Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
FRI, 26 APR 2024 07:28 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

نێچیرڤان بارزانی: سەرهەڵدانەوەی داعش جیدییە و عێراق پێویستی بە ئەمریکایە
| KDP.info


هەولێر-KDP.info-  سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پانێڵێک لە داڤۆس لەبارەی ئاڵۆزی و پشێوییە بەردەوامەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عێراق قسەیکرد و باسی لە گرژییەکانی عێراق، دۆخی خۆپیشاندانەکان و کاریگەرییەکانی لەسەر هەرێمی کوردستان کرد. نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پانێڵەکەدا لە وەڵامی پرسیاری ئایا دەکرێت هەرێمی کوردستان خۆی بەدوور بگرێت لە ئەو دۆخەی لە عێراق هەیە و خۆی جیا بکاتەوە؟ ئاماژەی بەوە کرد، رووداوەکانی عێراق کاریگەرییان لەسەر هەرێمی کوردستان هەیە، هەرێمی کوردستان ناتوانێت خۆی لە عێراق جیابکاتەوە.

له‌ به‌رده‌وامیى چالاكییه‌كانیدا له‌ كۆڕبه‌ندى ئابووریى جیهان له‌ داڤۆس، ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 23/1/2020 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، به‌شدارى له‌ دانیشتنێكدا به‌ ناونیشانى “ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستى ناسه‌قامگیر” كرد كه‌ تیایدا خاتوو جێنین پلاسخارت، نوێنه‌رى سكرێترى گشتیى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق، به‌ڕێزان د. فوئاد حسێن جێگرى سه‌رۆك وه‌زیران و وه‌زیرى ئابووریى عێراق و عادل ئه‌لجوبه‌یر، وه‌زیرى كاروبارى ده‌ره‌وه‌ى عه‌ره‌بستانى سعوودیه‌ به‌شدار بوون.

تیایدا باس له‌ لێكه‌وته‌ درێژخایه‌نه‌كانى ئاڵۆزى و پشێوییه‌‌ به‌رده‌وامه‌كانى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست وه‌ك سه‌رچاوه‌ى ترس و نیگه‌رانییه‌كى گه‌وره‌ى جیهانى و ناوچه‌یى كرا و تیشك خرایه‌ سه‌ر كاریگه‌ریى ستراتیژیى قه‌یرانى ئێستا له‌سه‌ر ئاشتى و سه‌قامگیرى له‌ كه‌نداو، عێراق و سووریا.

ده‌رباره‌ى ڕوواو و پێشهاته‌كانى عێراق، سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى گوتى: دوو ـ سێ شت هەیە گرنگه‌ بزانین: یەکەم، ده‌رباره‌ى ئه‌وه‌ى ئێستا لە عێراق دەگوزەرێت، ئێمە باسی نەوەیەک دەکەین کە تەمەنیان لەنێوان پانزدە ساڵ تا بیست و سێ ساڵە، نە سەددمیان لە بیرە، نە ئەمه‌ریکاش، ئەمە نه‌وه‌یه‌كه‌ داوای ژیانێکی باشتر دەکات لە عێراقدا، خۆی لەگەڵ شوێنەکانی دیکە بەراورد دەکات، پێویستی بە سەفەرکردنیش نییە، دەتوانێ هەر لە سەر ئینتەرنێت و سۆشیاڵمیدیا بزانێ لە دنیای دەرەوە چی هەیە؟ ئەم نه‌وه‌یه‌ ئێستا ماندوو بووە لە حوکمڕانییەکی شانزدە ـ حەڤدە ساڵه‌ کە ناتوانێ کەمترین پێداویستی و خزمه‌تگوزارییان بۆ دابین بکات. ئەمە وایکردووە ئەم خەڵکە ماندوو ببێت. ئێمە دەبینین پرۆسەیەک هەیە هەر چوار ساڵ جارێک هەڵبژاردن دەکرێت و دەچن بۆ هەڵبژاردن، به‌ڵام لە ئه‌نجامدا ئەوەی دەردەچێ ئەوە نییە کە ئەم نه‌وه‌یه‌ هیواى بۆ ده‌خوازێ.

لە هەرێمی کوردستان ئێمە ناتوانین خۆمان جیا بکەینەوە لەوەی تا ئێستا لە عێراق دەگوزەرێت، ئێمە بەشێکین لەم وڵاتە. بێگومان ئەوەی لەوێ ڕوودەدات، کاریگەری لەسەر دۆخى ئێمەش هه‌یه‌. ئەوەى ئێستا گرنگە هەموومان بیزانین، عێراقی پێش ئۆکتۆبەر زۆر جیاوازە لە عێراقی دوای ئۆکتۆبەر، زۆر زۆریش گرنگە سیاسەتمەدارەکانی عێراق ئه‌وه‌ تێبگەن كه‌ گەلی عێراق جارێکی تر قبووڵ ناکات دۆخه‌كه‌ بگەڕێتەوە پێش یەکی ئۆکتۆبەر.

