مونا نەبی قەهوەچی
هەنگاوەکانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و پێکهێنانی کابینەی دەیەم، هەنگاوێکی گرنگە بۆ بەهێزکردنی دامەزراوەکانی هەرێم، بەردەوامکردنی پرۆسەی سیاسی و دڵنیابوون لە بەردەوامیی کارکردنی دامەزراوە دەستوورییەکان.
کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەو قۆناخە هەستیارەی ئێستادا، تەنیا بابەتێکی سیاسی نییە، بەڵکو پێویستییەکی دەستووری و نیشتمانییە بۆ بەهێزکردنی دامەزراوەکانی هەرێم و بەردەوامکردنی پرۆسەی سیاسی.
لەبەر ئەوە، کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و پێکهێنانی کابینەی دەیەم دەبێت ببێتە یەکێک لە گرنگترین ئەولەویەتە سیاسییەکان. ئەمە تەنیا ئەرکی حکوومەت یان یەک لایەن نییە، بەڵکو بەرپرسیارێتیی هاوبەشی هەموو ئەو پارت و لایەنە سیاسییانەیە کە نوێنەرایەتیی خەڵکی کوردستان لە پەرلەمان دەکەن.
پێویستە لایەنە سیاسییەکان بە هەڵوێستێکی بەرپرسیارانە، گفتوگۆ و ڕێککەوتنی سیاسی، ڕێگە بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی کابینەی دەیەم خۆش بکەن، بۆ ئەوەی دامەزراوەکانی هەرێم بە شێوەیەکی یاسایی و کارا بەردەوامی بە کار و ئەرکەکانیان بدەن.
قەوارەی سیاسیی هەرێمی کوردستان بە ئاسانی بەدەست نەهاتووە، ئەم قەوارەیە بە مێژوویەکی درێژی خەبات، قوربانی و خوێنی شەهیدان بەدەست هاتووە. بۆیە پاراستن و بەهێزکردنی ئەم قەوارەیە، پاراستنی دەستکەوتەکانی گەل و دڵنیابوون لە داهاتووی نەوەکانی داهاتووە.
لەبەر ئەمە، هیچ ناکۆکییەکی سیاسی و هیچ بەرژەوەندییەکی حزبی نابێت ببێتە هۆی دواکەوتنی کارکردنی دامەزراوەکانی هەرێم. پێویستە هەموو لایەنەکان بەرپرسیارێتیی مێژوویی خۆیان بزانن و بە بڕیار و هەڵوێستی سیاسیی بەرپرسیارانە، پرۆسەی پێکهێنانی کابینەی دەیەم تەواو بکەن.
کوردستان پێویستی بە پەرلەمانێکی کارا، حکوومەتێکی کارامە و یەکڕیزیی سیاسی هەیە.
پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان، پاراستنی مێژوو و دەستکەوتەکانی گەلە، ئەمەش بەرپرسیارێتیی هەموومانە.