Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
FRI, 14 AUG 2020 20:49 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
نوێبوونەوە . دادپەروەری . پێکەوەژیان
 

فازڵ میرانی: جه‌نابی سه‌رۆك و هه‌موو براده‌رانی مه‌كته‌ب سیاسیی ئێمه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ سه‌ركردایه‌تیی نوێی یه‌كێتی ده‌كه‌ین
| KDP.info


ھەولێر - KDP.info -  فازڵ میرانی، سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، ده‌ڵێ: دوای جه‌ژن كۆبوونه‌وه‌ی هه‌ردوو مه‌كته‌ب سیاسی ده‌كرێت، دواتر هه‌وڵ بۆ كۆبوونه‌وه‌ی لووتكه‌ دەدرێت، ده‌شڵێت: نه‌ برایانی یه‌كێتی ئێمه‌یان بانگهێشت كرد بۆ كۆنگره‌ی خۆیان، نه‌ ئێمه‌ش نامه‌یه‌ك، یان بروسكه‌یه‌كمان كرد بۆ كۆنگره‌كه‌یان، كه‌ من ده‌ڵێم حه‌ق بوو ئێمه‌ بروسكه‌یان بۆ بكه‌ین. هه‌روه‌ها گوتی: هه‌م جه‌نابی سه‌رۆك، هه‌م هه‌موو براده‌رانی مه‌كته‌ب سیاسیی ئێمه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ سه‌ركردایه‌تیی نوێی یه‌كێتی ده‌كه‌ین.

 

میرانی دەر‌باره‌ی خۆپێشاندانه‌كانی دهۆك ده‌ڵێت: "خۆپێشاندان مافی ڕه‌وای خه‌ڵكه‌ ئه‌گه‌ر مۆڵه‌ت وه‌ربگیرێت، به‌ڵام ڕمووزی براده‌رانی یه‌كگرتوو له‌ناو خۆپێشانده‌رانی دهۆكدا هه‌بوو، كه‌ ئه‌وه‌مان له‌ یه‌كگرتوو پێشبینی نه‌ده‌كرد.'' هه‌روه‌ها گوتی: "هه‌ندێك په‌رله‌مانتاری حیزبه‌كانی تر پێشتر ده‌یان گوت داهاتی ناوخۆیی به‌شی هه‌رێم ده‌كات، من حه‌ز ده‌كه‌م ئه‌وانه‌ ئه‌مڕۆ بێن داهاتی ناوخۆیی بژمێرن و كۆی بكه‌نه‌وه‌، من ده‌ڵێم خۆزگه‌ كوردیش ده‌وڵه‌تی خۆی هه‌بووایه‌، با شه‌ش مانگیش مووچه‌مان وه‌رنه‌گرتایه‌، ئێمه‌ ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌تمان هه‌بووایه‌، ته‌نها به‌ داهاتی نه‌وتی خۆمان ده‌مانتوانی مووچه‌ی خۆمان بده‌ین."

 

"پێوەندیی پارتی و یەکێتی ستراتیژییە"

له ‌سه‌ره‌تای وتووێژه‌كه‌دا سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان سه‌باره‌ت به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی حیزبه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان ده‌ڵێت: "په‌یوه‌ندیی پارتی و یه‌كێتی، په‌یوه‌ندییه‌كی ستراتیژییه‌، ئه‌گه‌ر له‌ ڕووی مه‌سه‌له‌ی نه‌ته‌وایه‌تی و ده‌ستكه‌وتی بزاڤی ڕزگاریخوازیی كوردستانه‌وه‌ سه‌یری بكه‌ین، سه‌رهه‌وراز و سه‌رنشێو هه‌یه‌ له‌و په‌یوه‌ندییه‌دا، خۆ په‌یوه‌ندییه‌كانی ئێمه ‌له‌ شه‌ڕی ناوخۆی "شووم" خراپتر نه‌بووه‌."

