کەرکووک-KDP.info- ئەمڕۆ یەکشەممە، ٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦، لە بارەگای مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکووک و گەرمیان - خانەقین، لەژێر چاودێریی هیوا ئەحمەد مستەفا، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکووک و گەرمیان - خانەقین، ڕێوڕەسمێکی ڕێزلێنان بەڕێوە چوو.
لە ڕێوڕەسمەکەدا کە بە ئامادەبوونی ئارام جەباری، بەرپرسی بۆردی ڕێکخراوە جەماوەری و پێشەیییەکانی مەکتەب ڕێکخرا ببوو، قەڵغانی ڕێزلێنان پێشکەش بە هەرسێ ناوەندی ئافرەتانی کەرکووک، چەمچەماڵ و دەوروبەری کەرکووک کرا.
ئەم ڕێزلێنانەی بۆردی ڕێکخراوە جەماوەری و پێشەیییەکانی مەکتەب، وەک پێزانینێک بوو بۆ ئەو خزمەت و چالاکییە بەردەوامانەی کە ناوەندەکانی ئافرەتان لە ماوەی ڕابردوودا پێشکەشیان کردووە، هاوکات بەبۆنەی بەدەستهێنانی پلەی یەکەم و دووەم لەسەر ئاستی سەرجەم ناوەندەکانی کوردستان، لە خولێکی تایبەت بە ناوەڕۆکی کتێبی (بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد) کە لەلایەن یەکێتیی ئافرەتانی کوردستانەوە ڕێکخرابوو.
لە کۆتایی ڕێوڕەسمەکەدا، هیوای سەرکەوتن و بەردەوامی لە کار و چالاکییەکانی داهاتوویان بۆ خواسترا، لەپێناو خزمەتکردنی زیاتری کۆمەڵگە و توێژی ئافرەتان.