گه‌لى‌ عێراق شایستەی ژیانێکی باشترن و پێم وایە بەو خۆپیشاندانانەی کردوویانە پەیامی خۆیان بە دەسەڵاتدارانی عێراق گەیاندووە. دەبێ ئێمە هەست بە بەرپرسیاریه‌تی بکەین. ئەوەی زۆرم پێ سەیرە، هەتا ئێستاش باس لەوە دەکرێت کە وڵاتانی دەرەکی دەستیان لە خۆپیشاندانەکانی عێراقدا هه‌یه‌. با ئێمە بڵێین لە سەدا حەفتا خەتای خەڵکی دیکەیە و ده‌ستێوه‌ردانى ده‌ره‌كییه‌، بەڵام سی لەسەد دەبێ خۆمان وەک عێراقی دابنیشین بیر لەوە بکەینەوە كه‌موكوڕییه‌كان لە کوێ بوون و هەوڵ بدەین ئەمانە ڕاست بکەینەوە.

ڕۆڵى هەرێمی کوردستان ڕۆڵێکە كه‌ هەموو هەوڵى بۆ ئەوەیە دۆخه‌كه‌ ئارام ببێتەوە، هەوڵێشمان لەگەڵ بەغدا بەردەوامە بۆ ئەوەی بتوانین پێکەوە ڕێگەیەک بدۆزینەوە بۆ ئەوەی لەو كێشه‌یه‌ دەربچین.

له‌ به‌شێكى دیكه‌دا به‌ڕێزیان گوتى: با له‌و پرسیاره‌وه‌ ده‌ست پێبكه‌ین: بۆچی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تی له‌ عێراق هه‌ن؟ هاتنى هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌سه‌ر داواى عێراق بوو كاتێك ساڵی 2014 كه‌ داعش له‌ فڕۆكه‌خانه‌ی به‌غدا نزیك بووه‌وه، حكوومه‌تی عێراق له‌ ڕێگه‌ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌ داوای یارمه‌تی كرد. ئه‌و هێزانه‌ تا ئێستا له‌ عێراق ماونه‌ته‌وه‌ و یارمه‌تیی هێزه‌كانی عێراقی ده‌ده‌ن به‌ پێشمه‌رگه‌شه‌وه‌، ئه‌ركیان ڕوون و ئاشكرایه‌ كه‌ هاوكاریكردنی هێزه‌ عێراقییه‌كان و مه‌شقپێكردنیانه‌ له‌ شه‌ڕی دژی داعشدا، تا ئێستاش ئه‌مه‌ به‌رده‌وامه‌.

به‌ بۆچوونی ئێمه‌ ئه‌وه‌ی له‌ په‌رله‌مانی عێراق ئه‌نجام درا كارێكی دروست نه‌بوو، جارێ دوو پێكهاته‌ی سه‌ره‌كی له‌ عێراق كه‌ سوننه‌ و كوردن، هه‌ردوولایان به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك پشتگیریی ئه‌و هه‌نگاوه‌یان نه‌كردووه‌. به‌ بۆچوونی ئێمه‌ عێراق پێویستی به‌ یارمه‌تیی نێوده‌وڵه‌تی و ئه‌مه‌ریكا هه‌یه،‌ چونكه‌ پرسی داعش و سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی تیرۆریزم له‌ عێراق پرسێكی زۆر جددییه‌ و پێمان وایه‌ ئه‌م ئامانجه‌ به‌بێ یارمه‌تیی كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی و له‌ سه‌روویانه‌وه‌ ئه‌مه‌ریكا به‌دی نایه‌ت و پێویسته‌ هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراقدا بمێننه‌وه‌.

ئه‌وه‌ی كه‌ جه‌نابی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق داوای ده‌كات ده‌ست به‌ دانوستانێك بكرێته‌وه‌، پێموایه‌ ئه‌وه‌ زۆر ئاسایییه‌ جارێكی دیكه‌ی دانیشتن ئه‌نجام بدرێت و شێوه‌ی كاركردنی زیاتر له‌نێوان هێزه‌كانی عێراق و هێزه‌كانی هاوپه‌یماناندا ڕێكبخرێته‌وه‌، به‌ڵام پرسی پره‌نسیپى مانه‌وه‌یان، پێموایه‌ مانه‌وه‌یان پێویسته‌.

پرسی سووریا پرسێكی زۆر ئاڵۆزه‌ و ئه‌وه‌ی له‌ سووریا ڕووده‌دات له‌ ئه‌نجامی سیاسه‌تێكی چه‌ند ساڵه‌یه‌ كه‌ به‌ هه‌ڵه‌ هاتووه‌. كاتێك ڕووداوه‌كانی سووریا ده‌ستیان پێكرد دوو به‌ره‌ هه‌بوو، به‌ره‌یه‌كیان زۆر ڕوون بوو كه‌ یارمه‌تیی به‌شار ئه‌سه‌دیان ده‌دا و‌ له‌ ڕووسیا و ئێران پێكهاتبوو و به‌ جددی یارمه‌تیی سووریا ده‌ده‌ن، به‌ره‌یه‌كی دیكه‌ هه‌بوو ئه‌وانیش وڵاتانی ئه‌ورووپی و ته‌نانه‌ت ئه‌مه‌ریكاش كه‌ نه‌ ستراتیژ نه‌ ڕوانگه‌یان هه‌بوو، ڕۆژێك هێڵی سوور و ڕۆژێك هێڵی شین بوو، واته‌ كه‌س تێنه‌ده‌گه‌یشت كه‌ چى ده‌كرێت، بۆیه‌ تا ئێستاش كێشه‌ی سووریا هه‌روا به‌رده‌وامه‌، هیچ ڕوونییه‌ك نییه‌ ئاخۆ به‌ چ شێوه‌یه‌ك مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ پرسی سووریادا بكرێت، بۆچوونی ئێمه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ یارمه‌تیی برایانمان كوردانی سووریا ده‌ده‌ین تا به‌ چاره‌سه‌رێكی سیاسی له‌ چوارچێوه‌ی جوگرافیای سووریادا بگه‌ن.

به‌ڕێزیان له‌ وه‌ڵامى پرسیارێكدا ده‌رباره‌ى دۆخى عێراق گوتى: پێموایه‌ كێشه‌ی گه‌وره‌ له‌ عێراق ئه‌وه‌یه‌ كه‌ “وه‌لاء” وابه‌سته‌یى بۆ وڵاتێك نییه‌ پێی بگوترێت عێراق، ده‌بینین له‌ عێراقدا سوننه‌، شیعه،‌ توركمان و كرستیان هه‌ن، خۆ سویسراش به‌ هه‌مان شێوه‌یه‌، واته‌ ئه‌مانه‌ سویسرین، به‌ڵام له‌لایه‌ك خه‌ڵكانێك به‌ ئه‌ڵمانی و خه‌كانێكی دیكه‌ به‌ فه‌ره‌نسی و زمانى دیكه‌ قسه‌ ده‌كه‌ن، كه‌چى هه‌موویان وابه‌سته‌ى وڵاتێكن‌ كه‌ تیایدا ده‌ژین. پێموایه‌ پرسه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ وابه‌سته‌یى نییه‌، ئێمه‌ ده‌بێت واقعی بیر بكه‌ینه‌وه‌، ده‌بێت فۆرمۆلێك بۆ ئه‌و وڵاته‌ بدۆزینه‌وه‌ و بزانین چۆن هه‌موومان بپێكه‌وه‌ بتوانین له‌ وڵاتێكدا بژین كه‌ پێی بگوترێت عێراق. ده‌بێت عێراق بنه‌ماى كۆكردنه‌وه‌ی هه‌موولایه‌كمان بێت، ئێمه‌ كۆمه‌ڵگه‌ی زۆر جیاوازین، به‌ڵام پێموایه‌ جوانیی عێراق له‌وه‌دایه‌ كه‌ كوردمان هه‌یه،‌ عه‌ره‌بمان هه‌یه‌، مه‌سیحیمان هه‌یه‌، توركمان، ئێزدی و سائیبه‌مان و ..هتد، هه‌موو ئه‌وانه‌مان هه‌یه‌. ده‌بێت ئیمه‌ هه‌موومان بۆ خۆمان شتێك بدۆزینه‌وه‌ كه‌ بتوانین له‌سه‌ری ڕێككه‌وین، پێموایه‌ ئه‌و شته‌ ده‌بێت عێراق بێت.

وه‌كوو كورد ده‌مانه‌وێت كێشه‌كانی خۆمان له‌ چوارچێوه‌ی عێراقدا چاره‌سه‌ر بكه‌ین، به‌ڵام پرسیاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌گه‌ر له‌ به‌غدا به‌ چاوێكی دیكه‌ سه‌یری ئه‌م پێكهاتانه‌ بكرێت، بێگومان كێشه‌ دروست ده‌بێت، كێشه‌ له‌ عێراق له‌سه‌ر چی دروست بووه‌؟ ساڵی 2012 و 2013 ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ فه‌للووجه‌ ڕوویدا و خۆپیشاندان ده‌ستی پێكرد، ئه‌وان ته‌نیا داوای هه‌ندێك خزمه‌تگوزارییان ده‌كرد، به‌ڵام چونكه‌ پشتگوێ خرا، له‌ ئه‌نجامدا بووه‌ هۆكاری ئه‌وه‌ی داعش دروست ببێت. ئه‌م پێكهاتانه‌ ده‌بێت خۆیان له‌ پرۆسه‌ی سیاسیی عێراقدا ببینن بۆ ئه‌وه‌ی ئێمه‌ هه‌موومان بتوانین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ڕێككه‌وین، له‌سه‌ر عێراق ڕێككه‌وین. ده‌رباره‌ى ئه‌وه‌یش كه‌ خاتوو جێنین پلاسخارت، نوێنه‌رى سكرێرى گشتیى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق باسی كرد، ده‌مه‌وێ بڵێم: بۆچوونی ئێمه‌ ئێستاش وایه‌ كه‌ عێراق پێویستی به‌ هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا هه‌یه‌، نه‌ك ته‌نیا بۆ هه‌رێمی كوردستان، به‌ڵكو بۆ هه‌موو عێراق، به‌ڵام له‌ كۆتاییدا ئێمه‌ به‌شێكین له‌ عێراق.
 




دوایین هەواڵەکان

چلەی ماتەمینی تێکۆشەر و خەباتگێڕ دکتۆر جەرجیس حەسەن بەڕێوەچوو

FRIDAY, 26 APRIL 2024 01:04:37

ھەولێر-KDP.info- ڕۆژی پێنجشەممە لە شاری هەولێر بە ئامادەبوونی نوێنەری سەرۆک بارزانی چلەی ماتەمینی تێکۆشەر و خەباتگێڕ (دکتۆر جەرجیس حەسەن) بەڕێوەچوو.

 

فازڵ میرانی: پارتی به‌ سه‌رۆكایه‌تیی سه‌رۆك بارزانی دوو ئه‌ركی له‌ ئه‌ستۆدایه‌

THURSDAY, 25 APRIL 2024 21:04:43

ھەولێر-KDP.info- به‌رپرسی ده‌سته‌ی كارگێڕیی مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، پارتی به‌ سه‌رۆكایه‌تیی سه‌رۆك بارزانی له‌م هه‌لومه‌رجەدا دوو ئه‌ركی له‌ ئه‌ستۆدایه‌، ده‌شڵێت، ده‌بێت ئه‌مڕۆ بپارێزن بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رفرازییه‌كانی دوێنێ به‌رده‌وام بن.

 
شێروان دوبەردانی" ھەندێ لایەن لە نەینەوا دەیانەوێ زێدەڕۆیی بکەنە سەر مافەکانی کورد و پارتی"

THURSDAY, 25 APRIL 2024 20:04:44

نەینەوا -KDP.info- پەرلەمانتارێکی پارتی دەڵێت، ھەندێ لایەن لە نەینەوا دەیانەوێ  دەستوەردان لە پۆستە کارگێڕییەکانی نەیەنەوا بکەن و گۆڕانکاری لەو پۆستانە بکەن کە پشکی پارتی و کوردن..دەشڵێت، ئێمە بەرەنگاریان دەبینەوە.

 
مەکتەبی سیاسی پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەی (سەید مەحموود تاوەگۆزی) دەکات

THURSDAY, 25 APRIL 2024 19:04:31

ھەولێر-KDP.info- مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەی خوالێخۆشبوو (سەید مەحموود سەید حسێن تاوەگۆزی) دەکات.

 
بەڕێوەبەری کوشتارگەی هەولێر"بڕیاری سەرۆکی حکوومەت کاریگەری لەسەر نرخی گۆشت دەبێت

THURSDAY, 25 APRIL 2024 17:04:26

ھەولێر-KDP.info-  بەڕێوەبەری کوشتارگەی هەولێر دەڵێت، نرخی گۆشت لە بازاڕەکانی هەرێم دادەبەزێت..دەشڵێت، بڕیاری سەرۆکی حکوومەت کاریگەری لەسەر نرخی گۆشت دەبێت.

 


 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact