ھەولێر-KDP. info- چه‌ند ساڵێك پێش ئێستا سه‌رۆك بارزانی بنه‌مایه‌كی 19 خاڵیی دانا بۆ بەڕێوهچوونی ئیداره‌ی عێراق، هه‌رئه‌وكات سه‌رۆك هۆشداریی دایه لایه‌نه عێراقییه‌كان ئه‌گه‌ر پابه‌ندی ئه‌م بنه‌مایه نه‌بن، دوور نییه عێراق تووشی گرفتی گه‌وره نه‌بێته‌وه، چه‌ند ساڵی تێ نه‌په‌ڕاند به په‌راوێزخستنی سوننه و گوێنه‌گرتن له شه‌راكه‌تی به‌ڕێوه‌چوونی ئیداره‌ی عێراق داعش و خۆپێشاندان و شكستی ئیداره‌ی وڵات بووه گه‌وره‌ترین هه‌ڕه‌شه له‌سه‌ر عێراق, هه‌ردوو مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی و یه‌كێتی له ڕێگای ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتییه‌وه نیقاشی زیاتر له‌و بارەیەوه ده‌كه‌ن.
"10 ساڵ دوای دهستپێشخهرییەکەی سه‌رۆك بارزانی"
له هه‌ڵبژاردنه‌كانی ساڵی 2010ی عێراق، هاوكێشه‌ی سیاسی گۆڕانكاریی به‌سه‌ردا هات، سوننه له 2004 بۆ 2009 خۆیان له پرۆسه‌ی سیاسیی عێراق دوور خسته‌وه، دواتر به لیستێك به سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌یاد عه‌لاوی توانییان به 91 كورسی ببنه براوه‌ی یه‌كه‌می هه‌ڵبژاردنه‌كانی 2010ی عێراق و دواتر لیستی هاوپه‌یمانیی شیعه‌كانیش به سه‌رۆكایه‌تیی نووری مالیكی 89 كورسیی په‌رله‌مانی عێراقیان هێنا و، به ڕابه‌رایه‌تیی سه‌رۆك بارزانی پارتی دیموكراتی كوردستان وه‌ك هێزێكی كاریگه‌ر و به‌هێز له كوردستان و عێراق توانیی سه‌ركه‌وتنی گه‌وره له‌و هه‌ڵبژاردنه به‌ده‌ست بهێنێت و دروشمه‌كانی پارتی پاڵنه‌ر بوون بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رجه‌م لایه‌نه عێراقییه‌كان هه‌وڵ بده‌ن بۆ دۆزینه‌وه‌ی ڕێگاچاره‌سه‌ری گونجاو بۆ چاره‌سه‌ری گرفته‌كان، به‌ڵام له‌و ساڵه‌دا به‌هۆی ناكۆكیی شیعه و سوننه له‌سه‌ر وه‌رگرتنی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق و ڕێكنه‌كه‌وتن له نێوان خۆیان، بۆ ماوه‌ی 10 مانگ كابینه‌ی حكوومه‌تی عێراق دوا كه‌وت، خه‌ریكبوو عێراق به‌هۆی گرژیی نێوان لایه‌نه‌كانه‌وه تووشی گه‌وره‌ترین شه‌ڕی ناوخۆ ببێت، سه‌رهه‌ڵدان و خۆپێشاندان له هه‌ریه‌كه له شاری مووسڵ و ئه‌نبار ده‌ستی پێ كرد، شەڕ و پێكدادان له نێوان سوپای عێراق و خۆپێشاندان فراوانتربوو، ده‌رئه‌نجام هه‌ریه‌كه له ڕافع عیساوی، وه‌زیری داراییی عێراق و تاریق هاشمی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق به تۆمه‌تی هاندانی خۆپێشاندان ده‌ستگیر كران و ناڕەزایی له‌ناو ماڵی سوننه دروست بوو، له‌و كاته‌دا سه‌رۆك بارزانی، له‌سه‌ر داخوازیی سه‌رجه‌م لایه‌نه عێراقییه‌كان، ده‌ستپێشخه‌ریی نوێی ڕاگه‌یاند بۆ ئه‌وه‌ی عێراق له‌و قه‌یرانه ڕزگاری ببێت، ده‌ستپێشخه‌ریی سه‌رۆك بارزانی له 19 خاڵ پێك هاتبوو، كرایه بنه‌مایه‌ك بۆ بەڕێوهچوونی عێراق، له‌وانه یه‌كلاكردنه‌وه‌ی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق بۆ نووری مالیكی و دروستكردنی ئه‌نجومه‌نی به‌رژه‌وه‌ندییە ستراتیژییه‌كانی عێراق به سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌یاد عه‌لاوی، هه‌ر ئه‌وكات سه‌رۆك بارزانی هۆشیداریی دا له ئه‌گه‌ری پابه‌ندنه‌بوون به‌و بنه‌مایه، دواجار ئه‌وه بوو هاته دی و ده‌سه‌ڵاتی عێراق له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان بێباكی و له‌گه‌ڵ سوننه‌ش سیاسه‌تی په‌راوێزخستنی په‌یره‌و كرد تا دۆخی عێراق گه‌یشته ئه‌مڕۆ، شه‌ڕی داعش و خۆپێشاندان و شكستی ئیداره‌ی وڵات و گرفتی میلیشكان پەیدا بوو، ئه‌مڕۆش جیازواتر له 10 ساڵ پێش ئێستا سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق سه‌ردانی سه‌رۆك بارزانی ده‌كات و میدیا عه‌ره‌بی و عێراقییه‌كان پێیان وایه عێراق پێویستی به ده‌ستپێشخه‌ریی ڕابردووی سه‌رۆك بارزانی ده‌بێته‌وه، كاك ئه‌مین نه‌جاڕ، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ ماڵپه‌ری فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "سه‌رۆك بارزانی به پرۆسه‌ی سیاسیی عێراقه‌وه زۆر ماندوو بوو, له نووسینه‌وه‌ی ده‌ستوور و پێكهێنانی كابینه‌كانی عێراق، تا ئه‌وكاته‌ی سه‌رۆك له ساڵی 2010 ده‌ستپێشخه‌ریی گرنگ و ستراتیژیی ڕاگه‌یاند، پێش شه‌ڕی داعش، هه‌ر ئه‌وكات سه‌رۆك به قیاده عێراقییه‌كانی گوت: ئه‌م وڵاته به‌ره‌و وێرانی ده‌ڕوات، ئاگادار بن ناكۆكییه‌كان تێ په‌ڕێنن، به‌داخه‌وه گوێیان له قسه‌كان نه‌گرت، دواجار خۆیان زه‌ره‌ریان كرد و ئێمه‌ش تێوه‌ی گلاین، چونكه خه‌ڵكێك وای ده‌زانی سه‌رۆك بارزانی، وه‌ك گرفتی شه‌خسی له عێراق و سه‌رۆكوه‌زیرانه‌كانی عێراق ده‌ڕوانێت، ده‌ی فه‌رموون دوای 10 ساڵ چی له عێراق هات, ئێستاش گرفت له نێوان ئێمه و به‌غدا زۆره، له ده‌ستپێشخه‌ریی سه‌رۆك بارزانی له 2010 ئه‌مه چاره‌سه‌ر كرابوو، ئه‌ویش گه‌ڕانه‌وه بوو بۆ ده‌ستوور، ئه‌و ده‌ستووره و ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیی به كوردستان هه‌بوو، هیچی جێبه‌جێ نه‌كراوه، بۆ نموونه له پرۆژه‌كه‌ی سه‌رۆك بارزانی ڕێگاچاره‌سه‌ری كه‌ركووك دۆزرایه‌وه، به‌ڵام ئه‌ویش جێبه‌جێ نه‌كرا، ئه‌و ناوچانه گرفتی له‌سه‌ره، وه‌ك به‌رمیله باڕووتن، له‌وانه كه‌ركووك و شنگال و مه‌خموور و خانه‌قین و دیاله و تا دواتر. ئه‌مانه گرفتی گه‌وره‌ن، یه‌كێكی دیكه له خاڵه‌كانی ئه‌و پرۆژه‌یه باسی پێشمه‌رگه كرابوو، له چوارچێوه‌ی دامه‌زراوه‌ی به‌رگریی عێراق، ئێ باشه پێشمه‌رگه به‌شداریی له شه‌ڕی داعش نه‌كردووه؟ خۆ ده‌بێت میزانییه‌ی پێشمه‌رگه بدرێت و چه‌ك بدرێته پێشمه‌رگه، به‌س به‌داخه‌وه ئه‌وه نه‌كرا، دواتر پرسی بودجه و یاساكانی تایبه‌ت به كوردستان نه‌خرانه بواری جێبه‌جێكردنه‌وه.
"ده‌بێت گفتوگۆكان ببێته ڕێككه‌وتنی فه‌رمی"
له پڕۆژه‌كه‌ی سه‌رۆك بارزانیدا باس له‌وه كراوه كه پشكی كورد له سوپای عێراق جێگر ده‌كرێت و له‌و پشكانه‌ی بۆ عێراق دێت به‌شی پێشمه‌رگه‌ی لێ ده‌درێت، كاك ئه‌مین نه‌جار، ده‌ڵێت: "به‌داخه‌وه ئه‌وه‌ش پێشێل كرا دواتر بینیمان چ كاره‌ساتێك ڕووی دا، ئێستاش سه‌دان پۆستی كورد له سوپای عێراق و دامه‌زراوه ئه‌منییه‌كان ماوه پڕ نه‌كراونه‌ته‌وه، باشه دوای 10 ساڵ حه‌ق نییه هه‌ردوولا ئه‌م گرفتانه ببڕێننه‌وه و ڕێك بكه‌ون؟ بۆیه ئه‌وه‌ی ئێستا به‌لامانه‌وه گرنگه ده‌بێت دوای سه‌ردانی مسته‌فا كازمی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق بۆ كوردستان، ڕێككه‌وتنی هه‌ولێر و به‌غدا بكرێته سیسته‌م و ناكرێت هه‌ر سه‌رۆكوه‌زیرانێكی عێراق گۆڕدرا ڕێككه‌وتنه‌كه‌ش بكه‌وێته مه‌ترسییه‌وه، ده‌بێ ببێته ڕێككه‌وتنی فه‌رمی، بۆیه ده‌بێت بگه‌ڕێنه‌وه بۆ سه‌ر ده‌ستوور تا هه‌ركه‌سێك به ئاره‌زووی خۆی مامه‌ڵه نه‌كات."
هاتنی سه‌رۆكوه‌زیران بۆ لای سه‌رۆك بارزانی
ئه‌مڕۆ 10ی 9ی 2020 سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق، سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستانی كرد و یه‌كه‌م وێستگه‌ی سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ لای سه‌رۆك بارزانی بوو، له تویتێكدا سه‌رۆك بارزانی ده‌نووسێت: "خۆشحاڵ بووم به پێشوازیكردن له مسته‌فا كازمی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق و گفتوگۆكردن له‌سه‌ر دواپێشهاته‌كان. من و سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌روه‌ها باسمان له چڕكردنه‌وه‌ی هه‌وڵه‌كان بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان حكوومه‌تی هه‌رێم و فیدراڵی كرده‌وه". كاكه‌مین نه‌جاڕ زیاتر له‌و بارەیەوه قسه ده‌كات و ده‌ڵێت: "سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق هه‌وڵی باشتر ده‌دات بۆ چاره‌سه‌ری گرفته‌كان و هه‌وڵی جددیتر ده‌دات، چونكه له نزیكه‌وه شاندی ئێمه چووه له‌گه‌ڵی دانیشتووه و ئه‌و هاتووه بۆ كوردستان، فشارێكی نێوده‌وڵه‌تییش هه‌یه له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكا و فه‌ره‌نساوه بۆ ئه‌وه‌ی به‌غدا و هه‌ولێر ڕێك بكهوتن و پێگه‌ی كوردستان پێگه‌یەکی به‌هێزه، هه‌رێمی كوردستان ده‌ستووری و یاساییه و له ڕووی پێكهاته‌وه له عێراقیش جیاوازه، ناوچه‌یه‌كی جوگرافیی جیاوازی هه‌یه، شه‌ڕی داعشی كردووه و ئه‌و هه‌موو ئاوارەیە له كوردستانن، كوردستان په‌یوه‌ندیی به هێزی نێوده‌وڵه‌تییەوە هه‌یه و وه‌ك هه‌رێمه‌كانی دیكه نییه، ئه‌و په‌یوه‌ندییه به‌هێزه‌ی كوردستان وای كردووه به‌قه‌د ده‌وڵه‌تێك كونسووڵخانه‌ی وڵاتان هه‌یه، هه‌رده‌بێت ئه‌وان قه‌باره‌ی كوردستان له‌به‌رچاو بگرن و ئه‌گه‌ر گرفته‌كان چاره‌سه‌ر نه‌كه‌ن، نه ئێمه و نه ئه‌وان ناگه‌ینه سه‌ر سكه‌ی چاره‌سه‌ری گرفته‌كان.