 

"ئه‌مه‌ی له‌ سۆشیال میدیا و له‌ هه‌ندێك هه‌وادارانی پارتی، یان یه‌كێتی، ئه‌وانه‌ی خوێنیان سووره‌، یان زه‌رده،‌ یان سه‌وزه‌، ئه‌مه‌ گوزارشتی هه‌ستی هه‌ندێك خه‌ڵكه‌، كاتییه‌، به‌ڵام پرسیارێك ده‌كه‌م ئه‌گه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كانی پارتی و یه‌كێتی باش نه‌بن، ئه‌م هه‌رێمه‌ی كه‌ به‌ خوێنی شه‌هیده‌كانی هه‌ردوو حیزب بوو، به‌ ماندووبونی سه‌ركردایه‌تییه‌كانی هه‌ردوو حیزب ئه‌وانه‌ی شه‌هید بوون و ئه‌وانه‌ی ته‌مه‌نی خۆیان كردووه‌، ئه‌وانه‌ی ئێستا گه‌نجن و ئه‌وانه‌ی به‌ساڵدا چوون، ئه‌م ئه‌زموونه‌یان پاراستووه‌ كه‌ ئه‌مڕۆ خاوه‌نی فیدڕاڵیه‌تن و ده‌ڵێن ئه‌م دوو حیزبه‌ هیچیان نه‌كردووه،‌ به‌دیلی ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌ چییه‌؟ به‌دیلێكی باشترمان هه‌یه؟ من ده‌ڵێم نا." فازڵ میرانی وای گوت.

 

فازڵ میرانی گوتیشی: "با به‌ كورتی و به‌ كرمانجی پێت بڵێم، ئه‌و دۆخه‌ی له‌ناو خودی یه‌كێتیدا هه‌بوو پێش كۆنگره‌ وای لێ كردبوو كه‌ هه‌ندێك په‌یوه‌ندییه‌كانی پارتی و یه‌كێتی سارد ببنه‌وه‌ و‌ ئه‌و ساردیه‌ش بوو به‌ هۆكار کە نه‌ برایانی یه‌كێتی ئێمه‌یان بانگهێشت كرد بۆ كۆنگره‌ی خۆیان، نه‌ ئێمه‌ش نامه‌یه‌ك یان بروسكه‌یه‌كمان كرد بۆ كۆنگره‌كه‌یان، كه‌ من ده‌ڵێم حه‌ق بوو ئێمه‌ بروسكه‌یان بۆ بكه‌ین، ئه‌وان بانگهێشتیان نه‌كردین، بانگهێشتی خه‌ڵكی تریان كردبوو، گوتیان ئێمه‌ بانگهێشتی كه‌س ناكه‌ین، كه‌چی ئێمه‌ له‌ ته‌له‌ڤزیۆن خه‌ڵكی ترمان بینی وه‌كو میوان، ئه‌و مافه‌مان له‌سه‌ریان هه‌بوو له ‌میوانه‌كانی تر له‌پێشتر بین، به‌ڵام نه‌ده‌بووایه‌ ئێمه‌ بروسكه‌یان بۆ نه‌نێرین، یان كه‌ سه‌ركردایه‌تیی تازه‌ هه‌ڵبژێردرا پیرۆزباییان لێ نه‌كه‌ین، ئه‌مه‌ خۆمان "ئیعتراف" ده‌كه‌ین كه‌ ده‌بووایه‌ بیكه‌ین، به‌ڵام بۆ نه‌مانكرد‌ووه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌و هۆكارانه‌ی پێشتر، ئێستاش كه‌ ئه‌وه‌مان نه‌كردووه‌ مانای ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ ئه‌م دابڕانه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت."

" هه‌م جه‌نابی سه‌رۆك، هه‌م هه‌موو براده‌رانی مه‌كته‌ب سیاسی ئێمه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ سه‌ركردایه‌تیی نوێی یه‌كێتی ده‌كه‌ین "

 

فازڵ میرانی جه‌ختی كرده‌وه: ‌"به‌ڕاستی-ش ئێمه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ سه‌ركردایه‌تیی نوێی یه‌كێتی ده‌كه‌ین، هه‌م جه‌نابی سه‌رۆك هه‌م هه‌موو براده‌رانی مه‌كته‌ب سیاسیی ئێمه‌، ئێمه‌ ده‌ست وه‌رناده‌ین له‌ ئیش و كاری نێوخۆییی یه‌كێتی، هه‌رچی "ده‌رهاوێشته‌كه‌ی" كۆنگره‌ی چواره‌می یه‌كێتی هاتووەته‌وه‌، ئێمه‌ ئه‌وه‌ به‌ سه‌ركردایه‌تیی یه‌كێتی ده‌زانین و دیسان دووباره‌ پیرۆزبایی له‌ سه‌ركردایه‌تیی تازه‌ ده‌كه‌ین به‌ هاوسه‌رۆكه‌كانیشه‌وه‌، ئێمه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و سه‌ركردایه‌تییه‌ نوێیه‌ی یه‌كێتی ده‌كه‌ین. براده‌رێك وه‌كو كردار و په‌رچه‌كردارێك گوزارشت لێك ده‌داته‌وه‌، ئه‌مه‌ گوزارشت له‌ بۆچوونی ڕه‌سمیی پارتی دیموكراتی كوردستان ناكات."

 

میرانی ئه‌وه‌شی گوت: "له ‌ڕاستیدا ئێمه‌ دوو ئاراسته‌مان نییه‌، له‌وانه‌یه‌ هه‌ندێك له‌نێو خۆماندا بیروڕای جیاوازمان هه‌بێت، ئینجا كاته‌، شێوه‌ی مامه‌ڵه‌كردنه‌، شێوه‌ی پێكهێنانی حكوومه‌ته‌، یان بابه‌تێكی تر، به‌ڵام له‌ كۆتاییدا ئێمه‌ یه‌ك ئاراسته‌مان هه‌یه‌، ئه‌و ئاراسته‌یه‌ كه‌ مه‌كته‌بی سیاسی ئاماده‌ی ده‌كات، "جه‌نابی سه‌رۆك" و جێگره‌كه‌ی بڕیاری لێ ده‌ده‌ن، ئه‌وه‌ په‌یڕه‌وی لێ ده‌كرێت له‌لایه‌ن هه‌موو سه‌ركردایه‌تیی پارتییه‌وه‌."

 

" كێ ده‌ستپێشخه‌ری بكات ئه‌وه‌ جوامێره‌ "

له ‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی کە ئایا بۆ كۆبوونه‌وه‌ی نێوان پارتی و یه‌كێتی ئێوه‌ چاوه‌ڕێی ده‌ستپێشخه‌ریی یه‌كێتین، یان خۆتان ده‌ستپێشخه‌ری ده‌كه‌ن؟ له ‌وه‌ڵامدا سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌ڵێت: "كێ ده‌ستپێشخه‌ری بكات ئه‌وه‌ جوامێره‌، كاتی خۆی "عومه‌ر شێخ مووس''، یادی به‌خێر بێت، ده‌یگوت به‌رپرسانی ئێمه‌ی كورد له‌ به‌غدا سیاسه‌ت ناكه‌ن، جوامێری ده‌كه‌ن، من پێم باشه‌ هه‌ردوولامان جوامێری بكه‌ین، چونكه‌ ئه‌مه‌ خزمه‌ته‌ بۆ میلله‌تی خۆمان و، جوامێری له‌ نێوان پارتی و یه‌كێتیدا ئاسایشی خه‌ڵكی كوردستان سه‌قامگیر ده‌كات و خه‌ڵكیش چاوه‌ڕوانی ئه‌مه‌ له‌ ئێمه‌ ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ نابێته‌ كێشه‌."

 

" دوای جه‌ژن كۆبوونه‌وه‌ی هه‌ردوو مه‌كته‌ب سیاسی دەکرێت"

فازڵ میرانی ده‌شڵێت: "خودا یارمه‌تیمان بدات دوای جه‌ژن هه‌ردوو مه‌كته‌بی سیاسی كۆ ده‌بنه‌وه‌ و‌ دوای ئه‌و كۆبوونه‌وه‌ی مه‌كته‌ب سیاسی هه‌وڵ ده‌ده‌ین كۆبوونه‌وه‌یه‌كی به‌رزتر له‌وه‌ی مه‌كته‌ب سیاسی (كۆبوونه‌وه‌ی لووتكه‌) بكرێت، چونكه‌ نه‌ یه‌كێتی به‌بێ پارتی ده‌توانێت به‌رهه‌م و سوود و خۆشی له‌ "ده‌رهاویشته‌كانی" كۆنگره‌كه‌یان بكه‌ن، نه‌ ئێمه‌ به‌بێ یه‌كێتی ده‌توانیین بڵێین له‌ سلێمانی حوكمڕانین، چونكه‌ ئێمه‌ و یه‌كێتی ته‌واوكه‌ری یه‌كترین، كوردستان پێویستی به‌ ئاشته‌واییه‌كی سیاسی هه‌یه‌، حیزبه‌ سیاسییه‌كان پێویستیان به‌ ئاشته‌وایی هه‌یه‌، ئه‌م ئه‌حزابانه‌ كه‌ پێكه‌وه‌ بن جۆرێكه‌ له‌ وه‌فا بۆ میلله‌ت، میلله‌تی ئێمه‌ میلله‌تێكی پاكه‌، پشتیوانیی ئێمه‌ ده‌كه‌ن له‌ یه‌كڕیزی."

