە بە كردەیی هەنگاوی بۆ فیدڕاڵییەت نابێ، یان مومارەسەی بكات، ئەوی دیكە، یان بە سیاسەت، یان بە وێرانكاری خەونی فیدڕاڵییەتیان لەناو بردووە، وەك ئەوەی داعش لە 2014 ناوچەی سوننەنشینی وێران كرد، پارێزگای بەسراش كە خەونی فیدڕاڵیی هەیە، بەڵام ویستی كەمینەی سیاسیی شیعە بڕیار لەسەر چارەنووسیان دەدەن، نەك ئیرادەی خەڵك، بەشی دووەمی گرفتەكان ئەوەیە كە رێگا بە ویستی ئیرادەی خەڵك نادرێت، خۆ ئەگەر عەرەبەكان قەناعەتیش بهێنن بە فیدڕاڵیزم و، دەوڵەتی عێراق لانی كەم ببێت بە چوار هەرێم، ئەوا هەرێمی كوردستان لە كۆی هەشت كورسی لەو ئەنجومەنە، تەنیا دوو كورسیی دەبێت، واتە لەوێش كەمینە دەبێت و، دەنگی نوێنەرانی هەرێم لەوێش سەنگی یەكلاكەرەوەی نابێت، تا ئەوكاتەی دەبێت نوخبەی سیاسیی شیعە رێگە بدەن بە ئیدارەی عێراقییەكان بۆ ویستی بەڕێوە بردن.

له‌ ماددەی 65ی ده‌ستووری عێراقدا باس له‌ ورده‌كاریی ئه‌نجومه‌نی فیدراڵی كراوه‌، به‌ڵام تا ئێستا جێبه‌جێ نه‌كراوه‌، پرسیاری گرنگ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ بۆچی ئه‌م ئه‌نجومه‌نه‌ تا ئێستا دانه‌مه‌زراوه‌، كورد هه‌ڵوێستی له‌وبارەیە‌وه‌ چییه‌، فه‌لاح مسته‌فا، یه‌كێك له‌ دیپلۆماتكاره‌كانی كورد و راوێژکارو  به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "له ‌دوای رووخانی سه‌ددام حوسێنه‌وه‌ تا ئێستا زۆر به‌داخه‌وه‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان له‌ عێراق پابه‌ند نه‌بوون به‌ جێبه‌جێكردنی ده‌ستوور هه‌ر له‌ ئه‌نجومه‌نی فیدراڵی و دادگای فیدراڵی و جێبه‌جێكردنی ئه‌و بڕگه‌ و ماددانه‌ی ده‌ستوور كه‌ داوای كردبوو یاسای بۆ ده‌ربچێت كه‌ نه‌كرا به‌داخه‌وه‌ تا ئێستا ئه‌نجومه‌نی فیدراڵی له‌ عێراق جێبه‌جێ نه‌كراوه‌ پاشه‌كشه‌یه‌ له‌ ده‌ستوور و جێبه‌جێكردنی ده‌ستوور له‌ هاوبه‌شیكردنی وڵات، بۆ ئه‌مه‌ش ده‌بێت ده‌ستوور پابه‌ندیی پێوه‌ بكرێت لایه‌نه‌ سه‌ره‌كییه‌كان بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ده‌ستوور".

گوتیشی: "ئه‌گه‌ر لایه‌نه‌كان پابه‌ند بوونایه‌ به‌ ده‌ستوور ئه‌وه‌ی له‌ ده‌ستوور هاتووه‌ جێبه‌جێیان بكردبایه‌ و به‌ره‌و دیموكراتیبوونی وڵات برۆیشتنایه‌ نه‌ك دووباره ‌گه‌ڕانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات بۆ ناوه‌ند زۆر پرس هه‌بوون چاره‌سه‌ر ده‌كران، عێراق سه‌قامیگر و ئارامتر ده‌بوو، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ به‌شێك له‌و لایه‌نه‌نانه‌ دوای پرۆسه‌ی سیاسی هه‌روه‌ك ئۆپۆزسیۆن بیریان ده‌كرده‌وه‌، یان ته‌نیا بیریان له‌و پێكهاته‌ی خۆیان ده‌كرده‌وه‌ كه‌ مه‌به‌ستیان بوو، نوێنه‌رایه‌تیی عێراقیان نه‌كرد وه‌ك پێویست".

كورد ئێستا داوای جێبه‌جێكردنی ئه‌نجومه‌نی فیدراڵیی عێراق ده‌كات، پێشتر پرۆژه‌ی جۆ بایدن و ستافه‌كه‌ی ئه‌وه‌ بووه‌ كه‌ به‌ڕێوه‌به‌ری هه‌رێمه‌كان له‌ عێراق و فیدراڵیه‌ت له‌ عێراق بچه‌سپێنرێت، ئایا ئێستاش هه‌مان بۆچوونیان ده‌بێت و كار ده‌كه‌ن بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌و داواكارییه‌ی كورد. فه‌لاح مسته‌فا ده‌ڵێت: "ئیداره‌ی تازه‌ وا تازه‌ ده‌ستبه‌كار ده‌بێت، ماوه‌یه‌كیان ده‌وێت بۆ پێداچوونه‌وه‌ی ئه‌و ره‌وشە، ده‌یانه‌وێت ئارامی هه‌بێت له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و ئه‌و هه‌موو پاره‌یەی خه‌رجیان كردووه‌ بۆ عێراق سه‌قامگیری بۆ بگه‌ڕێته‌وه‌، ده‌بێت پێش ئه‌مه‌ریكا عێراقییه‌كان خۆیان له‌ناو خۆیان گرفته‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌ن، ئه‌وكاته‌ ئیداره‌ی تازه‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌ چوارچێوه‌ی سیاسه‌تی نوێ، یان سیاسه‌تی پێشوو، یان له‌سه‌ر بنه‌مای ستراتیژی له‌گه‌ڵ عێراق مامه‌ڵه‌ ده‌كه‌ن، هیوادارین ئه‌م جاره‌ له‌گه‌ڵ عێراقییه‌كان كار بكه‌ن له ‌چوارچێوه‌ی وڵاتێكی خاوه‌ن سه‌روه‌ری و عێراق پابه‌ند بێت به‌ ده‌ستوور."

له‌سه‌ر هه‌مان پرس، عارف روشدی، راوێژكاری مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان كه‌ بیرۆكه‌ی فیدراڵی له‌ عێراق هی پارتی بووه‌ و پێداگیریی له‌سه‌ر كردووه‌، بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی گوتی: "له‌ سیسته‌می فیدراڵیدا په‌رله‌مان دوو جۆره،‌ جۆرێك ئه‌ندامانی په‌رله‌مانن، جۆرێكیش نوێنه‌رانی هه‌رێم و پارێزگاكانن كه‌ ئه‌مه‌ بۆ هاوسه‌نگیه‌ بۆ ئه‌وه‌ی رێگا نه‌درێت هیچ زیانێك به‌ كوردستان و پارێزگاكان بگه‌یه‌نرێت و ده‌بێت هه‌موو یه‌كسانییه‌كان ره‌نگ بداته‌وه‌، عێراق تا ئێستا نه‌چووه‌ته‌ ژێر باری ئه‌وه‌وه‌ به‌شێكی گرنگی سیسته‌می فیدراڵی ئه‌وه‌ ده‌خوازێت ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌ هه‌بێت، به‌داخه‌وه‌ ئه‌وانه‌ی باڵاده‌ستن له‌ عێراقدا باوەڕیان به‌ فیدراڵی نییه‌، ئه‌گه‌ر بۆیان بكرێت ئه‌و سیسته‌مه‌ هه‌ڵده‌وه‌شێننه‌وه‌، ئێمه‌ پێداگرین کە ده‌بێت ئه‌و ماددەیە جێبه‌جێ بكرێت و كاری بۆ ده‌كه‌ین".