"گفتوگۆ سه‌ره‌كیترین هه‌نگاوه بۆ ڕێككه‌وتن"
به‌شێك له میدیا عێراقییه‌كان بۆ بیرهێنانه‌وه له ماوه‌ی 100 ڕۆژی ده‌ستبه‌كاربوونی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق و سه‌ردانی بۆ كوردستان به گرنگییه‌وه له پرۆژه‌كه‌ی سه‌رۆك بارزانی دهنواڕن کە له ساڵی 2010 پێشكه‌شی كرد، یه‌كێك له 19 خاڵه‌كه‌ی ئه‌و ده‌ستپێشخه‌رییه، ئەوەیە کە ههرگرفتێك له عێراق هه‌بێت له ڕێگای دیالۆگ و لێکگهیشتنەوە چاره‌سه‌ری بۆ ده‌دۆزرێته‌وه، كاك ئه‌مین نه‌جار گوتیشی: "به‌ڵێ خاڵی سه‌ره‌كیی پرۆژه‌كه گفتوگۆ بوو, به‌ڵام به‌داخه‌وه له سه‌رده‌می عادل عه‌بدولمه‌هدیش كه نهرمترینیان بوو، زۆر شت ده‌مانگوت ئه‌مه باشه كه‌چی دوایی وا ده‌رنه‌ده‌چوو، ده‌بێت چاوه‌ڕوان بین هه‌نگاوی پراكتیكی بێته ئاراوه، شكستی مسته‌فا كازمی، زۆر خراپه، هه‌م بۆ عێراق و بۆ هه‌رێمی كوردستان، بۆیه ده‌بێت پشتیوانیی كازمی بكرێت، ئه‌و ده‌یه‌وێت گۆڕانكاری بكات چاره‌سه‌ری گرفته‌كان بكات، ده‌بێت به هه‌موو لایه‌كه‌وه هاوكاری بكه‌ین".
"گفتوگۆ له‌باره‌ی پۆسته‌كانه‌وه كراوه و ده‌بێت وه‌ربگیرێنه‌وه"
تا ئێستا 407 پۆستی كورد له حكوومه‌تی عێراق به‌وه‌كاله‌ت به‌ڕێوه ده‌برێن، كورد ئه‌و پۆستانه‌ی پڕ نه‌كردووه‌ته‌وه به‌ڵام فه‌رامۆشی نه‌كردوون، یه‌كێك له خاڵه‌كانی گفتوگۆی هه‌ردوولا له‌سه‌ر ئه‌و پۆستانه‌یه، كاك ئه‌مین نه‌جاڕ ده‌ڵێت: "گرنگه پۆسته‌كان وه‌ربگرینه‌وه، له‌وانه بریكاری وه‌زیری ناوخۆ و سهرۆكئهركان و شوێنه‌كانی دیكه، زیاتر له 400 پۆسته و ده‌بێت ئه‌مانه به گفتوگۆ له‌گه‌ڵ به‌غدا وا بكه‌ین پڕیان بكه‌ینه‌وه، ئێستا خه‌ریكین و گفتوگۆ له‌و بارەیەوه ده‌كه‌ین".
گوتیشی: "پێشمه‌رگه ده‌بێت ڕاهێنان و خه‌رجی له‌سه‌ر حكوومه‌تی عێراق بێت، سبه‌ی تیرۆرستی دیكه‌ش بێت پێشمه‌رگه ئه‌ركیه‌تی ڕووبه‌ڕوویان ببێته‌وه، هه‌روه‌ك چۆن ڕووبه‌ڕووی داعش بووه‌وه و ئێستاش سه‌نگه‌ری پێشمه‌رگه به‌رانبه‌ر به داعشه و مه‌ترسییان هه‌یه، بۆیه ده‌بێت به‌غدا مووچه‌ی هێزی پێشمه‌رگه بدات".
یه‌كێتی له‌باره‌ی دۆخەکەوە قسه ده‌كات
هه‌رئه‌وكات ساڵی 2010 یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، وه‌ك هێزێکی كاریگه‌ری كوردستان و عێراقیش ده‌ستخۆشییان له ده‌ستپێشخه‌ریی سه‌رۆك بارزانی كرد، سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتی بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌ڵێت: "كازمی له كاتێكدا هاتووه بۆ كوردستان پێشووتر له‌لایه‌ن كوردستانه‌وه پشتیوانیی لێ كراوه، پشتیوانییش ده‌كرێت و گفتوگۆكان به ئاراسته‌ی ئه‌رێنی هه‌نگاو ده‌نێت، هاتنهكهشیان په‌یوه‌ندیی به چه‌ند خاڵێكه‌وه هه‌یه، له‌وانه: یه‌كه‌م: یاسای میزانییه‌ی ساڵی 2021 كه ده‌چێته په‌رله‌مان و ده‌بێت ده‌نگی له‌سه‌ر بدرێت، عێراق ده‌یه‌وێت قه‌رز بكات، له‌به‌ر ئه‌و قه‌یرانه داراییه‌ی هه‌یبووه، ئێستاش ده‌یه‌وێت به به‌های 22 ملیار دینار دووباره قه‌رز بكاته‌وه و ئه‌م قه‌رزه به ئاسانی په‌رله‌مان ڕەزامهندیی له‌سه‌ر نادات، بۆیه ده‌یه‌وێت له ڕێگای ئه‌م یاسایه‌وه قه‌رزه‌كان بكات، دووه‌م: بابه‌تی هه‌ڵبژاردنه، له‌وانه فره بازنەیی و كهمبازنهیی و ئه‌مه‌ش بیروڕای جیاوازی تێدایه، له عێراق و كوردستان ئه‌م پرسه‌ش باس ده‌كرێت، سێییه‌م: كازمی ده‌یه‌وێت هه‌یبه‌تی ده‌وڵه‌ت بگه‌ڕێنێته‌وه و چه‌ك بگه‌ڕێته‌وه ده‌ست ده‌وڵه‌ت و ئه‌وانیش نوێنه‌رایه‌تیی حكوومه‌ت ده‌كه‌ن و هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ش یه‌كێكه له ته‌حه‌داكانی كازمی، ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردن بكرێت وه‌ك جاران بێت، خۆپێشاندان ده‌ست پێ ده‌كاته‌وه و گرفته‌كان قووڵ ده‌بنه‌وه، چواره‌م: یه‌كێك له ئامانجەکانی سه‌ردانه‌كه هاتنی سوپای توركیایه بۆ سنووره‌كان، كه هێزی ئاسمانی و زه‌مینی داخل بووه و ئه‌مه‌ش برینداركردنی سه‌روه‌ریی كوردستان و عێراقه و ده‌بێت عێراق له‌و بارەیەوه بێته جواب، ده‌بێت كوردستان له‌و بارەیەوه هاوكاری بكه‌ن".
"سه‌رله‌نوێ پێداچوونه‌وه به هێزی هاوپه‌یمانان و هێزه عێراقییه‌كان بابه‌تی گفتوگۆكردن بووه"
له‌باره‌ی ئه‌گه‌ری دووباره ده‌ستپێشخه‌ریی سه‌رۆك بارزانی، بۆ دۆخه‌كه، سه‌عدی پیره ده‌ڵێت: "رێگای دیكه هه‌یه ئێستا چوونی شاندی كوردستان له‌گه‌ڵ شاندی عێراق بۆ ئه‌مه‌ریكا و هاتنی سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا بۆ عێراق، جه‌ختكردنه‌وه‌ی له‌سه‌ر عێراقی ئارام له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تییه‌وه بووه‌ته پرۆژه و ڕاسپارده كه ده‌بێ پێشوازیی لێ بكرێت و دۆسته‌كانی عێراق داوا ده‌كه‌ن هه‌ولێر و به‌غدا ڕێك بكه‌ون, ئه‌م ڕێكکه‌وتنه‌ی به‌غدا و واشنتۆنیش بریتییه له واژۆكردن له‌سه‌ر پرسی وزه و زۆر پرسی دیكه كه یادداشتی لێکگه‌یشتنه، زیاتر له‌وه‌ی باس ده‌كرێت، له‌وانه پرسی ته‌ندروستی و ئابووری و په‌روه‌رده‌یی له‌خۆ ده‌گرێت و سه‌رله‌نوێ پێداچوونه‌وه به هێزی هاوپه‌یمانان و هێزه عێراقییه‌كاندا بابه‌تی گفتوگۆكردن بووه، ئه‌مه كاریگه‌ریی خۆی ده‌بێت له‌سه‌ر داهاتووی عێراق و كوردستانیش".
ڕاپۆرتی شیكاری: كارزانی سه‌باح هه‌ورامی