ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری کەشناسیی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە سبەینێوە تا ناوەڕاستی ھەفتەی داھاتوو، دوو شەپۆلی بارانبارین ھەرێمی کوردستان دەگرنەوە و مەترسیی وشکەساڵی نامێنێت، چونکە پێشبینی دەکرێت لە ماوەی ئەم رۆژانەدا باران و بەفرێکی زۆر لە ھەرێمی کوردستان ببارێت.
فازڵ ئیبراھیم، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، ئەمڕۆ نزیکەی ٢٣ رۆژە باران لە ھەرێمی کوردستان نەباریوە، ئەمەش بە ھۆی بەرزە پاڵەپەستۆیەک کە رێگر بوو نزمە پاڵەپەستۆیەکانی دەریای ناوەڕاست، کار بکەنە سەر دەریای ناوەراست بۆ ئەوەی باران ببارێت لەو ماوەیەدا، بۆیە لە ھەرێمی کوردستان باران نەباریوە، ئەمەش ترس و دڵەڕاوکێیەکی دروست کرد لە وەرزی چاندن لەلای جوتیاران، بەڵام پێشبینییەکانی کەشوھەوا پێمان دەڵێن، لە بەیانییەوە گۆڕانکاری روو دەدات لە کەشوھەوا بە ھۆی کشانەوەی بەرزە پاڵەپەستۆیەکە و ھاتنی نزمە پاڵەپەستۆیەک لە دەریای ناوەڕاست، کە بارستەھەوایەکیش دەھێنێت و باران دەبارێت، سەرەتاش لە پارێزگای دھۆک دەست پێدەکات و دواتر لە ناوچەکانی دیکە و لە ناوچە شاخاویەکانیش بەفر دەبارێت و تا رۆژی ھەینی بەردەوام دەبێت.
ئیبراھیم گوتیشی، لە ناوەڕاستی ھەفتەی داھاتوو شەپۆلێکی چڕتری باران ڕوو لە ناوچەکە دەکات و کاریگەرییەکانی زیاتر دەبن لە شەپۆلی یەکەم و بەفربارین ناوچەی زیاتر دەگرێتەوە، بۆیە لە سبەینێوە باران و بەفر بارین دەست پێدەکات و ترسی وشکەساڵی نامێنێت.
لەبارەی رێژەی بارانبارینی ئەمساڵ، ناوبراو گوتی، تا ئێستا لە ھەولێر رێژەی بارانبارین ٧٤.٥ملم بووە و بەراورد بە ساڵی ڕابردوو ١١١ملم بوو و لە دھۆک ئەمساڵ ٨٥ملم تۆمار کراوە و پارساڵ ٢٣١ملم بوو و لە سلێمانی ٢٢٦ملم تۆمار کراوە و پارساڵ ٢٦٢ملم بووو، لە کەرکووک ئەمساڵ ٣٩ملم و پارساڵ ١١٨ملم بوو و لە ھەڵەبجە ئەمساڵ ١٢٥ملم و پارساڵ ١٩٥ملم بوو، واتا رێژەی ئەمساڵی بارانبارین زۆر لە ساڵی ڕابردوو کەمترە، بەڵام ئەم بارانبارینەی کە بەڕێوەیە، زۆر باشتر دەبێت.
بڵند ئیبراھیم