سۆران-KDP.info- لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان زنجیرەیەکی فراوانی خزمەتگوزاری گەیشتوونەتە گوند و ناوچە دووردەستەکان، لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانیش بە ئامانجی نەهێشتنی کێشەی کەمئاوی و ئاسانکاری ژیانی گوندنشینان، حکومەتی هەرێم ژمارەیەک پڕۆژەی ئاوی خواردنەوەی بۆ زیاتر لە ٨٠ گوند لە هەر ٦ قەزاکە خستووەتەگەڕ.
لەو بارەیەوە، ئومێد بەرزێوەیی سەرپەرشتیار و جێبەجێکاری پڕۆژەکانی ئاو لە ئیدارەی سۆران، لە لێدوانێک بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە وردی باسی پڕۆژەکانی کرد و ڕایگەیاند، "لە قەزای ناوەندی سۆران، پڕۆژەی ئاوی گوندەکانی (بادلیان-دێلزیان) خۆی دەبینێتەوە لە دروستکردنی خەزانێکی ئاوی ٢٠ بە ٣٠ مەتری کە بە قەبارەی ١ ملیۆن ٤٤٠ هەزار لتر توانای هەڵگرتنی ئاوی هەیە و لەسەر بودجەی شارەوانی بە گوژمەی زیاتر لە ٥٠٠ ملیۆن دینار جێبەجێ دەکرێت. لە قەزای ڕواندز، پڕۆژەی ئاوی گوندەکانی (دۆڵی ئاکۆیان) بە درێژایی ١٧کم تۆڕی ئاو ڕادەکێشرێت بە گوژمەی زیاتر لە ١ ملیار دینار کاری لەسەر دەکرێت. پڕۆژەکە دروستکردنی خەزانێکی ١٨ بە ٢٠ مەتری کە توانای هەڵگرتنی ١ ملیۆن و ٤٠ هەزار لتر ئاوی هەیە. لە ئێستادا ٥٠٪ پڕۆژەکە تەواو کراوە و لە ماوەی کەمتر لە ٣ مانگی تر دەکەوێتە خزمەت هاووڵاتییانەوە."
ناوبراو تیشکی خستەسەر پڕۆژەی فراوانتر و گوتیشی، "لە قەزای خەلیفان پڕۆژەی ئاوی (١٨ گوندی دۆڵی خەلان بیاو) لە جێبەجێکردن دایە کە ئەم پڕۆژەیەش تەواوکەری پڕۆژەی ٥١ گوندی دەڤەری بارزانە لە قەزای مێرگەسۆر. ئەم پڕۆژەیە بە گوژمەی نزیکەی ٢ ملیار دینار جێبەجێ کراوە و لەم ڕۆژانە دەکرێتەوە و دەکەوێتە خزمەت هاووڵاتییانەوە. هاووکات، لە قەزای سیدەکان، پڕۆژەی ئاوی گوندی شیوان-نزاری کاری لەسەر دەکرێت، بە گوژمەی ٧٨٧ ملیۆن و زیاتر لە ٩٠٪ـی پڕۆژەکە تەواو کراوە. لەگەڵ ئەوەشدا، لە قەزای چۆمان، پڕۆژەی ئاوی قەسرێ کاری لەسەر دەکرێت کە تەواوی ئامراز و کەرەستە و پێداویستییەکان لە دەرەوە هاوردە کراوە بە درێژی ٧.٥کم بۆڕی دکتایلی ٨ ئینجی ڕادەکێشرێت لەگەڵ دروستکردنی ٣ خەزانە کە بە قەبارەی ملیۆنێک و ٤٠ هەزار لتر ئاو هەڵدەگرێت.
ئومێد بەرزێوەیی، لە درێژەی لێدوانەکەی ئاماژەی بە دابینکردنی هەلی کار لەو پڕۆژانە کرد و گوتی، "تەواوی ئەم پڕۆژانە لەلایەن کرێکار و ئەندازیاری ناوخۆی کاریان لەسەر دەکرێت و هەلی کار بۆ سەدان هاووڵاتیی ڕەخساوە. هاوکات لە تەواوی پڕۆژەکان ئاوی ژێرزەوی پارێزراو بووە و بە بڕیاری کابینەی نۆیەم سوودمان لە ئاوی سەرزەوی وەرگرتووە."
ئەژین غەفار