هەولێر-KDP.info- مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەیامی پیرۆزبایی جەژنی ڕەمەزاندا، جەخت لە پێویستیی یەکڕیزی و تەبایی نێوان لایەنە سیاسییەکان دەکاتەوە وەک بنەمایەکی سەرەکی بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێم، هەروەها ڕایدەگەیەنێت کە دەبێت زمانی دیالۆگ و یەکخستنی گوتاری نیشتمانی لەپێناو بەرژەوەندیی باڵای گەلەکەمان بخرێتە گەڕ.
دەقی پەیامەکەی مەکتەبی سیاسیی:
بە بۆنەی هاتنەوەی جەژنی پیرۆزی ڕەمەزان، گەرمترین پیرۆزبایی لە سەرجەم موسڵمانانی کوردستان و عیراق و جیهان دەکەین، پیرۆزبایی لە کەسوکاری سەربەرزی شەهیدە نەمرەکان و هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەکەین، هیوادارین ئەو بۆنە پیرۆزە هەوێنی خێر و خۆشی و ئاسوودەیی بێت بۆ کۆمەڵگەکەمان بە هەموو پێکهاتەکانییەوە و مایەی کۆتایی هاتنی کێشە و گیروگرفتەکان بێت.
لەو دەرفەتەدا جەخت دەکەینەوە سەر نەریتی دێرینی پێکەوەژیان و پتەوترکردنی گیانی ئاشتەوایی و لێبوردەیی و بەرقەراربوونی سەقامگیری و هەماهەنگی کۆمەڵایەتی و دوورخستنەوەی خولیا و بیری شەڕانگێزی و توندوتیژی لە هەرێمی کوردستاندا بەتایبەت لەم قۆناغە هەستیار و ئاڵۆزەی ئیستادا کە ناوچەکەی پێدا تێدەپەڕێت و ماوەیەکە بەبێ پاساو و بە ناحەق هەندێک گرووپ و میلیشیا و چەکداری لەیاسا دەرچوو هەوڵەکانیان بۆ تێکدانی ئارامی هەرێمی کوردستان خستووەتە گەڕ. هەروەها جەخت لە پێویستیی یەکڕیزی و تەبایی نێوان هەموو هێز و لایەنە سیاسییەکان دەکەینەوە، وەک بنەمایەکی سەرەکی بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان و دەستکەوتە نەتەوەییەکانمان.
ئومێدەوارین ئەم جەژنە ببێتە هاندەرێکی نوێ بۆ قووڵکردنەوەی زمانی دیالۆگ و یەکخستنی گوتاری نیشتمانی لەپێناو بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلەکەمان و دابینکردنی ژیانێکی شایستەتر و گوزەرانێکی باشتر بۆ هاونیشتمانیانی خۆشەویست.
دووبارە جەژنتان پیرۆز و کوردستان هەمیشە بەهێز و سەرفراز و ئاوەدان بێت.
مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان
١٩ـی ئاداری ٢٠٢٦