هەولێر-KDP.info- پشکنینی کۆرۆنا لە سەنتەرەکان و بنکە تایبەتییەکان بە نرخی دیاریکراو دەکرێت و بەڕێوەبەری سەنتەری زانکۆ بۆ پشکنینی کۆرۆنا دەڵێت، نرخی پشکنین بۆ ھاووڵاتییان ٦٠ ھەزار دینارە و بۆ قوتابییان و مامۆستایانی زانکۆ و کەرتی پەروەردە کراوەتە خۆڕایی و بێبەرامبەر.
د. توانا مەحموود، بەڕێوەبەری بنکەی زانکۆ سەنتەری پشکنینی کۆرۆنا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە سەنتەرە تایبەتەکانی سەر بە حکوومەت پشکنینی کۆرۆنا بەرامبەر بە ٦٠ ھەزار دیناری عێراقی دەکرێت، بەڵام پشکنینی کۆرۆنا بۆ قوتابییان و مامۆستایانی زانکۆ و کەرتی پەروەردە بێبەرامبەرە، ئەوەش وەک ھاوکارییەک بۆ لەبەرچاوگرتنی ڕەوشی ئابووریی قوتابیان و مامۆستایانی خۆشەویست."
بەڕێوەبەری سەنتەری زانکۆ گوتی: "لە سەنتەرەکەمان تەنیا پشکنین بۆ ئەو کەسانە دەکەین کە گەشت بۆ دەرەوە دەکەن، بە وەرگرتنی نرخی پکشنین کە ٦٠ ھەزار دینارە."
د. توانا مەحموود ڕوونی کردەوە: "ھەر لە سەنتەرەکەی ئێمە بڕیار دراوە بەبێ بەرامبەر پشکنین بۆ قوتابییان و مامۆستایانی زانکۆ و کەرتی پەروەردە بکرێت، بەڵام بۆ ھاووڵاتییانی ئاسایی، سەنتەر و بنکەی دیکە ھەیە و نرخی پشکنین دیاری کراوە بە بڕیاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان."
قائید میرۆ