Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
SAT, 6 JUN 2020 08:19 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
نوێبوونەوە . دادپەروەری . پێکەوەژیان
 

شارەزایەکی بواری ئاسایش: به‌شداریی شاندی باڵای هه‌رێم له‌ کۆنگره‌ی میونشن بۆ ئاسایشی جیهان گرنگه‌
| KDP.info


سلێمانی -KDP.info- شارەزایەکی بواری ئاسایش ڕایده‌گه‌یه‌نێت، به‌شداریی شاندی هه‌رێمی کوردستان له‌ کۆنگره‌ی میونشن بۆ ئاسایشی جیهان گرنگه‌ و ده‌رخه‌ری ئه‌و ڕاستییه‌یه‌ که‌ ئێستا لە ڕووی ھاوکێشە نێودەوڵەتییەکانەوە کوردستانێکی به‌هێز هەیە. ھەروەھا ده‌شڵێت: "بەبێ کورد هاوکێشەکان تەواو شی ناکرێنەوە".

 

بڕیاره‌ ڕۆژی 14ی ئه‌م مانگه‌ له‌ ئه‌ڵمانیا به ‌به‌شداریی زیاتر لە 600 کەس لە سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیران و وه‌زیر و که‌سایه‌تیی گرنگ و کاریگه‌ر و خاوەنبڕیار لەسەر ئاستی جیهان، کۆنگره‌ی میونشن بۆ ئاسایشی جیهان به‌ڕێوه ‌بچێت و هه‌رێمی کوردستانیش به‌فه‌رمی بانگهێشی کۆنگره‌که‌ کراوه‌ و مه‌سروور بارزانی، سه‌رۆکی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان، به‌شداری له‌ کۆنگره‌که‌دا ده‌کات.له‌وباره‌یه‌وه‌، نیاز حاجی، له‌ لێدوانێکدا بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، گوتی: "دوو ساڵ له‌مه‌وبه‌ر حەیدەر عەبادی بەشداریی کۆنگرەی ئاسایشی میونشنی کرد و وەک براوەی شەڕ و به‌غرووره‌وه‌ وەک دۆڕاوی شەڕ شاندی هەرێمی کوردستانی بینی، بەڵام ئەمساڵ کورد به‌ دوو شاند به‌شداری ئەم کۆنگرەیە دەبێ، نەک ھەر حەیدەر عەبادی لەو کۆنگرەیەدا ئامادە نییە، بەڵکو عیراقیش لە دۆخێکدایە، دیار نییە کە بەشداریی تێدا دەکات، یاخود نا."

 

ته‌وه‌ری گفتوگۆکانی کۆنگره‌ی ئاسایشی میونشن چین؟

نیاز حاجی، له‌ لێدوانه‌که‌یدا تیشکی خسته‌ سه‌ر ته‌وه‌ری گفتوگۆکانی کۆنگره‌که‌ و گوتی: "لە کۆنگرەی میونشن بابەتی هەڕەشەکانی سەر ئاسایشی جیهان و گۆڕانی هاوسەنگی هێز گفتوگۆیان لەبارەوە دەکرێت، هەروەها کیشە و شەڕ و ململانێکانی ڕۆژهەڵاتی ئاسیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەگەری سەرهەڵدانەوەی داعش و ڤایرۆسی کۆرۆنا و دۆسیەی کۆچبەران و ئاسایشی وزە ئه‌و ته‌وه‌رانەن‌ که‌ گفتوگۆیان له‌باره‌وه‌ ده‌کرێت، با وردتر بڵێین شەڕ و ململانێ و ناسەقامگیرییەکانی لیبیا و عێراق و سووریا و یەمەن و لوبنان، ململانێی ئەمەریکا و ئیران و ئەمەریکا و کۆریای باشوور و ناسەقامگیریی دۆخی ناوخۆی ئەسیوبیا و بۆرکینافاسۆ و کشمیر و ڤەنزۆڤیلا و ئۆکرانیا دێنە گفتوگۆکردن".

سەبارەت بە به‌شداربووانی کۆنگره‌که‌ شارەزاکەی بواری ئاسایش ئاماژه‌ی به ‌که‌سایه‌تیی به‌شداربووانی گۆنگره‌که‌دا و گوتی: "بەشداربووانی کۆنگرەکە زیاتر لە600 کەسن، لە سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیران و وەزیر و سەرۆکی پەرلەمان و وەزیرانی دەرەوە و بەرگری و کەسانی بەشدار لە داڕشتنی بڕیار لەسەر ئاستی جیهان، بۆ نموونە سەرۆک ماکرۆن و سەرۆکوەزیرانی کەنەدا و هەرسێ وەزیری بەرگری و دەرەوە و وزەی ئەمەریکا لەگەڵ نانسی پیلۆسی، سەرۆکی ئەنجومەنی نوینەرانی ئه‌مەریکا و چەند کۆنگرێسمانێک، هەروەها وەزیرانی دەرەوەی ڕووسیا و چین و یابان و کۆمەڵێک وەزیر و سەرۆکوەزیرانی تری وڵاتان و خاوەنی کۆمپانیای تۆڕی کۆمەڵایەتیی فیسبووک تێیدا به‌شدارن."

 

بەشداریی کورد لە کۆنگره‌ و کۆنفرانسه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان و کاریگه‌رییه‌کانیان چییە؟

نیاز حاجی ئاماژه‌ی به‌وه‌ دا: "چەند کۆنگرەیەک هەیە لەسەر ئاستی جیهانی کە جگە له ‌دەوڵەتەکان، هەرێمەکان و کەسایەتییە کاریگەرەکانی سەر ئاستی جیهانیش بەشدارییان تیدا دەکەن، بۆ نموونە کۆنگرەی داڤۆس، کە زیاتر کۆبوونەوەیەکی ئابوورییە، ھەروەھا کۆنگرەی میونشن، ‌کە پەیوەندیی بە ئاسایشی جیهانه‌وه‌ هه‌یه‌، لەگەڵ کۆبوونەوە و کۆنگرەکانی کەشوهەوا. بیگومان لە هەردوو ئەو کۆبوونەوانەی کە پەیوەندییان بە ئابووری و ئاسایش و بەرگرییەوە هەیە، کورد لە حەوت ساڵی ڕابردوودا به‌شداریی باشی تێدا هەبووە، وەک بیرھێنانەوە، لە ساڵانی بیسته‌کانی سه‌ده‌ی ڕابردوو، کاتێک دوای جەنگی جیھانیی یەکەم نەخشەی ناوچەکە داڕێژرایەوە، کورد بە ھیچ شێوەیەک نزیکی بڕیاربەدەستانی ئەوکات نەبووە و بەشداریش نەبوو لەو ڕێککەوتن و کۆبوونەوە و کۆنگرانەی ئەوکات ئەنجام دەدران، بۆیە کورد بێبەش کرا لە بڕیاردان لە چارەنووسی خۆی، بەڵام دوای سەد ساڵ، دەبینین کورد به‌شداریی کارا و کاریگەری هەیە لە کۆنفرانس و کۆنگرەکانی جیھاندا، کە ئەمەش مایەی بایەخی زۆرە و ئومێدبەخشە." ھەروەک لە ڕاگەیاندنەکاندا دەگوترێت، کە کورد وەک ساڵانی پێشوو، ئەم جارەش به‌شداریی کۆنگرەی میونشن ده‌بێت، کە بریتیە لە سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەم بەشدارییە باڵایە گرنگە و کاریگەریی دەبێت لەسەر بڕیار و ڕاسپاردەکانی ئەم کۆنگرەیە و کۆنگرەکانی تریش.

 

ڕۆڵی هه‌رێمی کوردستان له‌سه‌ر ئاسایشی جیهانی چۆن ھەڵدەسەنگێنی؟

نیاز حاجی، له‌ درێژه‌ی لێدوانه‌که‌یدا ئاماژه‌ی به‌ ڕۆڵی هه‌رێمی کوردستان دا له‌ دابینکردنی ئاسایشی جیهانی و ڕایگه‌یاند: "هەرێمی کوردستان هەرێمێکی سەقامگیرە لە ناوچەیەکی پڕ لە ململانێدا، ئه‌وه‌ یه‌کێکه‌ له‌ خاڵه‌ گرینگه‌کان، دووه‌م هەرێمی کوردستان ڕۆڵێکی کارای هەبووە لە شەڕی داسەپاوی داعش و تیکشکاندنیان کە ئەو کۆنگرەیەش پەیوەندیی بە ئاسایشه‌وه‌ هەیە، داعشیش یەکێک لەو کارەکتەرانەیە کە مەترسی بوو لەسەر ئاسایشی جیهان، کەواتە بەشداریی کورد بەشێکی بۆ ئەوەیە کە ڕۆڵێکی کارای هەبووە لە تێکشکاندنی داعشدا و ئەو ڕۆڵەش بەردەوام دەبێت، چونکە خاوەنی هێزێکی شەڕکەرە بە ناوی هێزی پیشمەرگەی کوردستان و بوونی کرداریی هەیە و ھەبووە لە شەڕی دژ بە داعش و هێزێکی نزیکە له‌ هاوپەیمانان و ڕۆژئاوا و پرنسیپەکانی مافی مرۆڤ ڕەچاو دەکات، ھەروەھا هەرێمی کوردستان لەو ململانێیانەی لە ماوەی ڕابردوودا کە لە ناوچەکەدا بوونی ھەیە، هاوسەنگیی پاراستووە، کە ئەمەش وا دەخوازێت، کورد بوونی هه‌بێت و لەو جۆرە کۆنگرانە بانگهێشت بکرێت، بۆیە بەبێ بەشداریی کورد هاوکێشەکانی ئەمن و ئاسایش لەسەر ئاستی ناوخۆی عێراق و ھەرێمی و بگرە جیھانیش شیکار نابێت."

 

به‌شداریی کورد له‌ کۆنگره‌ی میونشن چەندە گرنگە؟

له‌باره‌ی گرنگیی به‌شداریی هه‌رێمی کوردستان له‌ کۆنگره‌که‌دا، ئه‌و شارەزایەی بواری ئاسایش، ئاماژه‌ی به‌وه‌ دا: "کۆنگرەی میونشن کۆنگرەیەکی بێلایه‌ن و سەربەخۆیە، ئەو لایەنانەی تێیدا بەشداری دەکەن ده‌توانن پەیوەندی لەگەڵ یەک گرێ بدەن، واتا کۆنگرەکە وەک ناوەندێکە تێیدا لایەنەکان گفتوگو و کۆبوونەوە و ڕیککەوتنی دولایەنە و چەندلایەنە و لابەلا ده‌که‌ن، کەواتە هەم بەشداربوون لە پانێڵەکان گرنگە، هەم پەیوەندییە لاوەکییەکان."

 

ئایا بانگهێشتی هەرێمی کوردستان بەشێکە لەوەی کوردستانێکی بەهێز هەیە؟

له‌ کۆتاییی لێدوانه‌که‌یدا، نیاز حاجی، گوتی: "بێگومان بەشداری و بوونی هەرێمی کوردستان لەم گۆنگرانەدا واتای بوونی کوردستانیکی بەهێز دەگەیەنێت، ئەمە بەو مانایەی کە بەبێ کورد هاوکێشەکان تەواو شیکار نابن، ئەوە ئاماژه‌ی ئەوە دەگەیەنێت کە کورد لە پێگەیەکی بەهێزدایە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، کە بەھۆیەوە دەتوانێت ھەم خۆی بپارێزێت و ھەم دۆزە ڕەواکەیشی بەرەو پێش ببات."

زریان کەمال

 




دوایین هەواڵەکان

بڵند ئیسماعیل: پارتی لەگەڵ یەکڕیزییە لەسەر پرسە نیشتمانی و ستراتیژییەکان

THURSDAY, 04 JUNE 2020 17:06:10

هەولێر – KDP.info -  بەرپرسێکی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاشکرای کرد، پارتی لەگەڵ یەکڕیزیی لایەنە سیاسییەکانە و دەشڵێ، پارتی و یەکێتی لەبارەی پرسە ستراتیژی و نیشتمانییەکان دەگەنە ڕێککەوتن و پارتی ئامادەیە بۆ تەباییی نێوان لایەنەکان لەپێناو بەرەژەوەندیی گشتی.

 

لیوا عه‌بدولخالق ته‌ڵعه‌ت: ئۆپەراسیۆنێكی هاوبه‌شی هاوپه‌یمانان و هێزەکانی عێراق به‌ئاگاداری هێزی پێشمه‌رگه‌ له‌ ناوچه‌كە ده‌ستی پێكردووه‌

THURSDAY, 04 JUNE 2020 15:06:19

به‌غدا-KDP.info-  نوێنه‌ری هه‌ردوو وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ و وه‌زاره‌تی ناوخۆ له‌ فه‌رمانده‌ی ئۆپراسیۆنه‌كانی عێراق گوتی، ئۆپراسیۆنێكی هاوبه‌ش له ‌نێوان هاوپه‌یمانان و هێزه‌ عێراقییه‌كان به‌ ئاگاداریی هێزی پێشمه‌رگه‌ له‌ هه‌موو ناوچه‌كان ده‌ستی پێ كردووه‌ و هێزی پێشمه‌رگه‌ كه‌ به‌شداری نه‌كردووه‌ به‌هۆی ئه‌وه‌ی سنووری هێزی عێراقی بووه‌، به‌ڵام هه‌ماهه‌نگیی باش له‌گه‌ڵ هێزه‌ عێراقییه‌كان هه‌یه‌ و ته‌نها له‌ سنووری قه‌ره‌چوغ هاوپه‌یمانان له‌ كۆی 26 گورز 19 داعشیان كوشتووه‌ و چه‌ندین مۆڵگه‌شیان خاپوور كردووه‌.''

 

خۆشناو: تاكه‌ هۆكاری كۆنه‌بوونه‌وه‌ی پەرلەمان خۆپارێزییه له‌ ڤایرۆسی كۆرۆنا نه‌ك بابه‌تی سیاسی

THURSDAY, 04 JUNE 2020 15:06:27

هەولێر-KDP.info- سەرۆكی فراکسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمان كوردستان ئاشكراى کرد، حه‌فته‌ی داهاتوو كۆبوونه‌وه‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان و سه‌رۆكفراكسیۆنه‌كانی په‌رله‌مان به‌ڕێوه‌ ده‌چێت و ڕێوشوێنه‌كانی ئه‌نجامدانی كۆبوونه‌وه‌ی پەرلەمانیش ده‌گیرێته‌ به‌ر. ده‌شڵێ: تاكه‌ هۆكاری كۆنه‌بوونه‌وه‌ی پەرلەمان خۆپارێزییه‌ له‌ ڤایرۆسی كۆرۆنا نه‌ك بابه‌تی سیاسی  .

 

شاندی حکوومەتی هه‌رێمی كوردستان دوو مه‌له‌ف له‌گه‌ڵ به‌غدا یه‌كلایی ده‌كاته‌وه‌

THURSDAY, 04 JUNE 2020 14:06:11

به‌غدا-KDP.info-  سه‌رۆكی نوێنه‌رایه‌تیی حکوومەتی هه‌رێمی كوردستان له ‌به‌غدا گوتی، بڕیاره‌ ڕۆژی شه‌ممه‌ی داهاتوو ده‌نگ له‌سه‌ر ته‌واوكردنی كابینه‌ی نوێی حکوومەتی عێراق بدرێت و دواتر شاندی حکوومەتی هه‌رێمی كوردستان دێته‌ به‌غدا و دوو مه‌له‌ف له‌گه‌ڵ به‌غدا یه‌كلایی ده‌كاته‌وه‌. ئه‌وانیش دارایی و ئه‌وه‌ی دیكه‌ش نه‌وت، چونكه‌ تا ئێستا وه‌زیری نه‌وت نییه، بۆیه‌ چاوه‌ڕێی وه‌زیری نه‌وت ده‌كرا و هه‌ركاتێك دانرا ئه‌وكات شاندی حکوومەتی هه‌رێم ئاماده‌یه‌ بۆ گفتوگۆ و چاوه‌ڕێی حکوومەتی عێراقە.

 

ئەكرەم ساڵح بۆ KDP: سەرەداوی تەقەكردن لە لیژنەی ناوچەی كفری دەست كەوتووە

THURSDAY, 04 JUNE 2020 11:06:24

گەرمیان-KDP.info- بەرپرسی لقی گەرمیانی پارتی دیموكراتی كوردستان، زانیاریی ورد لەبارەی تەقەكردن لە بارەگای لیژنەی ناوچەی پارتی لە سنووری كفری ئاشكرا دەكات و، باس لە هۆكارەكانی ئەو تەقەكردنە دەكات.

 


 
© 2020 Kurdistan Democratic Party, KDP