هەولێر-KDP.info- گوتەبێژی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان رایگەیاند، دوودڵییەک لەنێوان هاووڵاتییاندا بڵاوبووەتەوە، کە گوایە پێویست ناکات لە یەکەم ڕۆژی جەژن دا بەشداری لە هەردوو نوێژی بەکۆمەڵی جەژن و هەینی بکرێت، بەڵام نوێژی جەژن نابێتە جێگرەوەی نوێژی هەینی.
د. عەبدوڵڵا شێرکاوەیی، گوتەبێژی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، "ئەم جەژنە وا هەڵکەوتووە کە جەژن و هەینی بکەونە هەمان ڕۆژ، بەو هۆیەوە دوو نوێژی بەکۆمەڵ دەکرێن و دوو وتاریش لە مزگەوتەکان دەدرێن. ئەمەش دوودڵی و دەنگۆیەکی لەناو هاووڵاتییاندا بڵاوکردووەتەوە، کە گوایە پێویست ناکات لە یەکەم ڕۆژی جەژن دا بەشداری لە هەردوو نوێژ بکەن و نوێژی جەژن بەسە."
لەوبارەیەوە، د. عەبدوڵڵا شێرکاوەیی گوتی: "نوێژی جەژن و نوێژی هەینی شوێنگرەوەی یەکدی نین، نوێژی هەینی فەرزە و نوێژی جەژنیش سوننەتە، هەربۆیە ناکرێت لەبری فەرز، سوننەت بکرێت."
گوتەبێژی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان باسی لەوەکرد، "هەر کەسێک بچێت بۆ نوێژی جەژن و نەچێتە نوێژی هەینی، گوناهبار دەبێت، نوێژی هەینی فەرزە."
د. عەبدوڵڵا شێرکاوەیی داوای لە موسڵمانان کرد، کە بەشداریی هەردوو نوێژی جەژن و هەینی بکەن.
ئەژین غەفار