Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
SUN, 6 JUL 2025 01:53 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

یەكێتیی ئافرەتان: خواستمان بەشداریكردنی ئافرەتە لە بەڕێوەبردنی كۆمەڵگەدا هاوتای ڕەگەزی بەرامبەر
| KDP.info


هەولێر-KDP.info- یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان، لە بەیاننامەیەكدا بە بۆنەی (67) ساڵەی دامەزراندنی رێكخراوەكەوە، رایانگەیاند، وەك ڕێكخراوێكی ڕەسەن و خاوەن پەیام و پرەنسیپ، دوور لە هەر دەمارگرژییەك داكۆكی لە پرسی ئافرەت دەكەن و دژی هەر چەشنە توندوتیژی و پەراوێزخستنێكن.

ئەمە دەقەكەیەتی:

لە سەردەمێكدا كە ڕێبازی هیومانیستی لە جیهانی پێشكەوتوودا تازە كەوتبووە سەر پێ‌ و بزاڤی ئافرەتان لە هەوڵی بەدەستهێنانی یەكسانیی جێندەریدا بوو، ڕۆژهەڵاتی ناوین لە دۆخێكدا بوو كە هزر و تێڕوانینی باو، دەسەڵاتی پیادەكراو لەسەر بنەمای هزری پیاوسالاری بونیاد نرابوون، لەو نێوەندەشدا نەتەوەی كورد بە پێشەنگیی پارتی دیموكراتی كوردستان سەختترین خەباتی ڕزگاریی نیشتمانیی بەڕێوە دەبرد. یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان لە ١١/١٢/١٩٥٢؛ وەك ڕێكخراوێك بۆ لەخۆگرتنی پرسی ئافرەت لە هەردوو ڕەهەندی كۆمەڵایەتی و سیاسی، لە ژێر چەتری پارتی دیموكراتی كوردستان و بە فەرمانی باوكی ڕۆحیی نەتەوەی كورد (بارزانیی نەمر) دامەزرا.

ڕێكخراوی دایك، لە ٦٧ ساڵ ئەزموونی خەباتیدا، بە هزری مرۆڤخوازانە پرسی ئافرەتی لەخۆ گرتووە و بە بڕوایەكی تەواو بە پرەنسیبەكانی یەكسانیی جێندەری، داكۆكی لەو دۆزە كردووە. ئەم ڕێكخراوە شانازە بە بەشداریكردن لە بزاڤی ئازادیخوازی گەلی كوردستان. لە خەباتی مەدەنی و دیموكراسیشدا بە كۆششی یەكێتیی ئافرەتان و بزاڤی ئافرەتان بە گشتی چەندین دەستكەوتی گرنگی یاسایی، كۆمەڵایەتی، سیاسی بۆ ئافرەت بەدەست هاتوون. ڕێكخراوەكەمان هەمیشە وەك قوتابخانەیەك بووە بۆ پێگەیاندنی ئافرەتان و سەدان لە كادرانی لە بوارە جۆراوجۆرەكان ڕۆڵی سەركردە و پێشەنگ دەبینن.

یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان، وەك ڕێكخراوێكی ڕەسەن و خاوەن پەیام و پرەنسیپ، دوور لە هەر دەمارگرژییەك داكۆكی لە پرسی ئافرەت دەكا و دژی هەر چەشنێك توندوتیژی و پەراوێزخستە لەسەر بنەمای ڕەگەز یان هەر بنەمایەكی دیكە بە هەر كەرەستە و میتۆدێك بێت، خواستی ئەم ڕێكخراوە بۆ ئافرەت سەربەخۆبوونیەتی لە ژیان، بەشداریكردنیەتی لە بەڕێوەبردنی كۆمەڵگە هاوتای ڕەگەزی بەرامبەر.

لە دیدی ڕێكخراوەكەماندا؛ جیاوازیی بایەلۆژیی نێوان ئافرەت و پیاو بە شێوەیەكی ناڕەوا و نالۆژیك كراوەتە بنەما بۆ چەوسانەوەی ئافرەت و سنوورداركردنی ڕۆڵی و بێبەشكردنی لە دەرفەتەكانی خۆپێگەیاندن. فاكتەرە كولتووری، كۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوورییەكانیش پێگەكانی ئەم نابەرابەرییەیان پتەوتر كردووە و بنەماكانی هزری پیاوسالارییان بەهێز و گشتگیر كردووە. هەر بۆیە؛ یەكێتیی ئافرەتان بە بەرنامە و پلانی هەمەبوار لەسەر بنەمای فیكری و زانستی بە ڕەچاوكردنی تایبەتمەندیی كێشەكانی ئافرەتانی كوردستان، خەباتی خۆی بۆ دەستەبەركردنی تەواوی مافەكانی ئافرەت، لەڕەگدەرهێنانی ئەو باوەڕ و چەمكە كۆمەڵایەتی و كولتووریانەی لە توانا و پێگەی ئافرەت كەم دەكەنەوە، خاڵی كردنەوەی فەرهەنگی زمانەوانی و سرووشتی كۆمەڵایەتی لەو وشە و دەستەواژانەی بارگاوین بە هزری پیاوسالاری، هاوسەنگكردنەوەی كەلێنە جێندەرییەكان لە كۆی بوارەكان؛ بۆ گەیشتن بە كۆمەڵگەیەكی یەكسان لە ڕووی دەرفەت و ماف و بەرپرسیاریەتی، كە تێیدا سەروەری تەنها بۆ مرۆڤ بێ، نەوەك ڕەگەز، ئاڕاستە دەكات.

ڕێكخراوەكەمان پێیوایە؛ لەبەرئەوەی ئافرەتی كورد هاوبەشی نەتەوەكەی بووە لە چەوسانەوە و جیاكاری لەسەر بنەمای نەژاد و بەشدار بووە لە خەباتی بزاڤی نەتەوەیی؛ بۆیە مافی خۆیەتی سوودمەند بێت لەو ئەنجامەی ئەو بزاڤە پێیگەیشتووە. بڕوامان بەوە هەیە، بەبێ ئیرادەیەكی سیاسیی بەهێز، پرسی ئافرەت پێشكەوتوو نابێت، هەربۆیە یەكێتیی ئافرەتان لە كاتێكدا پشكی سەرەكی ئەوەی لە هەرێمی كوردستان بۆ ئافرەت بەدەست هاتووە دەگەڕێنێتەوە بۆ ئیرادەی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان و ڕێبازی بارزانی و ئەو سەركردانەی پەروەردەی ئەم ڕێبازەن، لە هەمان كاتدا داوای پشتیوانیی زیاتر دەكەین و هەر هزری ئەم قوتابخانەیە و ڕوانگەی پارتی دیموكراتی كوردستان بە ئاسۆی ڕزگاریی ئافرەتانی كوردستان دەزانین.

لێرەدا سوپاس و ستایش بۆ سەرۆكی هێژا و ڕابەری نەتەوەییمان سەرۆك (مەسعوود بارزانی) كە هەمیشە پشتیوانی ڕێكخراوەكەمانە. شەست و حەوتەمین ساڵیادی دامەزراندنی ڕێكخراوەكەمان لە كادر و ئەندامانمان و گشت ئافرەتان پیرۆزبێ. سڵاو بۆ ئەو خانمە پێشەنگانەی لە ڕۆژگارە سەختەكاندا درێژەیان بە كاروانی ئەم ڕێكخراوە داوە، سڵاوی گەرمی پڕ رێز و ڤیان بۆ دایكان و هاوژینی شەهیدان، سەرجەم یەكسانیخوازانی كوردستان.                                                                                

 

یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان

 




دوایین هەواڵەکان

ڕوونكردنەوەیەک لە وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە

SATURDAY, 05 JULY 2025 19:07:00

ھەولێر-KDP.info- وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند: ئەو چاوەڕوانییەی لە لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكوومەتی فیدڕاڵ هەیە لەكاتی بوونی هەڕەشە لەسەر هەرێمی كوردستان یان هەر ناوچەیەكی تری عێراق، بە داخەوە هەست دەکەین جۆرێك لە پەردەپۆشكردن و خۆدزینەوە لە بەرپرسیارێتی هەیە بەرانبەر ئەو زێدەڕۆییە ئەمنییانەی كە لە دژی هەرێمی كوردستان دەکرێت.

سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بەشداریی لە پرسەی موحسین ساڵح ئامێدی کرد

SATURDAY, 05 JULY 2025 19:07:19

ئامێدی-KDP.info- نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، بەشداری لە پرسەی موحسین ئامێدی، تێکۆشەر و کەسایەتی ناسراوی بادینان کرد.

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە ئەنجوومەنی پشتیوانیی پارێزگای هەڵەبجە دەكات

SATURDAY, 05 JULY 2025 18:07:18

ھەولێر-KDP.info- سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە ئەندامانی ئەنجوومەنی پشتیوانیی پارێزگای ھەڵەبجە کرد و ڕایگەیاند، "بە شانازییەوە خۆم بە ئەندامی ئەنجوومەنی پشتیوانی پارێزگای ھەڵەبجە دەزانم".

زۆربەی كارەكانی تۆڕی ئاو لە زۆنی ڕێگەی كۆیە، كەركووك و مووسڵ تەواو بووە

SATURDAY, 05 JULY 2025 13:07:30

هه‌ولێر-KDP.info- ئەمڕۆ شەممە 5/7/2025 ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بۆ لە نزیكەوە ئاگاداربوون لە كارەكانی پڕۆژەی تۆڕی ئاوی هەولێر و بەستنەوەی بە پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر، پڕۆژەی تۆڕی ئاوی هەولێری لە زۆنی ڕێگەی كۆیە و كەركووك و مووسڵ و ڕەشكین و شەقامی زانكۆی بەسەركردەوە.

 

ئەکبەر حەیدەر: ئەو بڕیارە بۆ مەرامی سیاسی و بچووککردنەوەی خانەقینه‌

SATURDAY, 05 JULY 2025 12:07:45

خانەقین-KDP.info- بەرپرسی لقی ١٥ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە خانەقین ڕایگەیاند، حکوومەتی عێراق بۆ مەرامی سیاسی و بچووکردنەوەی خانەقین، دەیەوێ قەرەته‌پە بکاتە قەزا و ھەردوو ناحیەی جەبارە و کۆکز بخاتە سەر ئەو قەزایە، کە ئەمەش بە ھیچ شێوەیەک لە بەرژەوەندیی کورددا نییە و پێویستە ڕێگری لێ بکرێت.

 


 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact