ھەولێر-KDP.info- مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە بۆنەی جەژنی نەورۆزەوە پیرۆزبایی ئاراستەی گەلی خۆڕاگری کوردستان دەکات و دەڵێت، نەورۆز لە مێژووی ئێمەدا، ھێمایەکی زیندووی مانەوە و بەردەوامی و، ناسنامە و تێکۆشانی گەلێکە کە ھەمیشە داوای ئازادی و دادپەروەری کردووە.
پەیامی پیرۆزبایی مەکتەبی سیاسیی پارتی بەبۆنەی سەری ساڵی نوێی کوردی و جەژنی نەتەوەیی نەورۆز.
بەبۆنەی جەژنی نەتەوەیی نەورۆز و ھاتنەوەی سەری ساڵی نوێی (٢٧٢٦)ی کوردی، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی گەلی خۆڕاگری کوردستان، کوردستانیانی دڵسۆز لە ھەر شوێنێکی جیھان بن، ھەروەھا خانەوادە و کەسوکاری سەربەرزی شەھیدان و ھێزی پێشمەرگەی کوردستان دەکەین.
نەورۆز لە مێژووی ئێمەدا، ھێمایەکی زیندووی مانەوە و بەردەوامی و، ناسنامە و تێکۆشانی گەلێکە کە ھەمیشە داوای ئازادی و دادپەروەری کردووە.
ئەمڕۆش کە پێ دەنێینە ساڵێکی نوێی کوردییەوە، ئەو یادە وەک ھاندەرێک دەبینین بۆ نوێبوونەوەی گیانی بەرگری و بەردەوامبوون لەسەر ڕێبازی نەتەوەیی و نیشتمانیمان.
لەو سۆنگەیەوە، ھەرچەندە ھەرێمی کوردستان بەشێک نییە لەو کێشە و ئاڵۆزییانەی کە دروستبوون ھیوادارین نەورۆز ببێتە پاڵنەری کۆتاییھاتن بە جەنگ و نەھامەتییەکان و ئومێدەوارین دۆخی ناوچەکە بە گشتی بەرەو ئارامیی و سەقامگیرییەکی ڕاستەقینە ھەنگاو بنێت. پێویستە ھەوڵەکان بۆ کەمکردنەوەی گرژی و ئاڵۆزییەکان چڕ بکرێنەوە تاوەکو ھەموولایەک لە سایەی ئاشتیدا بژین.
پارتی دیموکراتی کوردستان، وەک ھەمیشە جەخت لە باوەڕی نەگۆڕی خۆی بە بنەماکانی دیموکراسییەت و، پێکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان ھەموو پێکھاتەکان و کولتووری گفتوگۆ دەکاتەوە. ئێمە لەو بڕوایەداین کە باشترین بژاردە گرتنەبەری ڕێگەی لێکتێگەیشتن و دیالۆگێکی بنیاتنەرانەیە بۆ چارەسەرکردنی گرفت و کێشەکان.
ئەم جەژنە ھاوکاتە لەگەڵ یادەکانی ڕاپەڕینە مەزنەکەی گەلی کوردستان و ڕزگارکردنی شاری کەرکووکی دڵی کوردستان لە ٢١ـی ئاداری ١٩٩١، کە شکۆیەکی دیکەیە بۆ مێژوومان. بەو بۆنەیەوە سڵاو بۆ خەڵکی نیشتمانپەروەری کەرکووک و ھەموو شار و شارۆچکەکانی کوردستان دەنێرین.
ھیوادارین نەورۆزی ئەمساڵ ببێتە ھاندەر و دەرفەتێک بۆ یەکخستنی گوتاری سیاسی و تەبایی نێوان سەرجەم لایەنەکان، لەپێناو بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلەکەمان و دابینکردنی ژیانێکی شایستە و خۆشگوزەرانتر بۆ ھاووڵاتییان.
ئومێدەوارین ساڵی (٢٧٢٦)، ساڵی دەستبەرەکردنی سەرجەم مافە دەستوورییەکان و، سەقامگیری و بەھێزترکردنی قەوارەی ھەرێمی کوردستان و ھاتنەدی خەون و ھیوای چەندین ساڵەی نەتەوە دێرینەکەمان بێت.
جارێکی دیکە نەورۆز و ساڵی نوێی کوردی لە ھەمووان پیرۆز بێت.
کوردستان ھەمیشە ئاوەدان و شکۆدار بێت
مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان
نەورۆزی ٢٧٢٦ی کوردی