Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
FRI, 26 APR 2024 04:24 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

"ھەزاران ھاووڵاتی بۆ نەھێشتنی زێدەڕۆیی روویان لە فەرمانگەكانی كارەبا كردووە"
| KDP.info


هەولێر-KDP.info- بەپێی بەدواداچوونێكی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، ھەزاران ھاووڵاتی بۆ نەھێشتنی زێدەڕۆیی لەسەر كارەبا روویان لە فەرمانگەكانی كارەبا كردووە، بەڕێوەبەری گشتیی كارەبای ھەولێریش دەڵێ، پێویستە ھاووڵاتیان پەلە بكەن بۆ ئەوەی بەر لێخۆشبوونی حكوومەت بكەون.

بەپێی بڕیاری حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، یەك مانگ مۆڵەت دراوە بە ھاوبەشانی كارەبا ئەوانەی كێشەیان لە پێوەردا ھەیە، یانیش ئەوانەی بە زێدەڕۆ كارەبایان راكێشاوە، ھاووڵاتیانیش بۆ نەھێشتنی زێدەڕۆیی سەر كارەبا و سوودوەرگرتن لە بڕیاری حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بە لێشاو روویان لە فەرمانگەكانی فرۆشیاری وزە كردووە و بەو ھۆیەوە قەرەباڵغییەكی زۆر لەو فەرمانگانە دروست بووە.

سەركەوت محێدین، كە ھاووڵاتییەكی شاری ھەولێرە، لەبارەی بڕیارەكەی حكوومەتەوە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت: "بڕیاری حكوومەت لە بەرژەوەندیی ھاووڵاتیاندایە، چونكە ئەگەر بە ھۆی بڕیارەكەوە نەبووایە، ئەوانەی كارەبایان بە زێدەڕۆ بەكار ھێناوە، سزا دەدران و پارەیەكی زۆریشیان لێ وەردەگیرا، بەڵام ئێستا غەرامە ناكرێن و دەتوانن پێوەری كارەبا بەكار بێنن، لەگەڵ ئەوەشدا ماوەكە زۆر كەمە، چونكە ھاووڵاتی ھەیە پێشمەرگەیە لە ماڵ نییە، ھەیە كێشەی دیكەی ھەیە و پێڕاناگات".

ئەو ھاووڵاتییە ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "چەند رۆژێكە دەمەوێ سەردانی فەرمانگەكانی كارەبا بكەم بۆ ئەوەی پابەندی بڕیاری حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بم، بەڵام لە شارەوانی و فەرمانگەكانی كارەبا قەرەباڵغییەكی زۆر دروست بووە و رۆژانە سەدان ھاووڵاتی سەردانی دەكەن، لەبەر ئەوە پێویستە پێداچوونەوەیەك ھەبێت و ماوەكەی درێژ بكرێتەوە تا ھەموو ھاوبەشێكی كارەبا سوودمەند بێت".

لەوبارەیەوە، حوسێن حەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی كارەبای ھەولێر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "دوای دەرچوونی بڕیاری حكوومەت لەبارەی نەھێشتنی كارەبای زێدەڕۆ و چارەسەركردنی ئەو كێشانەی پێشتر لە پێوەری كارەبادا ھەبوون، رۆژانە ژمارەیەكی بەرچاوی ھاووڵاتیان سەردانی فەرمانگەكانی كارەبا دەكەن و بەپێی ئاماری بەردەست تەنیا لە ماوەی پێنج رۆژدا ٥٨٠ ھاوبەشی كارەبا ئەوانەی كێشەی پێوەریان ھەیە یانیش زێدەڕۆییان كردووە، سەردانی فەرمانگەكانی كارەبایان كردووە، ھەروەھا ٧٥١ كەسیش كە پێكھاتەكانیان بە زێدەڕۆ دروست كردووە، سەردانی فەرمانگەی كارەبایان كردووە، ئەوانەشی پێوەریان نییە ژمارەیەكی یەكجار زۆر روویان لە بەشەكانی فرۆشیاری وزە كردووە".

بەڕێوەبەری گشتیی كارەبای ھەولێر گوتیشی: "حكوومەت لە پارەی غرامە و سزای سەر ھاووڵاتیان خۆش بووە، بۆ ئەوەی ھەموو كەسێك پابەند بێت بە گرێدانی پێوەری كارەبا، لەبەر ئەوەش ژمارەیەكی بەرچاوی ھاووڵاتیان روویان لە فەرمانگەكانی فرۆشیاری وزە كردووە".

پەیوەست بە قەرەباڵغی لە فەرمانگەكانی كارەبا و درێژكردنەوەی ماوەی جێبەجێكردنی بڕیارەكە، حوسێن حەمەد دەڵێت: "بڕیارەكە تەنیا بۆ ماوەی یەك مانگە و پێویستە لەسەر ھەموو ھاووڵاتییەك تا كۆتایی ئەمساڵ كێشەی زێدەڕۆیی سەر كارەباكە چارەسەر بكات، تا بەر بڕیاری لێخۆشبوونی حكوومەت بكەوێت و بە پێچەوانەوە سزای یاسایی بەدواوەیە".

لەبارەی ئاشكراكردنی ناوی ئەو كەس و بەرپرسانەی زێدەڕۆییان كردووەتە سەر كارەبای نیشتیمانی، ناوبراو جەختی كردەوە: "لە دیوانی پارێزگای ھەولێر كۆبوونەوەیەك بەڕێوە دەچێت و چی پێویست بێت لەو بارەیەوە بڕیاری لێ دەدرێت، ئینجا ناوەكانیان ئاشكرا بكرێت بۆ رای گشتی یانیش لەگەڵ دەستپێكردنی ھەڵمەتی بڕینی كارەبای زێدەڕۆ سەرپێچیكاران دەستگیر بكرێن و رووبەڕووی یاسا بكرێنەوە".

 

قائید میرۆ

 




دوایین هەواڵەکان

چلەی ماتەمینی تێکۆشەر و خەباتگێڕ دکتۆر جەرجیس حەسەن بەڕێوەچوو

FRIDAY, 26 APRIL 2024 01:04:37

ھەولێر-KDP.info- ڕۆژی پێنجشەممە لە شاری هەولێر بە ئامادەبوونی نوێنەری سەرۆک بارزانی چلەی ماتەمینی تێکۆشەر و خەباتگێڕ (دکتۆر جەرجیس حەسەن) بەڕێوەچوو.

 

فازڵ میرانی: پارتی به‌ سه‌رۆكایه‌تیی سه‌رۆك بارزانی دوو ئه‌ركی له‌ ئه‌ستۆدایه‌

THURSDAY, 25 APRIL 2024 21:04:43

ھەولێر-KDP.info- به‌رپرسی ده‌سته‌ی كارگێڕیی مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، پارتی به‌ سه‌رۆكایه‌تیی سه‌رۆك بارزانی له‌م هه‌لومه‌رجەدا دوو ئه‌ركی له‌ ئه‌ستۆدایه‌، ده‌شڵێت، ده‌بێت ئه‌مڕۆ بپارێزن بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رفرازییه‌كانی دوێنێ به‌رده‌وام بن.

 
شێروان دوبەردانی" ھەندێ لایەن لە نەینەوا دەیانەوێ زێدەڕۆیی بکەنە سەر مافەکانی کورد و پارتی"

THURSDAY, 25 APRIL 2024 20:04:44

نەینەوا -KDP.info- پەرلەمانتارێکی پارتی دەڵێت، ھەندێ لایەن لە نەینەوا دەیانەوێ  دەستوەردان لە پۆستە کارگێڕییەکانی نەیەنەوا بکەن و گۆڕانکاری لەو پۆستانە بکەن کە پشکی پارتی و کوردن..دەشڵێت، ئێمە بەرەنگاریان دەبینەوە.

 
مەکتەبی سیاسی پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەی (سەید مەحموود تاوەگۆزی) دەکات

THURSDAY, 25 APRIL 2024 19:04:31

ھەولێر-KDP.info- مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەی خوالێخۆشبوو (سەید مەحموود سەید حسێن تاوەگۆزی) دەکات.

 
بەڕێوەبەری کوشتارگەی هەولێر"بڕیاری سەرۆکی حکوومەت کاریگەری لەسەر نرخی گۆشت دەبێت

THURSDAY, 25 APRIL 2024 17:04:26

ھەولێر-KDP.info-  بەڕێوەبەری کوشتارگەی هەولێر دەڵێت، نرخی گۆشت لە بازاڕەکانی هەرێم دادەبەزێت..دەشڵێت، بڕیاری سەرۆکی حکوومەت کاریگەری لەسەر نرخی گۆشت دەبێت.

 


 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact