کەرکووک-KDP.info- بەرپرسی لقی ٣ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک ڕایدەگەیەنێت، پارتی لەگەڵ لایەنە کوردییەکانی کەرکووک کار بۆ گێڕانەوەی ماف و بەرکەوتەی کورد لەو پارێزگایە دەکات و هەوڵی جدی دەدەن بۆ وەرگرتنەوەی پۆستە باڵاکان و گەیاندنی خزمەتگوزاری.
سیروان عاسی، بەرپرسی لقی ٣ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، "لە ئێستادا لەگەڵ لایەنە کوردییەکانی کەرکووک لە هەوڵداین بۆ ئەوەی بتوانین ئەو بەرکەوتەیەی پێویستە کورد لە کەرکووک هەیبێت و پێی نەدراوە، بە یەکڕیزی وەریبگرینەوە، هەر لە گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ گەڕەکە کوردنشینەکان تا دەگاتە ئەو پۆستە باڵایانەی کە مافی کوردن و لە ئێستادا هیچی بەدەست کوردەوە نەماون، داوامان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان کردووە پشتیوانمان بێت و داواش لە بەغدا دەکەین پابەند بێت بە پێدانی مافەکانی کورد لە کەرکووک."
بەرپرسی لقی ٣ی کەرکووک ئاماژەی بە کۆبوونەوەی لایەنە کوردییەکان کرد و گوتی، "لە بارەگای لق لەگەڵ کەسی یەکەمی سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکانی کورد لە کەرکووک کۆبووینەتەوە، پارتی هەمیشە لەگەڵ یەکڕیزیدایە تاوەکو بتوانین لەو ناوچانە پارێزگاری لە مافە دەستووری و یاساییەکانی خەڵک بکەین."
لە کۆتاییدا سیروان عاسی گوتیشی، "ئامانجی سەرەکیی پارتی لە کەرکووک خزمەتکردنی سەرجەم پێکهاتەکانی ئەو پارێزگایەیە، ئەو هەڤاڵەنەی ئێمەش لە ئەنجوومەنی پارێزگا بە مەبەستی خزمەتکردنی خەڵک و بەرگریکردن لە مافەکانی کەرکووکییەکان لەوێن."
قائید میرۆ