Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
MON, 1 MAR 2021 04:39 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
نوێبوونەوە . دادپەروەری . پێکەوەژیان
 

پەروێز ڕەحیم: بایدن سوود لە میراتی ترامپ وەردەگرێت
| KDP.info


هەولێر-KDP.info- مامۆستایەکی "پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و ئاسایشی نەتەوەیی" دەڵێت، هاتنە سەرکاری بایدن دەتوانێت بە شێوەیەکی گشتی گۆڕانێک بەسەر سیاسەتی ئەمەریکا لە ئاستی ناوخۆ و لە ئاستی دەرەوە بە بەراورد لەگەڵ ترامپ دابێنێت.

ئەمڕۆ ٨ی ئێوارە بە کاتی هەرێمی کوردستان، جۆ بایدن وەک ٤٦مین سەرۆکی ئەمەریکا، بەپێی نەریتی سیاسی ئەمەریکا، لە کۆشکی سپی ڕێوڕەسمی سوێندی یاسایی بەڕێوە دەبات و سوێند دەخوات.

پەیوەست بەمە و ڕوودانی ئەگەرەکانی ئایندەی ماوەی سەرۆکایەتیی بایدن و خوێندنەوەیەکی پوخت ، د. پەروێز ڕەحیم، مامۆستای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و ئاسایشی نەتەوەیی لە زانکۆی سەلاحەدین، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "هاتنە سەرکاری بایدن دەتوانێت بە شێوەیەکی گشتی گۆڕانێکی بەرچاو بەسەر سیاسەتی ئەمەریکا لە ئاستی ناوخۆ و لە ئاستی دەرەوە بە بەراورد لەگەڵ ترامپ دابێنێت، چونکە سیاسەت و رووداوەکانی سەردەمی ترامپ ئەو گریمانەیەی پووچەڵ کردەوە، کە ئەگەر لە ئەمریکا هەر سەرۆککۆمارێک بێتەسەرکار  ئەوە هیچ لە ستراتیژی و سیاسەتی دەرەکی ئەمریکادا ناگۆڕێت، بۆیە هاتنە سەرکاری دۆناڵد ترامپ ئەوەی زیاتر بەرجەستە کردەوە کە نەک دەگۆڕێت، بەڵکو دەتوانێت لە هەندێک بواردا سیاسەتی ئەمەریکا ڕێک بە پێچەوانەی ڕابردوو بکاتەوە، باشترین نموونەش، دوورکەوتنەوەی ئەمەریکا بەپێی ویست و ڕوانگەی جیاوازی سەرۆکی ئەمەریکا لە هاوپەیمانە رۆژئاواییە نەریتییەکانی بوو، لەلایەکی تریشەوە دیدار و نزیک بوونەوە لەگەڵ سەرۆکی کۆریای باکوور کە بە گەورترین نەیار و مەترسی ئاسایشی لەسەر ئەمەریکا هەژمار دەکرا."

بەم پێیە پێشبینی دەکریت کە هاتنە سەرکاری بایدن چ لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و چ لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ببێتە هۆی پێداچوونەوە و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئەمەریکا لەگەڵ هاوپەیمانەکانی و هەوڵدان بۆ گەڕانەوەی شکۆی ئەمەریکا بە هاوبەشی لەگەڵ هاوپەیمانە ستراتیژییەکانی ئەمریکا. لەراستیدا رەفتاری نەگونجاوی ترامپ لەگەڵ هاوبەش و هاوپەیمانەکانی ئەمریکا بەهۆی ڕوانگەی هەڵە و تەسکی دۆناڵد ترامپەوە بوو، چونکە ئەزموون و لێکدانەوەی ستراتیژیی و قووڵی بۆ پرس و بابەتە نێودەولەتییەکان نەبوو.

بە بۆچوونی د.پەروێز ڕەحیم، هاتنە سەرکاری بایدن، دەتوانێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جارێکی تر چەند گۆڕانکاری بێنێتە ئاراوە، بۆ نموونە ئەم جارە ئەمەریکا لە ڕێگای هەماهەنگی و هاوکاری لەگەڵ هاوپەیمانە هەرێمییەکان وەکوو وڵاتانی کەنداو و ئیسرائیل، هاوبەشە خۆجێییەکان، هەروەها هاوپەیمانە سەرووهەرێمییەکان بەتایبەتی یەکێتیی ئەورووپا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەتوانێت پرس و کێشەکان ئەگەر چارەسەریش نەکات لانیکەم ئیدارەی بکات. بەو مانایەی کە بایدن لە لایەک ڕێگە نادات چین و ڕووسیا بەسەر ناوچەکەدا زاڵ بن، لە لایەکی ترەوە دەیهەوێ پرسی ئەتۆمیی ئێران و پرسی مووشەکیی ئێران و دەستتێوەردان و نفووزی ئێران لەرێگەی لایەنگرە توندرەوەکانی کە مەترسیی ئاسایشین بۆ وڵاتانی ناوچەکە سنووردار بکات، بەڵام ئەمە بە یارمەتیی هاوپەیمانەکانی ئەنجام دەدات، چونکە هەم جۆبایدن  و هەمیش ئەو کەسانەی کە پاڵێوراون بۆ وەرگرتنی پۆستە باڵاکانی کابینەکەی لە ئیدارەکەیدا  ئەمەیان زۆر دووپات کردۆتەوە کە "ئێمە پێگە و هیز و شکۆی ئەمەریکا، لە ڕێگەی هاوبەشی و بەشداریی لەگەڵ هاوبەش و هاوپەیمانەکانمان دەگەڕێنینەوە."

ئەو مامۆستایەی زانستە سیاسییەکان زیاتر درێژەی دا و گوتی: "هەروها جۆبایدن لە هەندێک پرس و بابەتدا درێژە بە میراتی دۆنالد ترامپ دەدات، بۆ نموونە، لە بابەتی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئیسڕائیل و وڵاتانی عەرەبیی ناوچەکە، هەروەها  پرسی گواستنەوەی پایتەختی ئیسرائیل بۆ ئورشەلیم. هەروەها درێژە بە سیاسەتی سەرۆک باراک ئۆباما دەدات بە هەندێک جیاوازییەوە، بۆ نموونە ئەم جارە بۆ کۆماری ئیسلامی چەکی سپی بۆ ئیمزا ناکا وەکوو ئەوەی کە لە بابەتی ڕێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان ئێران و وڵاتانی ٥+۱ بینیمان، کە ئێران لە ناوچەکەدا باڵادەست بوو. هەرچەندە لە ئێستاوە ئیسرائیل ترسی لێ نیشتووە لە بەڵێنی جۆ بایدن سەبارەت بە گەڕانەوەی بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران، هەرچەند بایدن بە کەڵک وەرگرتن لە لە میراتی سیاسیی ترامپ سوود لەو ئابلوقە و سزا توندە داراییانە کە ترامپ سەپاندوویەتی بەسەر ئێراندا وەردەگرێت، کە بۆتە هۆی ئەوەی ئێران لە پێگەیەکی لاوازدا بێتە سەر مێز دانووستاندن. هەروەها سیاسەتی ئەمریکا سەبارەت بە پرسی دژایەتیی تیرۆر  و گروپە تیرۆریستییەکان هەر بەردەوام دەبێت و  وەک مەترسییەک بۆسەر بەرژەوەندی و ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا دەمینیتەوە، بەڵام پرسی رووبەرووبوونەوەی مەترسییەکانی چین و ڕووسیا دەبێتە یەکێک لە ئەولەویەتەکانی ئاسایشیی و سیاسەتی دەرەکی بایدن، چی لە ڕووی ئابوورییەوە و چی لە ڕووی سەربازیییەوە. بۆیە بایدن ململانێکانی لە ئاسیای ناوەڕاست، لە قەوقاز، لە ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا، باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا و تەنانەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش لەگەڵ چین و رووسیا هەر بەردەوام دەبێت.

لە لایەکی تر بایدن رووبەرووی پەلهاوێشتنەکانی چین بۆتەوە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی کە چین  پڕۆژەی زۆر گەورەی ئابووری و سیاسی و بازرگانی و تەنانەت ئاسایشی و سەربازی هەیە لەگەڵ وڵاتانی جیهان لە ڕێگەی زیندووکردنەوەی ئەوەی هێڵی ئاوریشمی کۆن کە ئێستا بە پرۆژەی یەک ڕێگا و یەک پشتێن" دەناسرێت. لە هەموو گرنگتر بایدن دەیەوێت جارێکی تر بگەڕێتەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەو گرفتەکانی سیاسەتی ناوخۆی ئەمریکا، بەهۆی دروستبوون و قووڵبوونەوەی ئەو ناکۆکی و دابڕان و کەلێن و لێکترازانە ئابووری و سیاسی و کۆمەڵاتی و کولتووریانەی ناوخۆی ئەمەریکا لەلایەک و ئەو ناکۆکیانەی کە لە نێوان ئەمەریکا  و وڵاتانی تر دروست بووە. هەروەها پرسێکی گرنگ و ئەولەوییەتی ئیدارەی بایدن گەڕانەوەی ئەمەریکایە بۆ ڕێککەوتن و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، بۆ نموونە ڕێککەوتنامەی نێودەوڵەتیی کەشوهەوای پاریس و گەڕانەوە بۆ یونیسکۆ و گەڕانەوە بۆ ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی، هەروەها دووبارە گرنگیپێدانەوە بە پرسە دیموکراسییەکان و پرسەکانی مافی مرۆڤ."

د.پەروێز گوتی: "بە پوختی دەتوانین بڵێین یەکەم: زاڵبوون بەسەر لێکترازانە ناوخۆیی و دەرەکییەکان، دووەم، درێژەپیدان بە میراتی سیاسی سەردەمی جێگرایەتی سەرۆک باراک ئۆباما، بەڵام بە هەندیک جیاوازییەوە، دوو سیمای دیاری ئەم چوار ساڵەی ئیدارەی بایدن دەبێت".

بۆ وەبیرهێنانەوە پێویستە ئەوە بڵێین کە ئەو کەسایەتییانەی کە بەرپرسی پلە یەک دەبن لە ئیدارەکەی بایدن کەسانێکن کە هاوکار و کەسانی نزیکی بایدن بوونە لە سەردەمی جێگری سەرۆکایەتی لە ئیدارەی باڕاک ئۆبامادا، بۆ نموونە  بەرپرسی پێشنیارکراو بۆ (CIA) هەروەها لە ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمەریکا، وەزیری دەرەوە و جێگرەکەی و ...هتد، بەو پێیەی کە ئەو کەسانە هەموویان نزیک بوونە لە ئیدارەی باڕاک ئۆباما، یان کاربەدەستی پلەبەرز بوونە، کەواتە لەم روانگەیەشەوە دەتوانین سیاسەتی بایدن بخوێنینەوە، بە تایبەتتر سەبارەت بە ئێران، عێراق و ئەفغانستان ئەمە زیاتر و ئاشکراتر دەردەکەوێ. هەرچەندە ئەم کەسانە نایانەوێ سیاسەتی ئەمریکا لەهەمبەر ئەو وڵاتانە وەک سەردەمی ترامپ بێ و بڕیاری کشانەوەی لەناکاو و یەکجاری بدەن، بەڵکوو دەخوازن کە ڕۆڵیان هەبێت، هەرچەندە بایدنیش هاوڕایە کە پێویست ناکات جەنگێکی نوی لە ناوچەکەدا هەڵبگیرسێنێ، هەروەها ئەویش بڕوای وایە کە ئەمریکا پێوست ناکا بەشداریی ڕاستەوخۆی هەبێ، چونکە دیپلۆمات و ستراتیژیسەکانی ئەمریکی چەمکی تایبەتیان لەم بوارەدا هەیە  کە دەگوترێت نابێت چیتر سیاسەتی ناسراو بە"پۆستاڵ لەسەر زەوی"( Boots on the ground)، پەیرەو بکەین، واتای ئەم چەمکە ئەوەیە کە نابێت سەربازەکان سوپا و لەشکری ئەمەریکا لەسەر زەوی جارێکی تر لە جەنگێک تێوەبگلێن و  ئەمریکا پلانی بەشداری سەربازی راستەوخۆی هەبێت.

بە گشتی بەهۆی هاوکێشە جیۆسیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و  پرسەکانی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا، هەروەها  لە ڕوانگەی بایدن و هاوکارەکانی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، گرنگترین پرس لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئێستادا پرسی رێگەگرتن لە دەستپێراگەیشتنی ئێرانە بە چەکی ئەتۆمی، لەپاڵ ئەمەشدا سنووردارکردن و کۆنترۆڵکردنی مووشەکە دوورهاوێژ و بالستییەکانی ئێران، پرسی دەستێوەردان و پاڵپشتی ئێران لە گروپە توندرەوەکان وەکوو حەماس و حیزبوڵلای لوبنان و حووسییەکانی یەمەن، پاشان  رووبەرووبوونەوەی گرووپە تیرۆریستییەکان، و هەروەها رێگری لە هەژموون و نفووزی نەیارانی ئەمریکا بەتایبەتی ڕووسیا و چین لەو ناوچەیەیە و پاراستنی ئاسایشی وزە و ئاسایشی ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانی ئەمریکا گرنگترین ئەو پرسە ئاسایشییەکان دەبن لە ئیدارەی بایدندا.

فایزە کۆیی

 




دوایین هەواڵەکان

"پێشانگایەک بۆ کۆمپانیاکانی چین و کوردستان بەڕێوە دەچێت"

SUNDAY, 28 FEBRUARY 2021 17:02:01

هەولێر-KDP.info- بڕیارە لە سەرەتای مانگی داھاتوو پیشانگایەک بۆ کۆمپانیاکانی ھەرێمی کوردستان و وڵاتی چین بەڕێوە بچێت و سەرۆکی لقی ھەولێری یەکێتیی ھاوردە و ھەناردەکارانیش دەڵێت، چین دەیەوێت ڕۆڵی ھەبێت لە کەرتی بازرگانیی ھەرێمی کوردستان.

 

سبەی پەرلەمانتارێکی پارتی سوێندی یاسایی دەخوات

SUNDAY, 28 FEBRUARY 2021 16:02:34

ھەولێر -KDP.info- سکرتێری پەرلەمانی کوردستان گوتی، بڕیارە سبەی پەرلەمانی کوردستان کۆ بێتەوە و وەرزێکی نوێی یاسادانان دەست پێ بکات و بەرنامەی کاری کۆبوونەوەی سبەی لە پێنج خاڵ پێک ھاتووە، یەکێک لەوانە کاندیدێکی نوێی پارتی دیموکراتی کوردستان لە شوێنی ئومێد خۆشناو سوێندی یاسایی دەخوات.

 

حسێن قائیدی: یاسای ڕزگاربووانی دەستی داعش یاسایەکی مرۆڤییە

SUNDAY, 28 FEBRUARY 2021 15:02:23

دهۆک-KDP.info-  بەرپرسی نووسینگەی ڕفێنراوانی کوردی ئێزدی لە پاریزگای دهۆک ڕایگەیاند، بریارە ڕۆژی دووشەممە دەنگ بە یاسای ڕزگاربووانی دەستی داعش بدرێت.

 

لیوا حەمە ڕێگر: داعش دزەی کردووەتە نێو ھەندێ ناوچەی کەرکووک

SUNDAY, 28 FEBRUARY 2021 15:02:45

کەرکوو-KDP.info- چەکدارانی داعش دزەیان کردووەتە نێو ھەندێ گوندی نزیک ڕێگەی سەرەکیی کەرکووک- ھەولێر و فەرماندەیەکی پێشمەرگەش دەڵێت، دزەکردنی چەکدارانی داعش بۆ ناوچەکە بۆ پەیداکردنی نان و پێداویستی بووە.

 

سێ حزبی كوردستانی: لە كەركووك ئاستی گەندەڵی و بەهەدەردان مەترسیدارە

SUNDAY, 28 FEBRUARY 2021 13:02:07

كەركووك-KDP.info- لە كەركووك دەسەڵاتێكی سەپێندراو لە 16ـی ئۆكتۆبەری 2017ـوە دەستی بەسەر شارەكەدا گرتووە و گەندەڵی گەیشتووەتە دۆخێكی مەترسیدار، بەرپرسانی حزبە كوردستانییەكانیش دەڵێن، لە كەركووك خزمەتگوزارییەكان سفر بوونەتەوە و شەقام و باڵاخانەكانی دەوڵەت بە تەواوەتی تێك چوون.



 
© 2020 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact