Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
SUN, 8 DEC 2019 12:59 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
نوێبوونەوە . دادپەروەری . پێکەوەژیان
 

نێچیرڤان بارزانی: بەهێزترین سه‌رچاوه‌ی سرووشتی، بیركردنه‌وه‌یه‌
| KDP.info


دهۆك -KDP.info- ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 19/9/2019 به‌ ئاماده‌بوونی به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، هه‌روه‌ها به‌ڕێزان محه‌مه‌د حه‌لبووسی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، مه‌سروور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، دكتۆر به‌شیر حه‌داد جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، ماتیوو تیوولەر بالیۆزی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق، په‌رله‌مانتارانی كوردستان و عێراق و به‌رپرسانی سیاسی و ئیداری و نوێنه‌ر و كونسولی وڵاتانی بیانی له‌ هه‌رێمی كوردستان، ڕێوڕه‌سمی ده‌رچووانی یه‌كه‌م خولی قوتابیانی زانكۆی ئه‌مه‌ریكی كوردستان له‌ پارێزگای دهۆك به‌ڕێوه‌چوو.

له‌ ڕێوڕه‌سمه‌كه‌دا به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان وته‌یه‌كی پێشكه‌ش كرد، كه‌ ئه‌مه‌ ده‌قه‌كه‌یه‌تی:

ئامادەبووانی بەڕێز،

قوتابیانی خۆشەویست..

كەسوكاری قوتابیان و

مامۆستایانی بەڕێز..

ئێوارەتان باش..

خۆشحاڵم كە ئەم ئێوارەیە لە شاری دهۆكی خۆشەویست، بەشداری لە خۆشی و شادیی ئێوەدا دەكەم بەبۆنەی تەواوكردنی خوێندن و دەرچوونتان‌ لە زانكۆ و دەسپێكردنی قۆناغێكی تازەی ژیان‌. پیرۆزبایی و دەستخۆشیتان لێ دەكەم، هیوای سەركەوتنتان بۆ دەخوازم.

پیرۆزبایی و دەستخۆشی لە دایكوباوكی خوێندكارانى دەرچووی خولی یه‌كه‌مى زانكۆی ئەمەریكی لە كوردستان دەكەم. هاوكاریی ئه‌وان وایكردووە ئەمڕۆ ئەم كۆمەڵە قوتابییە بە سەركەوتوویی لێرە ببینین. سوپاس و دەستخۆشی بۆ مامۆستایان و سەرۆكایەتی و ستافی زانكۆ كە ئەم گه‌نجه‌ خۆشه‌ویستانه‌ى بەو شێواز و سیستەمە پێشكەوتووە پێگەیاندووە و بە ئاستێكی زانستیی بەرز لە زانكۆیەكی هاوچەرخ دەردەچن و دەكەونە گۆڕه‌پانى كاركردن بۆ خزمەتكردنی كوردستان.

ده‌مه‌وێ سوپاسێكی تایبه‌تی ئه‌و ڤیژنه‌ بكه‌م كه‌ برای خۆشه‌ویستم كاك مه‌سروور بارزانی هه‌یبوو بۆ دامه‌زراندنی ئه‌م زانكۆیه‌.

خوێندكارانى خۆشەویست..

ئێوە شانسێكی زۆر باشتان هەبوو كە توانیتان لە زانكۆیەكی وا بخوێنن. ئەو شانسە بەداخەوە بەر دایكوباوك و باپیرانتان نەكەوت، ئەوان خەباتیان كرد بۆ ئەوەی ئێوە و نەوەكانی داهاتوو شانسی باشیان هەبێت. لەبەرئەوەش لەم ڕۆژەدا پێویستە ڕێز لە خەبات و تێكۆشانی هەموو پێشمەرگە و تێكۆشەرانی وڵاتەكەمان بگرین، چونكە بە خەباتی ئەوان و بە خوێنی شەهیدانمان كورستان گەیشتە ئەم ڕۆژە.

