Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
TUE, 8 JUL 2025 14:36 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

مەسرور بارزانی ئەنجامدانی چەندین پرۆژەی لە دەڤەری راپەڕین راگەیاند
| KDP.info


رانیە-KDP.info-سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردی بناغەی پردی دەربەندی رانیە - بنگردی دانا، کە پڕۆژەیەکی گرنگی دەڤەرەیەکە و بە نۆ ملیۆن دۆلار جێبەجێ دەکرێت. مەسرور بارزانی لە گوتارێکدا ئاشکراشی کرد، جگە لەو پڕۆژەیە چوار پڕۆژەی گرنگی دیکە لە دەڤەرەکە جێبەجێ دەکرین.

دەقی گوتارەکە:

به‌ناوی خوای گه‌وره‌ و میهره‌بان

هه‌ڤاڵانی به‌ڕێز، ئاماده‌بووانی هێژا زۆر به‌خێربێن.

خۆم به‌ به‌خته‌وه‌ر ده‌زانم خوا جارێكی دیكه‌ دەرفه‌تی پێداین سه‌ردانی راپه‌ڕین بكه‌ین، ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌ی به‌ درێژایی شۆڕشه‌ یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كانی بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی گه‌له‌كه‌مان، به‌ ده‌یان و سه‌دان و هه‌زاران شه‌هید و قوربانیان داوه‌، دواتریش بوو به‌ ده‌روازه‌ی راپه‌ڕین. به‌ خوێنی گه‌نجانی ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌ كوردستان رزگاركرا، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ش، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ ئه‌ركی خۆی ده‌زانێت خزمه‌تێكی شایسته‌ی ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌ بكات.

ئه‌مڕۆ لێرە ئاماده‌بووین بۆ ئه‌وه‌ی به‌ردی بناغه‌ی پردی ده‌ربه‌ندی رانیه‌ - بنگرد دابنێین، كه‌ پردێكی ستراتیجی ده‌بێت بۆ خزمه‌تكردنی ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌، هاوكار ده‌بێت بۆ جووتیاران بۆ ئه‌وه‌ی به‌روبوومه‌كانیان به‌ بازاڕ بگه‌یه‌نن، هه‌روه‌ها ده‌بێته‌ پردێك بۆ ئه‌وه‌ی یارمه‌تیده‌ر بێت بۆ بووژاندنەوەی كه‌رتی گه‌شتوگوزار و بازرگانیش.

من، سوپاسی كۆمپانیای ئامانج ده‌كه‌م، زۆرتر دڵخۆشم كه‌ كۆمپانیایه‌كی كوردستانی بتوانێت ئه‌م پرۆژه‌ گه‌ورانه‌ لێره‌ دروست بكات و جێبه‌جێی بكات، ده‌ستخۆشیتان لێده‌كه‌م و هیوادارم سه‌ركه‌وتووبن له‌ جێبه‌جێكردنی ئه‌م ئه‌ركه‌ پیرۆزه‌.

جگه‌ له‌م پرۆژه‌یه‌، ئێمه‌ چه‌ندین پرۆژه‌ی دیكه‌شمان له‌ خه‌یاڵدایه‌ تاوەکو وه‌كو یه‌كه‌م هه‌نگاوی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌، ئه‌و پرۆژانه‌ش جێبه‌جێ بكه‌ین، كه‌ ئه‌وانیش: جووتسایدی بازاڕی رانیه‌، شه‌قامی 60 مه‌تری قه‌ڵادزێ، نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی قوتابخانه‌كانی ده‌ڤه‌ری راپه‌ڕین و دروستكردنی سه‌نته‌ری شێرپه‌نجه‌ی مه‌مك، هه‌روه‌ها پرۆژه‌یه‌كی دیكه‌شمان هه‌بوو بۆ دروستكردنی نه‌خۆشخانه‌ی كۆرۆنا له‌ چوارقوڕنه‌، به‌ڵام به‌ سوپاسه‌وه‌ له‌لایه‌نێكی دیكه‌وه‌ ته‌مویلی كراوه‌ و ده‌ستخۆشیان لێده‌كه‌ین.

دیاره‌ ئه‌م هه‌نگاوانه‌ی حكومه‌ت بۆ جێبه‌جێكردنی پرۆژه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كان و گه‌یاندنی خزمه‌ت به‌ هاووڵاتییان، وایانكردووه‌ لایه‌نه‌ ناحكومییه‌كان و خێرخواز و حیزبیش، بیر له‌وه‌ بكه‌نه‌وه‌ زیاتر خزمه‌ت به‌ هاووڵاتییانی خۆشه‌ویست بگه‌یه‌نن. ئێمه‌، هه‌موو هه‌نگاوێك بۆ خزمه‌تكردنی هاووڵاتییان به‌ ئه‌رێنی ده‌زانین و ده‌ستخۆشی له‌ هه‌موو ئه‌و هه‌وڵانه‌ ده‌كه‌ین.

له‌ كۆتاییدا، ئه‌وه‌ی پێویسته‌ ئه‌مه‌یه‌: ئه‌م سه‌روه‌ت و سامانەی ئه‌م نیشتمانه‌ له‌پێناو خزمه‌تكردنی هاووڵاتییان خه‌رج بكرێت و له‌ خزمه‌ت ئه‌وان سوودی لێوه‌ربگیرێت.

سوپاسی هه‌موو ئه‌و لایه‌نانه‌ ده‌كه‌ین كه‌ خۆیان ماندوو ده‌كه‌ن بۆ خزمه‌تكردنی هاووڵاتیان و هاونیشانیانمان له‌ هه‌ر شوێنێك له‌م كوردستانه‌ ئازیزه‌ بن، بێگومان ئه‌مه‌ ته‌نیا پرۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری و گه‌یاندنی خزمه‌ت به‌م ده‌ڤه‌ره‌ نابێت، پرۆژه‌كانی دیكه‌ش له‌ دواتر دێن، به‌ڵام یه‌كه‌م قۆناغ ئه‌م پرۆژانه‌ن كه‌ له‌سه‌ر راسپارده‌ و پێشنیازی ئیداره‌ی ده‌ڤه‌ری راپه‌ڕین و خۆشه‌ویستانی ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌ پێشكه‌شكراون و، ره‌زامه‌ندیمان له‌سه‌ر ئه‌و پرۆژانه‌ داوه‌، هیوادارم هه‌موو هاووڵاتیانی خۆشه‌ویستی ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌ بتوانن سوودی لێ وه‌ربگرن.

من، سوپاسی خۆڕاگریی هه‌موو ئه‌و خۆشه‌ویستانه‌ ده‌كه‌م له‌م ده‌ڤه‌ره‌، سه‌ره‌ڕای ئه‌م هه‌موو قه‌یرانه‌ ته‌ندروستی و داراییه‌ی تووشیان بووه‌، به‌ڵام خۆڕاگر بوون، به‌تایبه‌تیش ده‌مه‌وێ سوپاسی هه‌موو پزیشك و فه‌رمانبه‌رانی كه‌رتی ته‌ندروستی و پۆلیس و هێزه‌كانی ناوخۆ و مامۆستا به‌ڕێزه‌كان بكه‌م، كه‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌م ناخۆشییانه‌، دیسان به‌رده‌وامن له‌ جێبه‌جێكردن و به‌جێگه‌یاندنی ئه‌ركه‌كانی خۆیان.

خۆشه‌ویستان... ده‌مه‌وێت دڵنیا بن كه‌ ئه‌م حکومه‌ته‌ ده‌یه‌وێت به‌ باشترین شێوه‌ خزمه‌ت به‌ هاووڵاتییان بگه‌یه‌نێت، هیچ حكومه‌تێك نایه‌وێت كه‌مته‌رخه‌م بێت له‌ گه‌یاندنی خزمه‌تگوزاری به‌ هاونیشتمانیان و هاووڵاتییانی خۆی، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئێمه‌ ئه‌و ماوه‌یه‌ تووشی ئه‌و قه‌یرانانه‌ بووین، كه‌ به‌داخه‌وه‌ ئازارێكی زۆریان به‌ خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان گه‌یاند و زۆر سنووریشی بۆ جێبه‌جێكردنی پرۆژه‌ حزمه‌تگوزارییه‌كانی حكومه‌ت دروست كرد، ئه‌وانیش قه‌یرانی بڵاوبوونه‌وه‌ی په‌تای ڤایرۆسی كۆرۆنا و داڕمانی ئابووری جیهانی (بوون)، كه‌ كاریگه‌رییه‌كی نه‌رێنیشیان له‌سه‌ر كوردستان هه‌بووه‌، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش هه‌موو هه‌وڵێكمان داوه‌؛ نه‌هێڵێن پرۆژه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كانمان بووه‌ستن و به‌گوێره‌ی توانا بودجه‌ی به‌رده‌ستیش ئه‌وه‌ی پێمان بكرێت له‌ دابه‌شكردنی مووچه،‌ بیكه‌ین.

راسته،‌ خه‌ڵكی كوردستان و فه‌رمانبه‌ره‌ خۆشه‌ویسته‌كان شایسته‌ی زۆر له‌وه‌ زیاترن، به‌ڵام ئه‌وه‌ی حكومه‌ت پێی ده‌كرێت، ئێستا ئه‌وه‌یه‌: ئێمه‌ هه‌موو هه‌وڵ و تواناكانی خۆمان ته‌رخانكردووه‌ بۆ دابه‌شكردنی مووچه‌ به‌و شێوه‌یه‌ی له‌ توانای حكومه‌تدا بێت، ئه‌م قه‌یرانانه‌ ده‌ستكردنی حكومه‌ت نین، به‌ڵام هیمه‌ت و خۆڕاگری و ماندووبوون و به‌یه‌كه‌وه‌كاركردنی هاووڵاتییان و حكومه‌ت، ده‌توانن و دڵنیام كه‌ ئێمه‌ له‌و قه‌یرانه‌ ناخۆشانه‌ رزگار بكه‌ن و به‌ره‌و ئاسۆیه‌كی گه‌شتر و رووناكتر هه‌نگاو بنێین.

جارێكی دیكه‌ ده‌ستخۆشی له‌ هه‌موو ئه‌و به‌ڕێزانه‌ ده‌كه‌م كه‌ به‌شدارن له‌ جێبه‌جێكردنی ئه‌و پرۆژانه‌، دڵنیاش بن ئه‌م پرۆژانه‌ به‌رده‌وام ده‌بن، ده‌مه‌وێت ئاماژه‌ به‌وه‌ش بده‌م كه‌ له‌ سه‌رتاسه‌ری كوردستاندا له‌ هه‌موو شار و شارۆچكه‌كان له‌ هه‌ندێك شوێن ده‌ستیان پێكردووه‌ و له‌ هه‌ندێك شوێنیش به‌رنامه‌مان هه‌یه‌ بۆ پرۆژه‌ی زیاتر.

به‌رنامه‌مان هه‌یه‌ بۆ دروستكردنی كارگه‌ری وه‌رگرتنی گه‌نم له‌ هه‌رسێ پارێزگای: هه‌ولێر، دهۆك و سلێمانی و هه‌روه‌ها دروستكردنی شاری پیشه‌سازی خۆراكی له‌ هه‌ڵه‌بجه‌، بۆ وه‌رگرتنی زیاتر له‌ نیو ملیۆن تۆن گه‌نمی جووتیاران و هاووڵاتیانی كوردستان، هه‌روه‌ها به‌رنامه‌ی دیكه‌شمان هه‌یه‌ له‌ دروستكردنی رێگه‌وبان و نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی نه‌خۆشخانه‌كان، ئه‌و پێشنیازانه‌ی، به‌ڕێوه‌به‌ری ئیداره‌ی راپه‌ڕین ئاراسته‌یان كردووین، بێگومان له‌ حكومه‌تدا به‌ هه‌ند وه‌ریان ده‌گرین و له‌ به‌رنامه‌كانی داهاتووی خۆماندا، به‌ پێی توانای به‌رده‌ستی حكومه‌ت هەوڵی جێبه‌جێكردنی ئه‌وانه‌ش ده‌ده‌ین.

جارێكی دیكه‌ ده‌ستخۆشیتان لێده‌كه‌م، سه‌ركه‌وتوو بن و هیوادارم ته‌ندروستی خۆتان و كه‌سوكاریشتان بپارێزن.

زۆر سوپاستان ده‌كه‌م.

 




دوایین هەواڵەکان

مەکتەبی سیاسیی پارتی پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەی (سەباح محەمەد ڕەسووڵ) دەکات

TUESDAY, 08 JULY 2025 12:07:21

ھەولێر-KDP.info- مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، بۆ کۆچی دوایی خوالێخۆشبوو (سەباح محەمەد ڕەسووڵ)، پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەکەیان دەکات.

 
هەڕەشەی ماددە هۆشبەرەکان و کاریگەرییەکانی

TUESDAY, 08 JULY 2025 11:07:04

ئاشنا بابان  

 
وەزیر لە ڕێگەی KDPیەوە باسی ئەو شوێنانە دەكات كە زیاتر پەرەیان پێدەرێت

TUESDAY, 08 JULY 2025 10:07:51

ڕاپەڕین-KDP.info- وەزیری تەندروستی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەتیدا بۆ KDP، باسی سێ پڕۆژەی گرنگی تەندروستی دەکات لە دھۆک و ڕانیە و چەمچەماڵ کە بڕی ١٢ ملیار دیناریان بۆ تەرخانکراوە، ئاماژە بەوەش دەکات کەرتی تەندروستی لە قەزاکان زیاتر پەرەی پێ دەدرێت.

 
پارتی و بزووتنەوەی ئیسلامی لە کەرکووک باسیان لە کاری هاوبەش کرد

MONDAY, 07 JULY 2025 21:07:00

کەرکووک-KDP.info- شاندێکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک، سەردانی بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان-عێراقیان کرد، لە دانیشتنەکەی نێوانیاندا باس لە پەیوەندی لەمێژینەی هەردوو حزب و کاری هاوبەش کرا بۆ خزمەتی شاری کەرکووک و دەوروبەری.

مووسا ئه‌حمه‌د: ئەم ھەڵمەتە فراوانتر دەکەین

MONDAY, 07 JULY 2025 16:07:45

هه‌ولێر -kdp.info-  سه‌رۆكی ده‌زگای خێرخوازی بارزانی ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كرد "ده‌زگا هه‌ڵمه‌تێكی فراوانی بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان ده‌ست پێكردووه‌ و هه‌نگاوی گه‌وره‌تریش ده‌نێین بۆ به‌گژداچوونه‌وه‌ی مه‌ترسیه‌كانی مادده‌ی هۆشبه‌ر."

 


 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact