هەولێر-KDP.info- کاندیدێکی سەربەخۆی لیستی ١٨٤ی پارتی ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، پارتی بەھێزترین لیستی ھەڵبژاردنە لە ھەرێمی کوردستان و دەشڵێ، شانازی بە خۆمەوە دەکەم بتوانم لەگەڵ تیمێکی بەھێزدا بەرگری لە کوردستان بکەم.
مەلا بەشیر حەداد، کاندیدی ژمارە ٢ی لیستی ١٨٤ی پارتی لە پارێزگای ھەولێر بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ھۆکاری خۆکاندیدکردنی بەندە وەک کەسێکی سەربەخۆ لەسەر لیستی ١٨٤ی پارتی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، من دەمەوێ لە داھاتوودا لەگەڵ تیمێک کار بکەم لە پەرلەمانی عێراق پێگە و قورساییی خۆی ھەبێت و بتوانم بەرگری لە مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان بە گشت پێکھاتەکانییەوە بکەم، ئێستا من کاندیدی لیستی پارتیم و شانازی بەوە دەکەم من کاندیدی پارتی بم، چونکە لیستی ١٨٤ی پارتی بەھێزترین لیستی ھەرێمی کوردستانە و پارتی ئەو حزبە بەھێزەیە ھەموو کات لە عێراق و کوردستان دەتوانێ تای تەرازووی ھێز بگۆڕێت و کاریگەریی خۆی ھەیە لە گۆڕەپانی سیاسیدا.
مەلا بەشیر ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "بە ھۆی گۆڕانکاریی ناوچەکەوە چوار دەوری ھەرێمی کوردستان ئاگرە، تەنیا ھەرێمی کوردستانە ئێستا ڕەوشێکی ئارامی ھەیە و سەر و ماڵی ھاووڵاتیان پارێزراوە، لەبەر ئەوەش لە ئەرکی پاراستنی کوردستاندا پشکی شێر بەر پارتی دیموکراتی کوردستان دەکەوێ، بینیمان پارتی لە ڕابردوودا چۆن بەرگری لە خەڵکی کوردستان کرد، دەمەوێ لە داھاتووشدا ئەگەر متمانەی دەنگدەرانی پارێزگای ھەولێر بەدەست بێنم، منیش ئەو شانازییەم بەر بکەویت ھاوشانی نوێنەرانی دیکەی پارتی خزمەتی خەڵکی کوردستان بکەم."
قائید میرۆ