گوتیشی: "به‌داخه‌وه‌ سوننه‌ هاوكار نه‌بوون بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌و خاڵه‌ و عێراق هیچ سیمایه‌كی فیدراڵیی پێوه‌ دیار نییه،‌ ئێستاش سوننه‌كان هه‌ست ده‌كه‌ن ئه‌گه‌ر عێراق فیدراڵی بووایه‌ ئه‌و نه‌هامه‌تییه‌ی به‌سه‌ریان هات رووی نه‌ده‌دا، بۆیه‌ پرۆسه‌ی فیدراڵیه‌ت له‌ عێراق شكستی هێناوه‌ و ئێمه‌ ده‌ستبه‌رداری نابین له‌و بارەیە‌وه‌ عێراقمان بنیاد نایه‌وه‌، ئێستاش هه‌وڵێك هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌ هه‌ڵوه‌شێننه‌وه‌ له‌ ده‌ستوور و ده‌بێت ئێمه‌ له‌ كوردستان به‌بێ وچان كاری له‌سه‌ر بكه‌ین و گرنگه‌ له‌گه‌ڵ به‌شداربووه‌كانی دیكه‌ی سوننه‌ و شیعه‌ له‌سه‌ر خه‌ت بین به‌شێك له‌ شیعه‌كان پێیان باشه‌ به‌تایبه‌ت له‌ موسسه‌نا و زیقار و به‌سره‌ كه‌ دوا كه‌وتوون له‌ پێشكه‌وتن و ده‌بێت ئێمه‌ ده‌رگای گفتوگۆ له‌گه‌ڵ ئه‌و شارانه‌ بكه‌ینه‌وه‌ و له‌و بارەیەوه‌ رێگای دیكه‌ بدۆزرێته‌وه‌ و جووڵه‌یه‌كی گرنگی پێویسته‌."

رایشیگه‌یاند: ئه‌مه‌ریكا هه‌نگاوی ئیجابییان ده‌بێت له‌و بارەیە‌وه‌ و به‌شێك له‌ ئه‌جێندای دیموكراته‌كان سیسته‌می فیدراڵی و مافی مرۆڤه‌.

هاوكات زانا سه‌عید رۆستایی، یاساناس و په‌رله‌مانتاری پیشووی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "ماوه‌یه‌ك دیاری كرابوو بۆ پێكهێنانی ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌ یه‌كێك له‌ دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌تی فیدراڵی له‌ عێراق نوقستانه‌ و ناتوانرێت وه‌سفی ده‌وڵه‌تی فیدراڵی بكرێت به‌بێ ئه‌نجومه‌نی فیدراڵی كه‌ ژووری دووه‌می په‌رله‌مانی پێ ده‌گوترێت، فلته‌ری دووه‌می پرۆژه‌یاساكان و سیاسه‌ته‌كانە و له‌سه‌ره‌وه‌ی په‌رله‌مان ده‌بێت، ئه‌م ئه‌نجومه‌نه‌ تا ئێستا پێك نه‌هاتووه‌ و ئەوەش پێشێلكردنی ده‌ستووری عێراقه‌ و هۆكاره‌ سیاسییه‌كان رێگه‌ی نه‌داوه‌ پێك بهێنرێت".

له‌باره‌ی دروستكردنی هه‌رێمه‌كانیش، رۆستایی ده‌ڵێت: "دروستكردنی هه‌رێمه‌كانیش له‌نێو ده‌وڵه‌ته‌ فیدراڵیه‌كه‌دا ناچاری نییه‌، بژارده‌ی رێگه‌ی پێ دراوه‌، هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌ له‌ عێراقدا و پاریزگاكانی دیكه‌ش هه‌ن، هیچ رێگریه‌ك نییه‌ له‌و ئه‌نجومه‌نه‌ دروست بكرێت به‌هۆی بوونی هه‌رێمه‌كانه‌وه‌، بگره‌ بۆ كوردستان باشتر ده‌بێت ئه‌وكاته‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌ هه‌بوو كوردستان نوێنه‌رایه‌تیی باشتری ده‌بێت له‌ هه‌رێمه‌كان، ئامانج له‌م ئه‌نجومه‌ دروستكردنی هاوسه‌نگییه‌ له‌نێوان دامه‌زراوه‌كان و جۆرێك له‌ ده‌سه‌ڵاتی چاودێرییه‌ به‌سه‌ر حكوومه‌ت و په‌رله‌مانیش بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و پرۆژه‌یاسایانه‌ی په‌رله‌مان ده‌ڕۆن له‌وێش په‌سه‌ند بكرێت و ئه‌گه‌ر بریارێك له ‌په‌رله‌مان درا ئه‌وه‌ فیلته‌رێكی دیكه‌ هه‌یه‌ كه‌ ده‌بێت پێیدا بڕوات".