ئێوە قۆناغێكی گرنگی ژیانتان بەڕێكرد، ئێستا قۆناغێكی گرنگتر چاوەڕێتانە، كە قۆناغی خزمەت و بەشداریكردنە لە بەرەوپێشبردن و پێشخستنی وڵاتدا. قۆناغی سەلماندنی خۆتان و كەسایەتیتانە. قۆناغێكە بۆ نیشاندانی لێهاتوویی و تواناكانتان لە خزمەتكردنی وڵات و بەشداریكردنی كارا لە پرۆسەی گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی و بیركرنەوەی باشتر، بۆ داهاتوویەكی ڕووناكتر بۆ وڵاته‌كه‌مان.

هیوادارم دەرفەتی كاركردنتان دەسكەوێت. پێویستە یەكەمجار بیر لە كاری جددی و بەرهەمدار بكەنەوە، نەك لە پۆست و پێگە. لەناو كاردا پۆست و پێگەی گەورە چاوەڕێتان دەكات. داوا لە هەموو كۆمپانیاكانیش دەكەم بەپێی پێداویستی و توانایان، دەرگای كار بۆ نەوەی نوێی كوردستان بكەنەوە.

قوتابیانی خۆشەویست..

دوو ئامانجی سەرەكیى ئێمە، پێشخستنی پەروەردە و تەندروستی بووە. بەلای ئێمەوە ئەو دوو بوارە بنچینەی پێشكەوتنی هەموو كۆمەڵگەیەكن. لەبەرئەوەش پشتیوانیمان لە هەموو پڕۆژەیەك لەو دوو بوارەدا كردووە. ئەوەشمان بە ئەركی خۆمان زانیوە، چونكە دەمانەوێ نەوەی ئێوە و نەوەكانی داهاتوو خۆشگوزەران و لە ئاست پێشكەوتنی جیهاندا بن. هەر لەبەرئەوەش بە ئەركی خۆمان زانیوە پشتیوانی لە زانكۆی ئەمەریكی لە كوردستان بکەین.

ئێستا كە بەرهەمی ئەو پڕۆژە پەروەردەییانە دەبینم زۆر دڵخۆشم. كە منداڵی زمانزان و وشیار دەبینم لە وڵاتەكەمان، كە دەرچووی ئاستبەرز و قسەشیرین و ڕەفتار بەڕێزی وەك ئێوە له‌ كوردستان دەبینم، هه‌موومان به‌یه‌كه‌وه‌ دڵخۆشین. كە نەوەی ئەمڕۆ دەبینم بایەخ بە ژینگەپارێزی دەدەن، كە نەوەیەكی وشیار دەبینم لە خەمی گۆڕانی كەشوهەوای جیهاندان، زۆر دڵخۆش دەبم. كە دەبینم نەوەیەك لە پێگەیشتندایە زۆر باوەڕی بە خۆی و وڵاتەكەی هەیە، زۆر دڵخۆشین به‌مه‌.

نەوەیەكی بەو شێوەیە دەبێتە هێزی پێشخستنی كۆمەڵگە و سیاسەت و بەڕێوەبردن لە كوردستان. ئێوە وادەكەن كە حیزب و سیاسییەكان و كاربەدەستانی ئێستاش خۆیان پێشبخەن.

دەرچووانی خۆشەویست..

ئێوە كە لە ناوەندێكی زانستیی گرنگی وەك ئه‌م زانكۆیه‌ خوێندنتان تەواو كردووە، هەموومان چاومان لەوەیە بە ئاستێكی زانستیی بەرز و بە بیر و بیركردنەوەیەكی باشترەوە ئامادەی خزمەت بن. دایكوباوك و كەسوكار و وڵاتەكەتان، ئومێدیان لەسەر ئێوە بنیات ناوە و وەبەرهێنانیان لەسەر ئێوە كردووە.

ڕاستە، بە بەراورد لەگەڵ ڕابردوو، ئێمە لە هەرێمی كوردستان بە تەواوی سیمای وڵاتمان گۆڕیوە و هەنگاوی گەورەمان ناوە لە بنیاتنانی ڕێگەوبان و تونێل و باڵەخانە و مۆڵ و پارك و فڕۆكەخانە و جۆرەها پڕۆژەی بیناسازیدا، ڕاستە لەوڕووەوە ئێستا هەرێمی كوردستان هەمان هەرێمی كوردستانی (15) ساڵ و (20) ساڵ پێشتر نییە. بەڵام وەك لە وڵاتە هەرە پێشكەوتووەكانی جیهانیش بە ئەزموون دەركەوتووە، پێشكەوتنی ڕاستەقینە بە پلەی یەكەم بنیاتنانی مرۆڤ و بیركردنەوەیەكی باش و پێشخستنی سەرمایە و توانای مرۆییە له‌ هه‌ر وڵاتێك.

بیركردنەوە بنەمای پێشخستن و پێشكەوتنی جیهان بووە و هەرواش دەمێنێتەوە. ئەوەی ئێمە تائێستا لە هەرێمی كوردستان كردوومانە، بە كردنەوەی زانكۆی نوێ و گۆڕانكاری لە زانكۆكانی پێشتر بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ هەلومەرجی نوێی ژیان و تەكنەلۆژیا، سەرەتایەكی باشە، بەڵام ئەرك و هەوڵ و كاری زۆر زیاترمان لەپێشە.

گەشەپێدان‌ و بەرەوپێشبردنی ئەم پرۆسەیە لەمەودوا دەبێتە ئەركی ئێوەی خۆشه‌وه‌یست. ئێوە دەتوانن سیستەمی بیركردنەوە لە هەرێمی كوردستان ببەنە ئاستێكی بەرزتر. دەتوانن بە تواناكانی خۆتان گۆڕانكاری لە گوفتار و ڕەفتار و كاری كۆمەڵگەی كوردستاندا دروست بكەن.

گەشەپێدانی سامانی سروشتیی وڵات و بەكارهێنان و سوود لێوەرگرتن لێی بۆ ئاوەدانكردنەوە و پێشخستنی وڵات و كۆمەڵگە، زۆر پێویستە‌. بەڵام دەبێ هەمیشە چاومان لە سوودوەرگرتنی بەردەوام بێت لە توانای بیركردنەوەی مرۆڤ، نابێ سەرچاوەی سروشتیی ناو مێشكی مرۆڤ خۆی، فەرامۆش بكرێت! بەهێزترین و كاریگەرترین سەرچاوەی سروشتی، خودی مرۆڤ و مێشك و بیركردنەوەیەتی.

با نموونەیەك باس بكەم. لە سەرەتای پەیوندیمان لەگەڵ هەندێك وڵات، بەر لە چەند ساڵێك، به‌ سەردانێكی فه‌رمى چووینه‌ كۆریای باشوور. ئەو وڵاتە پێش و پاش دابەشبوونی، تووشی شەڕ و وێرانكاری و دۆخێكی ئابووری و تەنانەت برسییه‌تییه‌كى زۆر گەورە بوو. زۆر هێزی ناوخۆ و دەرەكی، بەشدارییان لە وێرانكردنی هەردوو بەشی كۆریای باكوور و باشووردا كرد. پاش وەستانی شەڕ و هەندێ گۆڕانكاری و بڕیاری سیاسی و ئابووری، دوو وڵاتی زۆر لێك جیاواز لە باكوور و باشووری كۆریا گەشەیان كرد.

ئەوەی لە ئەزموونی ئەو وڵاتەدا زۆر بەرچاو بوو، ئەوە بوو: هەر وڵات و گەلێك بایەخ بە خوێندن بدات و بزانێت گرنگترین سەرچاوەی سروشتی، بیركردنەوەى باش و بەكارهێنانی مێشكی هەر تاكێكی گەلەكەیەتی، دەتوانێ بەسەر هەموو ناخۆشییەكاندا زاڵ بێت و پێشكەوێت و پێشبڕكێی پێشكەوتن لەگەڵ گەورەترین و پێشكەوتووترین وڵاتانی جیهاندا بكات.

لێرەدا پرسیارێك دروست دەبێت: ئایا هۆكاری سەرەكیی سەركەوتنی ئەم گەلە چییە؟

كە هەندێ لە كۆ‌مپانیاكانی ئەو وڵاته‌مان بینى، لە شێوەی بیركردنەوە و كاركردنیاندا بۆمان دەركەوت کە سیستەمی پەروەرده‌ و خوێندنی سەرەتایی و ئامادەیی و خوێندنی باڵا، كلیلی گەشەی ئابووری و سیاسی و كۆمەڵایەتی و تەكنەلۆژییانە. ئێستا بۆ هەر گۆشەیەكی دنیا دەچیت، لەوانەیە هیچ ماڵێك یا ئۆفیسێك نه‌دۆزیته‌وه‌، بەرهەمی ئەو وڵاتەی تێدا نەبێت. ئێستا ئابووریی كۆریای باشوور لە ڕیزى پێشەوەى ئابوورییە باشەکانى جیهاندایە.

خۆشه‌ویستان،

ئێوە و هاوقۆنا غ و هاوتەمەنەكانتان كە زانكۆ تەواو دەكەن، سبەی هەر یەكێكتان لە بوارێكی ژیاندا دەبێ وەك پێشەنگێك كار بكات، ئیتر ئەركی ئێوەیە پشت بە زانست و سەرمایەی مێشك و بیركردنەوەی خۆتان ببەستن. بیر بكەنەوە و داهێنان بكەن. بیر بكەنەوە و ژیان و دەوروبەر و كۆمەڵگە باشتر بكه‌ن.

ئامانج و پەیامی خوێندنی باڵا، ئامادەكردنی نەوەیەكی تازەیە بە شارەزایی و وشیارییەكی هاوچەرخ و ئاستێكی زانستیانەی بەرز بۆ كاركردن. پێداویستییەكانی پێشكەوتنی وڵات و گەیشتن بە كاروانی جیهانی پێشكەوتوو، كار و ئەركی ئێوەیە. دروستكردنی زەمینه‌ی لەباریش بۆ ئێوە، ئەركی ئێمەیە كه‌ ئه‌م زانكۆیه‌ی ئه‌مڕۆ تیایدا وه‌ستاوین یه‌كێكه‌ له‌و هه‌نگاوه‌ پیرۆزانه‌ی كه‌ ده‌ستپێكراوه‌ و په‌نا به‌خوا به‌رده‌وامیش ده‌بێت.

بەڕێزان…

خۆشحاڵم كە زانكۆی ئەمەریكی لە كوردستان كاری جددی لەسەر پێشخستنی توانا مرۆییەكان دەكات. زانكۆكانی هەرێمی كوردستان دەبێ ناوەندی لێكۆڵینەوەی زانستیى زۆر باشیان هەبێت و بایەخێکى زۆر جددی بە لێكۆڵینەوە بدەن. لە داڕشتنی بەرنامە و پلانی بەڕێوەبردنی وڵات و هەنگاونانی دروست بەرەو ئایندە، بەشداریی كارایان هەبێت و یارمه‌تیی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بده‌ن. دەبێ ڕۆڵی گەورەیان لە جێگیركردنی بەها مرۆییەكانی دنیاى پێشكەوتوو و فراونكردنی زانست و زانیندا هەبێت.

هیوادارم و دڵنیام زانكۆی ئەمەریكی لە كوردستان و هەموو زانكۆكانی دیكەی هەرێمی كوردستان، لە بەرنامە و پرۆگرامی خوێندنیاندا گرنگی بە كولتووری پێكەوەژیان و لێبووردەیی و یەكترقبووڵكردن و ئازادی و دیموكراسی و ژینگەپارێزى بدەن و هاوكار بن لەوەی كوردستان بۆ هەمیشە وه‌ك لانه‌یه‌كى ئارام و سەقامگیر بۆ هەموو پێكهاته‌كانی ئه‌م وڵاته‌ بمێنێتەوە.

بەڕێزان..

بۆ ئەوەی نەوەی ئێستا بتوانێت وڵات پێشبخات، دەبێ ئارامیی سیاسی و بەڕێوەبردنێكی هاوبەش و نەرم هەبێت. دەبێ هاوبەشى لە پرۆسەی سیاسیی هەرێمی كوردستاندا بەهێز بكەین. هەر لەو ڕوانگەیەشەوە هەوڵ دەدەین تەباییی ناخۆیی لە كوردستان بپارێزین، ڕێككەوتن لەگەڵ حكوومەتی فیدرالیی عێراق دروست بكەین. بۆ ئەو مەبەستەش داوا لە هەموو لایەن و حیزبە كوردستانی و عێراقییەكان دەكەین هاوكاری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بن له‌و كاره‌ی كه‌ ده‌ستیپێكردووه‌.

ئێمە لە هەرێمی كوردستان ویستوومانە و هەمیشە دەمانەوێت ژیان و ئاوەدانی و پێشكەوتن و ئاسوودەیی بۆ هه‌موو لایه‌ك هەبێت، بەردەوام هەوڵمان داوە لەگەڵ حكوومەتەكانی عێراق لە ڕێگەی دیالۆگەوە بگەینە چارەسەری كێشەكان. لێره‌ هه‌ر به‌م بۆنه‌یه‌وه‌ جارێكی دیكە خواستی هەرێمی كوردستان بۆ چارەسەركردنی هەموو كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدرالی عێراق لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا دووپات دەكەینەوە و پێشوازی لە هەموو ئه‌و هەوڵ و هەنگاوانه‌ش دەكەین لەو بوارەدا له‌ئارادان.

ئەزموون و سەربردەی گەلی كوردستان لەگەڵ حكوومەتە یەك لەدوا یەكەكانی عێراق هەر لە سەردەمی پاشایەتییەوە تائێستا، ئەو ڕاستییەی سەلماندووە، كە جگە لە دیالۆگ و لێكگەیشتن و ڕێككەوتن، هیچ ڕێگەیەكی دیكە لە بەرژەوەندیی عێراق و گەلانی عێراقدا نەبووە و نابێت. هەموومان دەبێ وانە لە ڕابردوو وەربگرین و پێكەوە بەرەو چارەسەر هەنگاو بنێین.

هەموو پێكهاتەكانی عێراق دەبێ بە كردەیی لە دەسەڵات و بەڕێوەبردن و بڕیاردا هاوبەش بن و هیچ نەتەوە و پێكهاتەیەكی عێراق نابێت پشتگوێ بخرێت. هێشتا تیرۆر و توندڕەوی و سەرهەڵدانەوەیان، مەترسی و هەڕەشەیەكی ڕاستەقینەن لە ناوچەكە، بۆیە هەوڵ و كۆششی هاوبەش و كاری پێكەوەیی لەنێوان هەرێمی كوردستان و عێراق و وڵاتانی ناوچەكە و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا پێویستە. باشترین ڕێگریش لە تیرۆر، دروستكردنی تەبایی و ڕێككەوتنی ناوخۆییە له‌ عێراقدا.

هەروەها ئەركی حكوومەتی فیدرالیی عێراق و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە پشتیوانی لە پێشكەوتن و سەقامگیریی هەرێمی كوردستان بكه‌ن و ئەو پێشكەوتن و ئارامییە فراوان بكرێت بۆ هەموو شوێنێكی عێراق، بە لێكگەیشتنی هەمەلایەنە و جێەجێکردنى دەستووریش دۆخی نائاسایی لە ناوچە ناكۆكی لەسەرەكان كۆتایی پێ بهێنرێت.

لە كۆتاییدا ده‌مه‌وێ دووبارە پیرۆزبایی لە دەرچووانی خولی یەكەمی زانكۆی ئەمەریكی لە كوردستان بكەم. دەستخۆشی لە دامەزرێنەران و مامۆستایان و ستافی زانكۆ دەكەم، هیوای سەركەوتنیان بۆ دەخوازم. ده‌ستخۆشی له‌ هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌كه‌م كه‌ یارمه‌تیی ئه‌و زانكۆیه‌یان داوه‌ و هه‌ر له‌ پێشكه‌وتن به‌رده‌وامه‌، هیوادارم ئه‌و پشتگیرییه‌ هه‌ر به‌رده‌وام بێت له‌ هه‌موو لایه‌كه‌وه‌.

ئێواره‌تان باش

هه‌موولایه‌كتان زۆر به‌خێربێن

سوپاس.

 




دوایین هەواڵەکان

"ئەوانەی رووبەری خانووی زێدەڕۆیان كەمە، بە سوودمەند ھەژمار ناكرێن"

SUNDAY, 08 DECEMBER 2019 12:12:24

هەولێر-KDP.info- هەفتەی رابردوو و دوای گه‌ڕاندنه‌وه‌ى لەلایەن سەرۆكی ھەرێمی كوردستانەوە، پەرلەمانی كوردستان جارێكی دیكە یاسای تاپۆكردنی خانووی زێدەڕۆی پەسەند كرد، ئەندامێكی لیژنەی شارەوانییەكانیش دەڵێ، لە كاتی تاپۆكردنی خانووی زێدەڕۆدا، ئەگەر رووبەرەكەی زۆر زیاد نەبێت، خاوەنەكەی بە سوودمەند ھەژمار ناكرێت.

 
عەلی خەلیل بۆ KDP: داعش لەناو مووسڵ سەرقاڵی خۆڕێكخستنەوەیە

SUNDAY, 08 DECEMBER 2019 11:12:52

مووسڵ-KDP.info- دوای ئەوەی لە سنووری خانەقین و كەركووك داعش دەستی بە جموجۆڵ و كردەوەی تیرۆریستی كرد، ئێستا بە شێوەیەكی بەرچاو سەری هەڵداوەتەوە و جووڵەیان زیادی كردووە، بەرپرسی لقی 14ی پارتیش دەڵێ، لە مووسڵیش بە هەمان شێوە داعش سەرقاڵی خۆڕێكخستنەوەیە. دەشڵێ: "خەڵك داوا دەكەن پێشمەرگە بگەڕێتەوە ناوچەكە".

 
حزبەكان پشتیوانیی خۆیان بۆ سەرۆكی حكوومەت دووپات دەكەنەوە

SUNDAY, 08 DECEMBER 2019 10:12:51

سلێمانی-KDP.info- سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە گوتارێكیدا بە بۆنەی 100 ڕۆژی كاركردنی حكوومەتی هەرێم، رایگەیاند: "حكوومەتی هەرێم هی هەموو هاووڵاتیانە، بە تەنیا هی تاكەكەسێك و یان چەند حیزبێك نییە، بۆیە چاوەڕوانین هەموو لایەنە سیاسییەكانی هەرێم لە بەهێزكردنی ئەم حكوومەتەدا پاڵپشتمان بن". حزبە سیاسییەكانی كوردستانیش، پشتیوانیی خۆیان بۆ سەرۆكی حكوومەت دووپات دەكەنەوە.

 
وەزارەتی بازرگانی: رۆژ بە رۆژ جووڵەی بازرگانی لە هەرێم لە زیادبووندایە

SUNDAY, 08 DECEMBER 2019 10:12:19

هەولێر-KDP.info- گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان گوتی، بە هۆی بوونی سەقامگیرییەوە لە هەرێمی كوردستان، رۆژ بە رۆژ جووڵەی بازرگانی لە زیادبووندایە و دۆخی بازرگانیش وەكو پێش هاتنی قەیرانی دارایی، ئاسایی بووەتەوە.

 
سەرۆك بارزانی سەرەخۆشی لە ئامیناخانی هاوسەری شەهید محیەدین ڕەحیم دەكات

SATURDAY, 07 DECEMBER 2019 21:12:22

ئێوارەی ڕۆژی شەممە 7ـی 12ـی 2019 سەرۆك مەسعود بارزانی لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە پرسە و سەرەخۆشیی خۆی ئاراستەی ئامیناخانی هاوسەری شەهیدی سەركردە محیەدین ڕەحیم كرد بە هۆی گیانلەدەستدانی كوڕەكەی "ئاڵان محیەدین ڕەحیم" لە ڕووداوێكی دڵتەزێن لە وڵاتی ئەمەریكا.



 
© 2018 Kurdistan Democratic Party, KDP