هه‌ولێر-KDP.info- له ڕۆژێكی وه‌ك ئه‌مڕۆدا و لە 6ی ئۆكتۆبه‌ری ساڵی 1958، بارزانیی نه‌مر له یه‌كێتیی سۆڤیه‌تی پێشوو گه‌ڕایه‌وه کوردستان، پسپۆڕێكی مێژووی کوردستان و عێراقیش ده‌ڵێ، "گه‌ڕانه‌وه‌ی بارزانیی نه‌مر له سۆڤیه‌تی پێشوو، چه‌ندین ده‌ستكه‌وتی هه‌بوو و بووە مایەی بووژاندنەوەی خەباتی ڕزگاریخوازی گەلی کورد و پەرەپێدانی هەستی نەتەوایەتی".
د. شوان خۆشناو، پسپۆڕی مێژووی کوردستان و عێراق، به ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند، "دوای چوونی بارزانیی نه‌مر و هه‌ڤاڵانی بۆ یه‌كێتیی سۆڤیه‌تی پێشوو له ساڵی 1947دا، بۆشاییه‌كی زۆر له بزاڤی ڕزگاریخوازی گەلی كورد دروست بوو، به‌وه‌ی هیچ سه‌ركرده‌یه‌كی دیكه لە ناوچه‌كه‌دا نەما ڕابه‌رایه‌تیی خەبات و بزاڤی كوردایەتی و نیشتمانپەروەری بكات، له‌به‌ر ئه‌وه به ڕۆییشتنی بارزانیی نه‌مر كاریگه‌رییه‌كی زۆر لەسه‌ر خه‌باتی كورد له باشووری كوردستان دروست بوو، چونكه ئەوکات هه‌موو كه‌سێك هه‌ستی به‌وه ده‌كرد بۆشاییه‌ك هه‌یه و پێویستی به سه‌ركردایه‌تیی بازرانیی نه‌مر هه‌یه، هه‌ر ئه‌وه‌ش وای كرد له كاتی گه‌ڕانه‌وه‌ی بارزانیی نەمر له ئۆكتۆبه‌ری ساڵی 1958، ژمارەیەکی یەکجار زۆر لە خەڵکی کوردستان، پێشوازییەکی گەرم و بێوێنە لە خۆی و هەڤاڵانی بکەن."
ئه‌و پسپۆڕه‌ی مێژووی کوردستان و عێراق ده‌شڵێت، "گه‌ڕانه‌وه‌ی بارزانیی نه‌مر و ئەنجامدانی چەند ڕێککەوتنێکی مێژوویی، ده‌ستكه‌وتێكی گه‌وره بوو و بووە مایەی بووژاندنەوەی خەباتی ڕزگاریخوازی گەلی کورد و پەرەپێدانی هەستی نەتەوایەتی، چونكه یه‌كه‌م جار بوو له‌نێو ده‌ستووری عێراقدا ددان به مافی گەلی كورددا بنرێت و له بڕگه‌ی سێیەمی دەستووردا كورد وه‌ك نه‌ته‌وه‌یه‌كی سه‌ره‌كیی عێراق هاوشێوه‌ی عه‌ره‌ب هەژمار بکرێت، هه‌روه‌ها پارتی دیموكراتی كوردستان مۆڵه‌تی فه‌رمیی پێ درا و چه‌ندین ده‌ستكه‌وتی دیكه‌شی هه‌بوو، هاوکات گه‌ڕانه‌وه‌ی بارزانیی نه‌مر هێزی به هه‌موو تاكێكی كورد و پێكهاته‌كان بەخشی، له‌وه‌ی سه‌رمەشقی شۆڕش و داینەمۆی بزاڤی ڕزگاریخوازی گەلی كوردستان گه‌ڕایه‌وه."
د. شوان خۆشناو ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وەش كرد، "وه‌ك هه‌موو جارێك دوای ته‌نیا دوو ساڵ، حكوومه‌تی ئه‌وكاتی عێراق له به‌ڵێنه‌كانی پاشگەز بووەوه، بۆیە لە پێناو به‌رگریکردن له مافه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان و پاراستنی خاكی پیرۆزی كوردستان، شۆڕش ده‌ستی پێكردەوه و له ڕۆژی 11ی ئه‌یلوولی 1961، گه‌وره‌ترین شۆڕشی سه‌رتاسه‌ری بەرپا کرا، کە شۆڕشی ئەیلوول بوو و به درێژترین شۆڕش له مێژووی هاوچەرخی کوردستان و ناوچەکەدا هه‌ژمار ده‌كرێت."
قائید میرۆ