ڕایشیگه‌یاند: ''ده‌بوو له‌ ئه‌نجومه‌ن چاره‌سه‌ری گرفته‌كان بكرابایه‌ دواتر بچووایه‌ته‌ بواری جێبه‌جێكردن و ئه‌گه‌ر ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌ هه‌بووایه‌ ئه‌وكاته‌ گفتوگۆكانی هه‌ولێر و به‌غدا له‌وێ چاره‌سه‌ر ده‌كران و ئەوێ‌ وه‌ك مه‌تبه‌خی سیاسی ده‌بوو بۆ چاره‌سه‌ری گرفته‌كان."

 

ڕاپۆرتی كارزان سه‌باح هه‌ورامی

 




دوایین هەواڵەکان

ڕاگه‌یه‌نراوێك له‌ سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌

TUESDAY, 16 APRIL 2024 10:04:27

ھەولێر-KDP.info- نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە یادی 37 ساڵەی كیمیابارانكردنى بالیسان و شێخ وه‌سان و دۆڵى خۆشناوه‌تیدا ڕایگەیاند، "خه‌ڵكى جوامێر و نیشتمانپه‌روه‌رى بالیسان و شێخ وه‌سانان و دۆڵى خۆشناوه‌تى وه‌ك هه‌موو گه‌لى كوردستان، نه‌ك هه‌ر به‌ كیمیاباران و ژەهراویكردنى خاك و ئاو و ئاسمانه‌كه‌ى كۆڵیان نه‌‌دا، به‌ڵكو خۆڕاگرانه‌ تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ و درێژه‌یان به‌ تیكۆشان دژ به‌ سته‌م و دكتاتۆرى دا، بۆیه‌ شایسته‌ى باشترین خزمه‌ت و گرنگیپێدانى زیاترن‌."

 
سەرۆک بارزانی پەیامێکی بڵاو کردەوە

TUESDAY, 16 APRIL 2024 10:04:31

ھەولێر-KDP.info- سەرۆک مەسعود بارزانی، لە ساڵیادی کیمیابارانکردنی بالیسان و شێخ وەسانان و دۆڵی خۆشناوەتی پەیامێکی بڵاو کردەوە.

 
دزەیی: بایدن جەختی لە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کردەوە

MONDAY, 15 APRIL 2024 23:04:05

ئه‌مریكا-KDP.info- بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، رایدەگەیەنێت، سوودانی لەگەڵ ئەوەیە نەوتی هەرێمی کوردستان دووبارە هەناردە بکرێتەوە، هەروەها سەرۆکوەزیرانی عێراق رژدە لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا.

 
فه‌وزى هه‌ریرى و ماكسیم روبن بیروڕایان له‌باره‌ی دوایین پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه‌ گۆڕییه‌وه‌

MONDAY, 15 APRIL 2024 21:04:08

ھەولێر-KDP.info- ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 2024/4/15 به‌ڕێز فه‌وزى هه‌ریرى، سه‌رۆكى دیوانى سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ به‌ڕێز ماكسیم روبن، كونسولى گشتیى رووسیا له‌ هه‌رێمى كوردستان كرد.

 
بایدن: هاوبه‌شی نێوان عێراق و ئه‌مه‌ریكا زۆر گرنگه‌.. سوودانی: پەیوەندییەکانمان پتەوتر دەبن

MONDAY, 15 APRIL 2024 20:04:19

ئه‌مه‌ریكا-KDP.info- ئه‌مڕۆ 15ـی نیسانی 2024 له‌ واشنتن سوودانی و بایدن كۆبوونه‌وه‌ و تێیدا چه‌ند پرسێكی گرنگی هاوبه‌شیی نێوان عێراق و ئه‌مه‌ریكایان تاووتوێكرد.

 


 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact