هەولێر-KDP.info- سێ ساڵ پێش ئێستا، لە رێگەی فۆڕمێكەوە ناوی كرێنشینان و ئەوانەی سوودمەند نەبوونە لە وەرگرتنی زەوی، تۆمار كراوە و وەزیری شارەوانییش دەڵێ، دابەشكردنی زەوی پەیوەستە بە سیاسەتی گشتیی حكوومەتی ھەرێمی كوردستانەوە و ھەر كاتێك بڕیار بدرێت بۆ دابەشكردنی زەوی، شارەوانی جێبەجێی دەكات.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ھەر كەسێك لە ھاووڵاتی و فەرمانبەر پێشتر فەرمانی وەرگرتنی زەویی ھەبێت، بێگومان مافی نافەوتێت و زەویی پێ دەدرێت، بە تایبەتی ھەر خانەوادەیەكی سەربەرزی شەھیدان فەرمانی ھەبووبێت، زەویی پێ دراوە".
وەزیری شارەوانی جەختی كردەوە: "تەنیا لە حاڵەتێك نەبێت لە ھەندێ شار و شارۆچكە زەوی ئیفرازكراو نەبێت دواكەوتبێت پێدانی زەوی، بەڵام لە سەنتەری شارە گەورەكان ھەموو خێزانێكی شەھید سوودمەند بووە لە وەرگرتنی زەوی بەپێی بڕیاری سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران".
لەبارەی دابەشكردنی زەوی بۆ كرێنشینان و فەرمانبەران، ساسان عەونی گوتی: "دابەشكردنی زەوی لە دەسەڵاتی ئێمەدا نییە وەك شارەوانی، بەڵكو پەیوەستە بە سیاسەتی گشتیی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، ھەر كاتێك بڕیار بدرێت لەلایەن حكوومەتەوە، وەزارەتی شارەوانی ئامادەیە بۆ جێبەجێكردن".
قائید میرۆ