هەولێر-PDK.info- پێکھاتەکانی کەرکووک دەیانەوێ ڕەوشی پارێزگاکەیان ئاسایی بکەنەوە، کە دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر بەسەریاندا سەپێندرا و ئەندامێکی کوردی لیژنەی ئاساییکردنەوەی ڕەوشی کەرکووکیش وا دەڵێ.
شاخەوان عەبدوڵڵا، ئەندامی لیژنەی ئاساییکردنەوەی ڕەوشی کەرکووک، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "پێشتر لەسەر دوو ئاست کار بۆ ئاساییکردنەوەی ڕەوشی کەرکووک کراوە، یەکێک لە ھەوڵەکان لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە سەرپەرشتی دەکرا و ھەموو پێکھاتەکانی کەرکووک تێیدا بەشدار بوون، قۆناغێکی زۆر چووە پێشەوە، بەڵام بەداخەوە بەھۆی ئاڵۆزبوونی ڕەوشی عێراق ڕێککەوتن ئیمزا نەکرا."
ئەندامەکەی لیژنەی ئاساییکردنەوەی ڕەوشی کەرکووک گوتیشی: "لە دوولاوە دانوستان دەستی پێ کردووەتەوە، ھەم لەسەر ئاستی بەغدا و هەم ئەوەیشی کە نەتەوە یەکگرتووەکان خۆی سەرپەرشتیی دەکات."
شاخەوان عەبدوڵڵا ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ئێمە پێشتر شتێکی ئەوتۆمان نەمابوو، ھەنگاوی باش نراوە و ھەر ئەوەی پێشتر لێکتێگەیشتن ھەبووە لەسەر ئاساییکردنەوەی ڕەوشەکە وەک ڕێککەوتن ئیمزا دەکرێت و دەخرێتە واری جێبەجێکردن کە من گەشبینم بەوەی بگەینە ئەنجامێکی دڵخۆشکەر."
قائید میرۆ