شێخ ستار عەواڵانی
٦ تا ٨ی تشرینی دووەمی ساڵی ١٩٩٣، وێستگەیەکی پڕ لە شکۆ و ئازادی بوون بۆ گەڕانەوەی تەرمی بارزانیی نەمر و کاکە ئیدریسی هەمیشە لەیاد لە ئاوارەییەوە بۆ باوەشی نیشتمان، کە سەلمێنەری ئەوە بوو ئیرادەی گەلێک بۆ ژیان و ئازادی، لە هەموو زوڵم و چەوسانەوەیەک بەهێزترە.
کاتێک لە ساڵی ١٩٧٩دا بارزانیی هەمیشە زیندوو لە ئەمەریکا کۆچی دوایی کرد و لە شارۆچکەی شنۆ بە خاک سپێردرا، دواتریش لە ساڵی ١٩٨٧دا کاکە ئیدریسی هەمیشە لەیاد لە تەنیشتی بە خاک سپێردرا، دوژمنانی کورد وایان دەزانی بە کۆچی دوایی ئەم سەرکردانە و دوای ئەو هەموو ئاوارەیی و ئەنفال و کیمیابارانە، بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان بۆ هەمیشە کۆتایی هات، بەڵام خەیاڵ و خەونیان لە چاڵ نرا، سەرکردە و هەڵگری پەیامی بارزانی، چرای ڕووناککەرەوەی ڕۆژگارە سەختەکان جەنابی سەرۆك مەسعود بارزانی، ڕابەرایەتیی پارتی و بەرپرسیاریەتیی خەونی گەلی کوردی گرتە ئەستۆ و بەردەوامی بە خەباتی سیاسی و شۆڕشگێڕی دا و بە گوێی هەموو ئازادیخوازێکدا بانگەوازی کرد و فەرمووی، ڕێچکە و ڕێبازی بارزان بە خەون و خەیاڵی دوژمنان کۆتایی نایەت و ئەم ڕێبازە ئاوێتەی ڕوحی ڕۆڵەکانی ئەم گەلە بووە، قوتابخانەی فکر و هزری نەتەوەیی قەت لەبن نایەت و بەردەوام دەبێت، ئەم پەیام و بەڵێنەی جەنابی سەرۆكیش، خەونی دوژمنانی لەچاڵنا. بێگومان ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ و دامەزراندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش، وەڵامێکی ڕوون بوو کە خەباتی ئەم گەلە بە کۆچی دوایی سەرکردەکانی ناوەستێت.
گەڕانەوەی تەرمی ئەم دوو سەرکردەیە لە پاییزی ١٩٩٣دا، لە چەند ڕوویەکەوە گرنگییەکی زۆری هەبوو، ئەم پرۆسەیە سنووری حزبی و ناوچەیی بەزاند، خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە شنۆ، ورمێ و نەغەدەوە بە شکۆوە تەرمەکانیان بەرەو سنوور بەڕێ کرد، لە باشووریش، لە پێنجوێنەوە تا سلێمانی، هەولێر، دهۆک و دەڤەری بارزانی سەکەش، کە لەوێ ئەسپاردەی خاك کران، بە هەزارەها کەس لە هەموو توێژەکان ڕژانە سەر شەقامەکان، ئەم جۆش و خرۆشە نیشانی دا کە ڕابەرانی خەبات هێمای زیندوویی نەتەوەکەن و سنوورە دەستکردەکان ناتوانن دڵەکانیان لە یەکتر داببڕن.
لە کاتێکدا کورد تازە سەرقاڵی دروستکردنی قەوارەی هەرێمی کوردستان بوو، بەشداریی تەواوی لایەنە سیاسییەکان و پێشوازیی فەرمی لە تەرمەکان، نیشانەی گەیشتنی کوردستان بوو بە قۆناغێکی نوێ لە خۆبەڕێوەبردن.
بەخاکسپاردنەوەی تەرمی هەردوو نەمر لە بارزانی سەرکەش، نوێکردنەوەی پەیمان بوو لەگەڵ مێژوو، هەروەها گوزارشت بوو لەوەی کە هەموو ئازارەکانی ڕابردوو، ئاوارەیی و ماڵوێرانی، نەیانتوانی ئیرادەی ژیان لە دڵی کورددا بکوژن.
ئەمڕۆ کاتێک ئاوڕ لەو ڕۆژانەی پاییزی ١٩٩٣ دەدەینەوە، درک بەوە دەکەین کە ئەو گەڕانەوەیە تەنیا ڕێوڕەسمێک نەبوو، بەڵکو دەستپێکی قۆناغێکی نوێی هیوا بوو، سەلماندی کە سەرکردەی ڕاستەقینە ئەوانەن کە لە دڵ و یادەوەریی خەڵکدا دەمێننەوە و خاک و نیشتمانیش لە کۆتاییدا دەبنە ئارامگەی هەموو ئەوانەی تەمەنی خۆیان بە ئازادی بەخشی.