ئاکرێ-KDP.info- لە درێژەی جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بڕیارە کاروانی ئاوەدانی قەزای ئاکرێش بگرێتەوە و قایمقامی ئاکرێ دەڵێت، نزیکەی ٥٠ پڕۆژە بۆ جێبەجێکردن پێشکەش بە سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران کراون.
مازن محەمەد، قایمقامی ئاکرێ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ساڵانی ڕابردوو چەندین پڕۆژە لە بوارە جیاوازەکان لە سنووری قەزای ئاکرێ جێبەجێ کراون، بەڵام بەھۆی قەیرانی دارایی و نەبوونی بودجە و دواتر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە وەک پێویست نەمانتوانیوە خزمەتی ھاووڵاتییان بکەین، بەڵام ھەموو ھەوڵەکان بۆ ئەوەن زۆرترین پڕۆژە لە سنووری قەزای ئاکرێ بکەونە بواری جێبەجێکردنەوە."
قایمقامی ئاکرێ دەڵێت: "نزیکەی ٥٠ پڕۆژە ئامادە کراون و پێشکەش بە سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران دەکرێن بۆ ئەوەی ڕەزامەندییان لەسەر بدرێت بۆ جێبەجێکردن و پارەی بۆ خەرج بکرێت."
مازن محەمەد ڕوونی کردەوە: "ئەو پڕۆژانەی پێشکەشی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران کراون بۆ جێبەجێکردن، پڕۆژەی ڕێگاوبان و ئاو و کارەبا و شارەوانی لەخۆ دەگرن کە ئێمە دڵنیاین ھاوشێوەی قەزاکانی دیکە ڕەزامەندی لەسەر ژمارەیەکی بەرچاوی ئەو پڕۆژانە بۆ قەزای ئاکرێ، وەک قەزایەکی ستراتیژی و مێژوویی، دەدرێت."
قائید میرۆ