هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لە مانگی ڕەمەزاندا چاودێرییەکی چڕی بازاڕ کراوە و سزای هەر شوێنێک دراوە کە هەوڵی قۆرغکاریی دابێت، دەشڵێت، "نزیکەی ٢٠٠ شوێن بەهۆی سەرپێچی و پابەندنەبوون بە ڕێنماییەکان سزادراون.
نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، ''تیمەکانی چاودێریی بازرگانی لە ماوەی مانگی ڕەمەزاندا زیاتر لە ٣ هەزار بەسەرکردنەوەیان بۆ شوێنە بازرگانییەکان ئەنجامداوە، لە ئەنجامدا نزیکەی ٢٠٠ شوێن بەهۆی سەرپێچی و پابەندنەبوون بە ڕێنماییەکان سزادراون.
نەوزاد شێخ کامیل ئاماژەی بەوەش کرد، کە تیمەکانیان ڕێگە بە هیچ جۆرە قۆرغکاری و گرانبوونێکی نایاسایی نادەن و گوتی، ''ئێستا کاڵا و خواردەمەنی بەردەوام لە دەروازە سنوورییەکانی وەک (ئیبراهیم خەلیل، ئوم قەسر و عەرعەر)ـەوە هاوردە دەکرێت و کۆگاکانیشمان پڕن لە پێداویستییەکانی خواردن. جەختیشی کردەوە کە بازاڕ لەژێر کۆنترۆڵی تەواودایە.
بڵند ئیبراهیم