 

" حكوومه‌تی هه‌رێم فاشل نییه‌ وه‌ك خه‌ڵكێك ته‌مه‌ننا ده‌كه‌ن "

ده‌رباره‌ی ڕه‌خنه‌كان و ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ی ده‌ڵێن حكوومه‌تی هه‌رێم شكستی هێناوه‌، فازڵ میرانی گوتی: "حكوومه‌ته‌كه‌ حكوومه‌تێكی بێكه‌فائه‌ت نییه‌ و فاشل نییه‌ وه‌كو خه‌ڵكێك ته‌مه‌ننا ده‌كه‌ن، حكوومه‌ته‌كه‌ حكوومه‌تێكی تۆكمه‌یه‌ و، سێ هێزی سه‌ره‌كیی كوردستان تێیدا به‌شدارن، هه‌روه‌ها پێكهاته‌كانی كوردستان تێیدا به‌شدارن، به‌ڵام مه‌سه‌له‌یه‌ك هه‌یه‌، کە ئه‌م حكوومه‌ته‌ هات كێشه‌ی عێراق ده‌ستی پێ كرد، نرخی نه‌وت و كۆرۆنا ده‌ستی پێ كرد، قه‌یرانی ئابووری ته‌نها له‌ كوردستان نییه،‌ له‌ عێراقه‌، ئه‌م مووچانه‌ی كه‌ نه‌دراوه‌ له‌ حكوومه‌تی كۆنه‌وه‌ تا ئێستا سێ مانگ له‌ دواوه‌ین و ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سه‌رده‌می شه‌ڕی داعش تا ئێستا."

 

"ئه‌زموونێكمان هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ خۆپێشاندان به‌ڵام ئێمه‌ له‌گه‌ڵ توندوتیژی نین، نه‌ له‌لایه‌ن خۆپێشانده‌ره‌وه‌، نه‌ لەلایه‌ن حكوومه‌ته‌وه‌."

ده‌رباره‌ی خۆپێشاندانه‌كانی شاری دهۆكیش سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌ڵێت: "ئێمه‌ خۆپێشاندان به‌ مافی سروشتی ده‌زانین، به‌ ئیجازه‌ و به‌ شێوه‌ی ڕه‌سمی له‌ یاساكانی ئێمه‌دا هه‌یه‌ هه‌م په‌رله‌مانی ئێمه‌ ئه‌م یاسایه‌ی ده‌ركردووه‌، هه‌م له‌ ده‌ستووری ئاینده‌ی كوردستاندا ده‌بێ بچه‌سپێنرێت كه‌ مافی خۆپێشاندان مافی دیموكراتیی خه‌ڵكه‌، به‌ڵام ئه‌مه‌ش ڕێوشوێنی خۆی هه‌یه‌، خه‌ڵكێك هه‌یه‌ ده‌ڵێت با بڕژێینه‌ شه‌قام به‌بێ ڕه‌زامه‌ندیی حكوومه‌ت، خه‌ڵكێش هه‌ن ده‌ڵێن له‌ زۆرینه‌ی دنیا، ئه‌وانه‌ی خۆپێشاندان ده‌كه‌ن ده‌بێ مۆڵه‌تی پۆلیس وه‌رگرن بۆ ئه‌وه‌ی پۆلیس پارێزگارییان لێ بكات، خاڵی به‌ڕێكردنیان تا خاڵی كۆتاییان دیار بێت و یادداشتیان هه‌بێت."

 

دەنگی ئەمەریکا

 




دوایین هەواڵەکان

مەحموود محەمەد: بەجۆش و خرۆشەوە لەنێو دڵی گەلە خۆڕاگرەکەمان و کادیر و لایەنگران و جەماوەری سەربەرزی پارتی یادی شازدەی ئاب بەرز رادەگرین...لەبەر رێکارەکانی تەندروستی، گردبوونەوە و مەڕاسیم ئەنجام نادەین

FRIDAY, 14 AUGUST 2020 13:08:51

ھەولێر-KDP. info- (مەحموود محەمەد) گوتەبێژ و ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی بەبۆنەی ٧٤ ساڵەی یادی دامەزراندنی پارتی رایگەیاند، یادکردنەوەی جەماوەری بۆ ساڵیادی دامەزراندنی پارتی، لە شێوەی گردبوونەوە و مەڕاسیمە جەماوەریەکان، بەڕێوەناچن و، تەنیا لە رێگەی کەناڵەکانی میدیاوە بە شکۆوە ئەم یادە بەجۆش و خرۆشە لە نێو دڵ و دەروونی گەلە خۆڕاگرەکەمان و کادیر و لایەنگران و جەماوەری پارتی، بەرز و پیرۆز رادەگرێت.

جوولانه‌وه‌ى ناسیۆنالیزمى كوردى و كاریگه‌ریى له‌سه‌ر دروستبوونى پارتى دیموكراتى كوردستان

FRIDAY, 14 AUGUST 2020 12:08:35

ئاری نانەکەلی*

وه‌زاره‌تی دارایی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان وه‌ڵامی به‌یاننامه‌یه‌كی وه‌زاره‌تی دارایی حكومه‌تی ئیتیحادی دایه‌وه‌

THURSDAY, 13 AUGUST 2020 21:08:49

ھەولێر-KDP.info- ئه‌مڕۆ وه‌زاره‌تی دارایی حكومه‌تی هه‌رێم به‌ به‌یاننامه‌یه‌ك، وه‌ڵامی به‌یاننامه‌ی دوێنێی وه‌زاره‌تی دارایی عێراقی ئیتیحادی دایه‌وه‌. له‌ به‌یاننامه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی دارایی هه‌رێمدا هاتووه‌: حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌و كاته‌وه‌ی كه‌ له‌ په‌رله‌مانی كوردستان متمانه‌ی پێ به‌خشراوه‌، سیاسه‌تی چاره‌سه‌ركردنی ریشه‌یی سه‌رجه‌م كێشه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كانی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی ئیتیحادی له‌ چوارچێوه‌ی بنه‌ماكانی ده‌ستووری عێراق گرتووه‌ته‌به‌ر.

"پەکەکە زیندانی نھێنی لە شنگال ھەیە"

THURSDAY, 13 AUGUST 2020 18:08:19

هەولێر-KDP.info-  هه‌بوونی په‌كه‌كه‌ له‌ شنگال نیگه‌رانیی شنگالییه‌كانی لێ كه‌وتووه‌ته‌وه‌ و به‌هۆی ئه‌وانه‌وه‌ ده‌ستی ئاوه‌دانی به‌ شاره‌كه‌ ناگات، جیا له‌وه‌ش، شنگال كراوه‌ته‌ ناوه‌ندێكی سه‌ربازیی په‌كه‌كه‌ و خه‌ڵكی سڤیل بۆ كاری سه‌ربازی و سیاسی به‌كار ده‌هێنن و به‌شێكیشیان به‌و هۆیه‌وه‌ ناتوانن بگەڕێنه‌وه‌ شاره‌كه‌.

 
بابەکر زێباری: شەھیدکردنی دوو فەرماندەی پاسەوانی سنوور جێگەی گومانە

THURSDAY, 13 AUGUST 2020 18:08:14

هەولێر-KDP.info- لە ناوەڕاستی ئەمساڵ تورکیا ئۆپەڕاسیۆنێکی سەربازیی بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لەنێو خاکی ھەرێمی کوردستاندا دەستی پێ کردووە و ڕاوێژکاری سەرۆکی ھەرێمی کوردستانیش دەڵێ، تورکیا بەبێ پرسی ھەرێم ھاتووە و ھەڵوێستی عێراقیش زۆر لاوازە لەبەرامبەر دەستدرێژییەکانی تورکیا.

 


 
© 2020 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact