Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
TUE, 24 NOV 2020 20:17 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
نوێبوونەوە . دادپەروەری . پێکەوەژیان
 

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان: د. فرسه‌ت وێنەیەكی زۆر جوانی لاى هه‌موومان جێهێشت
| KDP.info


ھەولێر-KDP. info-  نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه ٢٠٢٠/١١/١٩ به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان، له‌ هه‌ولێر به‌شداری له‌ ڕێوڕه‌سمی پێشوازی له‌ ته‌رمی خوالێخۆشبوو د. فرسه‌ت سۆفی، پارێزگای هه‌ولێر کرد که‌ ژماره‌یه‌کی به‌رچاوی به‌رپرسان و دیپلۆماتکاران و نوێنه‌رانی لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان و که‌سایه‌تی و نوێنه‌رانی پێکهاته‌کانی هه‌رێمی کوردستان، تیایدا به‌شدار بوون.

له‌ ڕێوڕه‌سمه‌که‌دا سه‌رۆک نێچیرڤان بارزانی، وته‌یه‌کی پێشکه‌ش کرد، ئه‌مه‌ ده‌قه‌که‌یه‌تی:

ئامادەبووانی بەڕێز،

بنەماڵە و كەسوكاری خـوالێخۆشبوو د. فرسەت سۆفى،

خەڵكی خۆشەویستى هەولێر،

كوردستانیانی بەڕێز…

ئه‌مڕۆ بە دڵێكی پڕ لە خەم و ئازارەوە، پێشوازی لە تەرمی د. فرسەت سـۆفی، پارێزگاری هـەولێر دەكەین. د. فرسەت كەم ژیا، بەڵام ژیانی پڕ لە كار و بەرهەم بوو. د. فرسەت بە جوانەمەرگی ماڵئاوایى لێكردین، بەڵام بە چیرۆكی سەركەوتووی ژیانی، وێنەیەكی زۆر جوانی لاى هه‌موومان بەجێهێشت. نموونه‌ى كارزانی، دەستپاكی، نیشتمانپەروەری، دڵسۆزی و خه‌مخۆری وڵات بوو.

د. فرسەت بە تێكەڵبوونی لەگەڵ خەم و ئازارەكانی خەڵكدا، بە كاركردن بۆ نەهێشــتنی كەمـوكـوڕییەكانـی بـەڕێوەبردن، ببووە خۆشـەویستی ئێمە و هەموو خەڵك. دوێنێ سەرۆك بارزانی نووسیبووی: “كوڕێكی خۆم لەدەست دا”، كەسایەتییەكانی كوردستان، پێكهاتەكانی كوردستان، كونسول دیپلۆماتكـاران كه‌ له‌ هه‌ولێرن، زۆر بە ڕێزەوە باسـی د. فرسەتیان كرد. زۆر لە خەڵكی هەولێر و كوردستان بە ئەستێرەیەكی ئاسمانی هەولێر وەسفیان كرد. ئەو كەسەی خەڵك لێی ڕازی بێت، ئه‌و كه‌سه‌ی خه‌مخۆری خه‌ڵك و نیشتمان بێت، ئینشه‌ڵڵا خۆشەویستی خوای مه‌زنه‌ و دەیخاتە بەر سۆز و بەزەیی خۆی.

بەڕێزان…

سەردەمی شۆڕشی ئەیلوول، بنەماڵە و كەسوكاری د. فرسەت لە ناوچەكانی شۆڕشدا ژیاون. گوندی گەزنەی قەزای چۆمان، بۆ خێزانه‌كانی پێشمەرگه‌ شوێنێكی گرنگ بوو، چونكە خەڵكی گوند زۆر هاوكارییان ده‌كردن. بنەماڵەی د. فرسەت سۆفی، زۆر تێكەڵاو و یارمەتیدەری شۆڕش بوون، هەر لەبەر ئەوەش گوندەكەیان یەكێك بوو لەو هەزاران گوندەی كوردستان كە لەلایەن ڕژێمی به‌عسه‌وه‌ وێران كرا و خەڵكەكەی لە ئۆردوگاكانی زۆرەملێی دیانا نیشتەجێ كران.

د. فرسەت لە بنەماڵەیەكی نیشـتمانپەروەری بەو شێوەیە هاته‌ دنیا و گەورە بوو. بەهۆی هۆگریی یەكجار زۆرییه‌وه‌ بۆ خوێندنەوە، زانینەكەی زۆر لە ته‌مه‌نى خۆى زیاتر بوو، لەبەر ئەوەش بە شێوەیەكی زۆر خێرا لە ڕیزەكانی یەكێتیی قوتابیانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستاندا پێشكەوت. بەهۆی كارزانییەكەی، بەهۆی جیدیبوون و دڵسۆزییه‌وه‌، لە هەموو ئەرك و بەرپرسیاریه‌تییه‌كانیدا، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ دەبووە جێگەی متمانەیەكی زیاتر.

كاتێك بووە یەكێك لە پاڵێوراوانی پەرلەمانی كوردستان، بە دەنگێكی زۆر بووە پەرلەمانته‌ر، لە پەرلەمانیشدا بووە جێگەی متمانەی خەڵكێكی زیاتر لە كوردستان، چونكە بەهۆی پسپۆڕییه‌وه‌ لە بواری یاسادا ڕۆڵێكی زۆر بەرچاوی لە نووسین و گفتوگۆكردن لەسەر یاساكانی خولی ڕابردووی پەرلەمانی كوردستاندا، هەبوو. هەروەها بەهۆی نزیكییه‌وه‌ لە جەماوەر و تیكەڵاوی لەگەڵ خەڵكی هەژاردا، زیاتر هەستی بە كەموكوڕییەكان دەكرد و بەردەوام هەوڵی دەدا چاكسـازی فراوانتر بكرێت و كەموكوڕییەكانی بەڕێوەبردن نەمێنن، ئەوەش ڕۆژ بە ڕۆژ، لای خەڵكی كوردستان، د. فرسه‌تى خۆشەویستتر دەكرد.

هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان، هەوڵدانی بەردەوامی بۆ خاوكردنەوەی گرژییه‌كانى نێوان لایەنە سیاسییەكانی كوردستان، تێكەڵاوی لەگەڵ خەڵكدا، وایان كرد كەسێكی گونجاو بێت بۆ ئەوەی ببێتە پارێزگاری پایتەختی هەرێمی كوردستان. بەداخەوە ماوەی كاركردنی وەك پارێزگاری هەولێر یەكجار زۆر كەم بوو، ئەگینا خەڵكی هەولێر و كوردسـتان كـاری بەرچـاوتـریان لە د. فرسەت دەبینى.

د. فرسەت ڕۆژی 16ی ئۆكتۆبەری 2019، فەرمانی هەرێمیی دەستبەكاربوونی لەلایەن ئێمەوە وەرگرت. لە یەكەم ڕۆژی دەستبەكاربوونییەوە، بە چالاكی چووە ناو كارەكانه‌وه‌. سەرپەرشتیی چالاكانەی زۆر پڕۆژەی كرد، چەند مەبەستی زیاتری شار بوو، هێنده‌ش خەمخۆری زیاتركردنی پڕۆژە بوو له‌ گەڕەك و قەزا و ناحیە هەژارنشینەكان. هەمیشە هەوڵی دەدا پڕۆژەكان بۆ ئەو شوێنانە بخرێنە پێشەوەی هەموو پڕۆژەكانی دیكه‌‌. هه‌میشه‌ خه‌مى ئه‌وه‌ى بوو كه‌ به‌رده‌وام به‌ منی ده‌گوت له‌به‌ر دۆخى دارایى و كه‌میى ئیمكانیات، ناتوانم وه‌ك پێویست خزمه‌تى هه‌ولێر و كوردستان بكه‌م. ئه‌وه‌ یه‌كێك بوو له‌ خه‌مه‌ گه‌وره‌كانی ئه‌و پیاوه‌.

د. فرسەت جارێك بە سووكی كۆرۆنای گرت و چاك بووەوە، بەڵام جاری دووەم، كۆرۆنا وای لێكرد مانگێك به‌رله‌ ئه‌مڕۆ 19ی ئۆكتۆبەری ڕابردوو لە كار داببڕێت، ئەوە بوو بەداخەوە دوێنێ بەیانی كۆچی دوایی كرد.

لێرەدا دەمەوێت سوپاسی هه‌موو ئامادەبووانی بەڕێز بكەم. سوپاسی پەرۆشیی هەموو خەڵكی هەولێر و كوردستان بكەم، سوپاسی هاوخەمیی هەموو كونسولخانەكانی وڵاتانی بیانی كه‌ ته‌شریفیان هێناوه‌، ده‌مه‌وێ به‌تایبه‌تی به‌خێرهاتنیان بكه‌م بۆ خه‌مخۆرییان له‌گه‌ڵ هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان، سوپاسی هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان و هه‌موو لایه‌نه‌ عێراقییه‌كان ده‌كه‌م، سوپاسی ئاماده‌بوونی نوێنه‌ری سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق به‌ڕێز مسته‌فا كازمی ده‌كه‌م كه‌ له‌ جیاتی خۆی ئه‌مڕۆ نوێنه‌ری خۆی ناردووه‌ بۆ به‌شداریكردن له‌م ڕێوڕه‌سمه‌دا، سوپاسی ده‌كه‌م و به‌خێرهاتنی ده‌كه‌م.

ناوی د. فرسەت سۆفی هەمیشە بە لێهاتوویی و بە دڵسۆزییەكەی لە بیرەوەریی ئێمەدا، له‌ بیره‌وه‌ریی خه‌ڵكی كوردستان و خه‌ڵكی خۆشه‌ویستی هه‌ولێردا بە زیندوویی دەمێنێتەوە. داواكارین خوای مه‌زن لێی خۆش ببێت و سێبوورى و دڵنەوایی بە دایكی و هاوسه‌ر و منداڵان و برایانی و هەموو كەسوكاری، خوای گه‌وره‌ سه‌بووری هه‌موولایه‌كمان به‌یه‌كه‌وه‌ بدات.

دووباره‌ به‌خێرهاتنی هه‌موو لایه‌كتان ده‌كه‌م و سوپاس بۆ هاتنتان، زۆر سوپاس بۆ خه‌مخۆریتان.

ماڵئاوا د. فه‌رسه‌ت.




دوایین هەواڵەکان

پارتی سەرەخۆشی لە شوان محەمەد رۆستەم کەلاری دەکات

TUESDAY, 24 NOVEMBER 2020 19:11:12

ھەڤاڵی بەڕێز شوان محەمەد رۆستەم کەلاری

 
نێچیرڤان بارزانى سوپاسى پشتگیریى فه‌ره‌نسا ده‌كات

TUESDAY, 24 NOVEMBER 2020 19:11:56

ھەولێر-KDP.info-  سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى سوپاس و پێزانینى هه‌رێمى كوردستانى بۆ پشتگیریى سیاسى و سه‌ربازى و مرۆییى فه‌ره‌نساى بۆ هه‌رێمى كوردستان دووپات كرده‌وه‌ و ده‌ستخۆشى له‌ ده‌ستپێشخه‌رى و پڕۆژه‌ى بنیاتنانى نه‌خۆشخانه‌یه‌ك له‌ شه‌نگال كرد كه‌ له‌ ڕێگه‌ى ڕێكخراوێكى ناحكوومیى فه‌ره‌نسییه‌وه‌ جێبه‌جێ ده‌كرێت و ڕایگه‌یاند سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێمى كوردستانیش له‌گه‌ڵ فه‌ره‌نسا و هاوبه‌شانى دیكه‌، به‌شدارى له‌ بنیاتنانى نه‌خۆشخانه‌كه‌دا ده‌كات.

 
ئێکەتیا ئۆرۆپی تاقیگەھەک بۆ پشکنینێن کۆرۆنایێ ل دھۆکێ ڤەکر

TUESDAY, 24 NOVEMBER 2020 18:11:13

دھۆک-KDP.info- تاقیگەھەکا تایبەت بۆ پشکنینێن کۆرۆنایێ ئەڤرۆ رۆژا ٢/١١/٢٠٢٠ ب ئامادەبوونا (د.عەلی تەتەر) پارێزگارێ دھۆکێ د ناڤ نەخۆشخانا لالاڤ دا ل پارێزگەھا دھۆکێ ھاتە ڤەکرن.

 
"ئه‌مه‌ریكا ڕووپێوی گازی سرووشتیی كوردستان ده‌كات"

TUESDAY, 24 NOVEMBER 2020 17:11:35

هەولێر-KDP.info- ماڵپەڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، به‌رانبه‌ر به‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ ئیداره‌ی نوێی ئه‌مه‌ریكا ده‌كات، ئه‌وه‌ی گرنگه‌ كورد چۆن ده‌توانێت له‌ گۆڕانكاریی ئیداره‌ی نوێی ئه‌مه‌ریكا سیاسه‌ت بكات؟ له‌ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیارانه‌، به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ ستاف و ئیداره‌ی نوێی ئه‌مه‌ریكا ئاشنان به‌ هه‌رێمی كوردستان و ده‌توانن ڕۆڵ و كاریگه‌ریی زۆریان هه‌بێت له‌سه‌ر سیاسه‌تی هه‌رێمی كوردستان، چونكه‌ پاراستنی كوردستان به‌م قه‌واره‌وه‌ بۆ ئارامیی ناوچه‌كه‌ش گرنگ ده‌بێت.

 
پێشبینی دەکرێت دەوامی قوتابخانەکان بکەوێتە سەرەتای ساڵی نوێ"

TUESDAY, 24 NOVEMBER 2020 16:11:14

هەولێر-KDP.info- بەھۆی ھەڵکشانی ڕێژەی تووشبوانی ڤایرۆسی کۆرۆناوە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەوامی قوتابخانەکانی بۆ ماوەی مانگێک ڕاگرت و ئەندامێکی لیژنەی پەروەردەش دەڵێت، پێشبینی دەکرێت لە مانگی یەکەمی ساڵی نوێ دەست بە دەوام بکرێتەوە.

 


 
© 2020 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact