Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
FRI, 7 AUG 2020 15:45 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
نوێبوونەوە . دادپەروەری . پێکەوەژیان
 

مەسرور بارزانی: پرۆژەی شەقامی 100 مەتری یەکێکە لە پرۆژە گەورەکانی حکومەت
| KDP.info


سلێمانی-KDP. info-  مەسرور بارزانی لە مەراسیمی دانانی بەردی بناغەی شەقامی 100 مەتری لە سلێمانی رایگەیاند، پرۆژەکە یەکێکە لە پرۆژە گەورەکانی حکومەت و خەڵکی سلێمانی شایەنی پرۆژەی زیاترن.

راشیگەیاند، خۆم به‌ به‌خته‌وه‌ر ده‌زانم و خۆشحاڵم ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵ ئێوه‌ به‌شدارم بۆ دانانی به‌ردی بناغه‌ی شه‌قامی 100 مه‌تری سلێمانی. بێگومان یه‌كێكه‌ له‌ پرۆژه‌ هه‌ره‌ گه‌وره‌ و ستراتیژیەکانی حكومه‌ت بۆ شاری خۆشه‌ویستی سلێمانی.

سەرۆک وەزیران گووتی، خۆشه‌ویستانی سلێمانی شایه‌نی ئه‌و پرۆژه‌یه‌ و پرۆژه‌ی گه‌وره‌ترن، ئێمه‌ له‌ حكومه‌ت به‌ڵێنمان داوه‌ خزمه‌تكاری هه‌مووان بین.

ئاماژەی بەوەشکرد، له‌م حكومه‌تە گرنگی به‌ هەموو ژێرخانەکان ده‌ده‌ین، رێگه‌وبانیش به‌شێكی سه‌ره‌كییه‌، لێره‌وه‌ پرۆزبایی له‌ خه‌ڵكی سلێمانی ده‌كه‌م.

مەسرور بارزانی دووپاتیکردەوە، راسته‌ ئه‌و پرۆژه‌یه‌ ده‌مێكه‌ قسه‌ی له‌سه‌ر ده‌كرێت، له‌م كابینه‌یه‌دا ئێمه‌ به‌ڵێنه‌كه‌مان برده‌ سه‌ر، دوای ئه‌وه‌ی خوێندنه‌وه‌یه‌كی زانستیانە بۆ پرۆژەکە کرا به‌ دیزاینێك و بودجه‌یه‌كی باشتر. ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ ده‌ستكه‌وتێكی گه‌وره‌ بۆ خه‌ڵكی سلێمانی و ته‌واوی هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان.

سەرۆکی حکومەت لە سلێمانی رایگەیاند، لە حكومه‌ت بێ جیاوازی گرنگیمان به‌ هه‌موو ناوچەکان داوه‌، بەڵام دوای ده‌ستپێكردنی کارەکان هه‌ندێك قه‌یران هاتنه‌ پێش، كه‌ رێگری له‌ زۆر پرۆژه‌ی حكومه‌ت كرد، به‌ڵام ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی ئه‌م پرۆژه‌یه‌ نیشانه‌یه‌كه‌ بۆ به‌رده‌وامیی و ناهێڵین هیچ قه‌یران و ئاسته‌نگێک بمانوەستێنێت و كابینه‌كه‌شمان خزمه‌تگوزار ده‌بێت بۆ هه‌موو لایه‌ك.

راشیگەیاند، سوپاسی قوباد تاڵه‌بانی، جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت ده‌كه‌م و به‌رده‌وام ده‌بین له‌ خزمه‌تگوزاری. ئێمه‌ حكومه‌تێكی فره‌لایه‌نین و هاوپه‌یمانین‌ له‌ چه‌ند حزبێكی جیاواز پێکهاتووین، به‌ڵام ئه‌وه‌ی لێمان دیاره‌ هیچ هه‌ست به‌وه‌ ناكه‌ین كه‌ له‌ حزبی جیاواز بین، ئه‌مه‌ش وایكردووه‌ تیمه‌كه‌ گونجاوتر به‌یه‌كه‌وه‌ كاربكه‌ین. ئێمە، بەخۆم و جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیرەکانەوە، کەسی حزبیمان نییە.

سەرۆک وەزیران دەڵێت، ئێمه‌ به‌رده‌وام ده‌بین بۆ ئه‌وه‌ی رووبه‌ڕووی ئه‌و قه‌یرانرکان‌ ببینه‌وه‌ و ئه‌وه‌ی له‌ تواناماندا بێت دەیکەین بۆ ئه‌وەی ئەو جۆره‌ پرۆژانه‌ له‌ كاتی پێویست جێبه‌جێ بكرێن. رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی قه‌یرانی ئابووری، كه‌ تووشمان بووه‌، له‌گه‌ڵ بڵاوبوونه‌وه‌ی په‌تای كۆرۆنا و دابه‌زینی نرخی نه‌وت، كه‌ هه‌ره‌سی به‌ زۆر شوێنی جیهان هێناوه‌ و كوردستانیش له‌و قه‌یرانه‌ به‌ده‌ر نییه، کاریگەری لەسەر حکومەت هەبووە‌. ئه‌وه‌ش ناچاری كردووین خۆمان بگونجێنین، سوپاسی خۆڕاگری و تێگه‌یشتنی هه‌موو خه‌ڵكی كوردستان ده‌كه‌م؛ له‌گه‌ڵ ئێمه‌ وه‌ستان و پشوو دریژ بوون له‌ دواكه‌وتنی مووچه‌.

مەسرور بارزانی ئەوەشی خستەڕوو، هه‌ندێكجار خوێندنه‌وه‌ی جیاواز ده‌كرێن، پرۆسه‌ی چاكسازی به‌رده‌وامە له‌ حكومه‌ت، به‌ڵام به‌ شه‌و و رۆژێك ناكرێت ئه‌نجامه‌كانی به‌دیار بکەون، به‌ڵام شتی باشمان كردووه‌ و به‌شێك له‌و چاكسازییانه‌ ئه‌نجامه‌كه‌یان دیاره‌. ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ نه‌بووایه‌ نه‌مانده‌توانی زۆر شت بكه‌ین.

گووتیشی، نه‌ناردنی ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ی کە بۆ مووچه لە لایەن بەغدا‌ دیاریكرابوو، وایكردووه‌ تووشی گرفت له‌ دابه‌شكردنی مووچه‌ له‌كاتی خۆیدا ببین. ئه‌و خوێندنه‌وانه‌ی باس ده‌كرێن كه‌ ده‌ستكاری مووچه‌ به‌شێكه‌ له‌ چاكسازی، وا نییه‌، چونكه‌ ئێمه‌ به‌ ناچارییه‌وه‌ ده‌ستكاری مووچەمان کردووە، به‌ڵام له‌ چاكسازیش به‌رده‌وام ده‌بین و پرۆسه‌یه‌كی دوور و درێژه‌ و به‌ شه‌و و رۆژێك كۆتایی نایه‌ت، بۆیه‌ سوپاسی خه‌ڵكی ده‌كه‌م كه‌ پشوو درێژبوونه‌ و تێده‌گه‌ن كه‌ ئه‌و قه‌یرانه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌تدا نه‌بووه‌. سەرۆک وەزیران لە درێژەی قسەکانی گووتی، هاوكاریكردنی كه‌رتی تایبه‌ت وا ده‌كات زووتر ئه‌و قه‌یرانانه‌ تێپه‌ڕێنین و هه‌لیكاری زیاتریش دابین بكرێت، ده‌توانرێت ده‌رفه‌تێكی باشتریش بۆ ره‌وشی ئابووری كوردستان بهێنینه‌ ئاراوه‌. خه‌می یه‌كه‌می ئێمه‌ دابینكردنی مووچه‌یه‌، به‌ڵام دواجار جێبه‌جێكردنی پرۆژه‌ی ستراتیژیش بۆ خزمه‌تی ئێوه‌ی خۆشه‌ویسته‌.

مەسرور بارزانی راشیگەیاند، هیوادارم بتوانین رووبه‌ڕووی په‌تای كۆرۆنا ببینه‌وه‌ و داوا ده‌كه‌م هه‌مووان پابه‌ندی رێنماییه‌ ته‌ندروستییه‌كان ببن، سوپاسی تیمی خۆجێیی سلێمانیش ده‌كه‌م كه‌ به‌ خه‌مخۆری دڵسۆزانه‌ له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی سلێمانی خۆشه‌ویست وه‌ستان، به‌وپه‌ڕی دڵسۆزییه‌وه‌ ئه‌ركی خۆیان جێبه‌جێ كرد. له‌وانه‌یه‌ خواستی زۆری خه‌ڵك ئه‌وه‌ بێت ده‌سه‌ڵاتی زیاتر به‌ پارێزگاره‌كان بدرێت، بێگومان ئه‌وه‌ش له‌ كارنامه‌ی كابینه‌ی ئێمه‌دا هاتووه‌ و زۆرترین ده‌سه‌ڵاتیشمان پێداون و له‌ داهاتووش زیاتر ده‌بێت.

سەرۆک وەزیران لە کۆتایی قسەکانی داوایکرد، په‌تای كۆرۆنا مه‌ترسییه‌كی جددی ته‌ندرووستییه‌ له‌سه‌ر هه‌موو خه‌ڵكی كوردستان، بۆ پاراستنی خۆتان و كه‌سوكار و هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان، پابه‌ندی رێنماییه‌كان ببن، تكا ده‌كه‌م با مه‌ترسی ئه‌و په‌تایه‌ به‌ سیاسی نه‌كرێت، با ئه‌و خۆشه‌ویستانه‌ی له‌ كه‌رتی ته‌ندرووستی كار ده‌كه‌ن له‌ پزیشكان و كارمه‌ندان کە خۆیان ده‌خه‌نه‌ مه‌ترسی له‌به‌ر چاوتان بێت. ئه‌و رێنماییانه‌ی حكومه‌ت ده‌ریكردوون ئێستا ئه‌ركه‌كه‌ی ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر شانی هاووڵاتیان، بۆیه‌ خۆتان بپارێزن. دڵنیام دوای تێپه‌ڕبوونی ئه‌و قه‌یرانه‌، حكومه‌ت و هه‌رێمی كوردستان به‌ گشتی پێدەخاتە قۆناغێكی گه‌شتر و باشتر و ئابوورییه‌كی به‌هێزتر.




دوایین هەواڵەکان

ئه‌نجامی لێكۆڵینه‌وه‌ى ڕووداوه‌كه‌ی نه‌خۆشخانه‌ی ڕزگاری ڕاگه‌یه‌ندرا

FRIDAY, 07 AUGUST 2020 13:08:13

ھەولێر-KDP.info- دوای ئەوەی لە سەر فەرمانی سەرۆکی حکومەتی هەریمی کوردستان لێژنەیەکی لێکۆڵینەوەو به‌دواداچوونی بۆ رووداوەکەی نه‌خۆشخانه‌ی رزگاری له ‌هه‌ولێر ڕاسپارد، ئەمڕۆ لێژنەکە دەرەنجامی لیکۆڵینەوەکەیان لەپێنج خاڵدا کۆکردەوە. لیژنەکە ئاماژە بەوە دەکات کە لە نەخۆشخانە هیچ کەسێک بە هۆی نەمانی ئۆکسجین نەمردووە، تەنها هەندێک کێشەو کەم و کوڕی لە لایەنی کاڕگیڕی دا هەبوە، ئەم مەسەلەیە تەنها مزایەدەی سیاسی پێوە کراوەو بە مەبەست پلانیان بۆ کارێکی لەم شێوەیە دانا بووە.

پارتی سەرەخۆشی لە بەڕێز محەمەد مەلا ئیسماعیل دەكات

THURSDAY, 06 AUGUST 2020 23:08:18

ھەڤاڵی بەڕێز محەمەد مەلا ئیسماعیل

پرسەنامەی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ كۆچی دوایی كەسایەتی نیشتیمانپەروەر(جەلیل گادانی)

THURSDAY, 06 AUGUST 2020 23:08:09

بەڕێزان خانەوادەی تێكۆشەرو نیشتیمانپەروەر(جەلیل گادانی)

پارتی سەرەخۆشی لە خانەوادەی خالید ئاژگەیی دەکات

THURSDAY, 06 AUGUST 2020 19:08:12

بەڕێزان خانەوادەی خوالێخۆشبوو (خالید ئاژگەیی)

 
دیاری حوسێن: بارەگا لە بەغدایش ناکەیەنەوە ئەگەر ئاڵای کوردستانی لەسەر نەبێت

THURSDAY, 06 AUGUST 2020 18:08:05

کەرکووک-PDK.info-  بەرپرسێکی پارتی لە کەرکووک پێی وایە لەگەڵ گەڕانەوەی ھێزی پێشمەرگە بۆ کەرکووک پارتی دەگەڕێتەوە نێو بارەگا داگیرکراوەکانی لە کەرکووک و دەڵێ، ڕادەستکردنەوەی بارەگاکانمان پەیوەستە بە گەڕانەوەی ھێزی پێشمەرگە بۆ کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکان.

 



 
© 2020 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact