بەغدا-KDP.info- جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، "ئەو ھەشت خاڵەی پەرلەمانی عێراق دەریکردووە ھیچ خاڵێکی تێدا نیە دژی ھەرێمی کوردستان بێت، داواکارییەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ جێبەجێ کردن لە حکوومەتی عێراق ھەمووی دەستوورین."
د.فەرھاد ئەتروشی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی "ئەو ھەشت خاڵەی لە پەرلەمانی عێراق دەرچوون، لە یەکەم خاڵ باسی گەرەنتی مووچەی فەرمانبەران دەکات و ھەموو خاڵەکان باشن، ھیچی وای تێدا نیە نێگەتیف بێت، بەڵام ئێمە لەسەر دانیشتنی پەرلەمان تێبینیمان ھەبوو، دوو ڕۆژبوو لەسەر خەت بووین بۆ ئەوەی ھەرێم و بەغدا بگەنە ڕێککەوتن و ێککەوتن کرا، بەڵام فشارێک لەسەر پەرلەمان ھەبوو بۆ ئەوەی ئەو کۆبوونەوەیە بکرێت و خەڵکی پێوە سەرقاڵ بکەن، لەلایێکی دیکە هەر بڕیارێک کە دەدرێت پێویستە نیسابی یاسایی ھەبێت و دەنگی لەسەر بدرێت، بۆیە نە نیساب ھەبووە و نەدەنگدانیش کراوە، لەسەر خەت بووم تا بەیانی، نزیکەی ٦٠ کەس ئامادەبوونە بۆ کۆبوونەوە کە پێویستە بۆ نیسابی یاسایی ١٦٦ ئەندام ئامادەبن، بەڵام ئێمە تەماشای لایەنی ئیجابی دەکەین کە ھیچ بڕیاری نائیجابی نەدراوە."
د.فەرھاد ئەتروشی گوتیشی "ماددەی ١١٤ی دەستووری عێراق باسی بەڕێوەبردنی گومرگەکان دەکات کە دەسەڵاتی ھاوبەشن لە نێوان حکوومەتی ھەرێم و عێراق، ئەمە کێشەکەیە، حکوومەتی عێراق دەیەوێت کۆنتڕۆڵی ھەموو شتێک بکات، حکوومەتی ھەرێم لەوە کێشەی هەیە، بەپێی دەستوور پێویستە بەھاوبەشی بەڕێوە ببردرێت، بۆیە وەکو ئەسیکۆدا ھیچ لاریمان نیە بەڵام جێبەجێکردن و ئالیەتی جێبەجێکردنی کێشەی تێدایە، بەغدا دەیەوێت کۆنتڕۆڵی ھەموو داھات بکات، پێویستە نیوە بەنیوە بێت بۆ ھەرێم و عێراق، پێویستە کات ھەبێت تا سیستەمەکە جێبەجێ بکرێت، لە عێراق کێشەی گەورەی دارایی ھەیە، لە دواین کۆبوونەوەی ئیدارەی دەوڵەت کە خۆم ئامادەبووم باسکرا، ئەمەش بەتایبەت دوای شەڕی ناوچەکە، ئەوەی باشە چارەسەربوونی کێشەی نەوت بوو."
دەشڵێت "بۆڕی نەوتی ھەرێمی کوردستان ڕۆژانە ٢٥٠ھەزار بەرمیل نەوتی لێ ھەناردە دەکرێت، لەکاتێکدا عێراق ڕۆژانە ٣ملیۆن و ٤٠٠ھەزار بەرمیل نەوتی ھەناردە دەکرد، ڕێژەکە ناگاتە ١٠% ئەمە لە بابەتی مووچە ناگۆڕێ، دەیانویست ھەرێم وا وێنا بکەن ئابلۆقەی لەسەر عێراق داناوە، ئەمە بۆ ڕازیکردنی شەقامی عێراقی بوو، بەڵام حکوومەتی ھەرێم لە ھەناردەی نەوت ڕێگر نەبووە، تەنیا ھەندێک بابەت ھەبوو پێویستە چارەسەر بکرێت، لەوانە مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان، کەی دابین دەکرێت لەگەڵ مووچە فەوتاوەکانیش، پێویستە بەرچاوڕوونی ھەبێت، داوامان لە سەرۆکی حکوومەت کرد، وەکو فەرمانبەرانی عێراق مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم بدرێت، ئەوکات بەڵێنی دا چارەسەر بکرێت، ئێستا دوای گۆڕانکارییەکان نازانین چی لێدێت.
ڕێککەوتنەکە وایە، عێراق بەشێک لە نەوت لەڕێگەی بۆڕی نەوتی ھەرێم ڕەوانە بکات، ھەرێمیش جارێ دیار نیە توانای چەندە، بەڵام ڕەنگە ٢٠٠ھەزار بەرمیل بێت، بەوەی هەرێم و کەرکووکیش بکاتە ٤٥٠ھەزار بەرمیل."
جێگری سەرۆکی پەرلەمان ڕایشگەیاند "داوامان لە سەرۆک وەزیرانی عێراق کردووە، پێویستە ھێرشەکانی سەر ھەرێمی کوردستان ڕابگرن کە لەناو خاکی عێراق ھێرشی سەر ھەرێمی کوردستان دەکرێت، سەرۆک وەزیرانی عێراق گوتی نازانین کێن ئەو ھێرشانە دەکەن، بەڵام کاتێک ئێمە فەرماندە سەربازییەکانی عێراقمان بۆ پەرلەمان میوان کرد، ئەوان باسیان لەوە کرد ئەو دڕۆنانە لەناوخۆی عێراق دروست دەکرێن و ھێرشی سەر ھەرێمی کوردستان دەکەن، زۆر لەوانەی پشتگیری لە گروپە چەکدارەکان دەکەن وەڵامیان داوە، بەڵام ئێمە داوامان کرد ئەرکی حکوومەتی عێراقە ڕێگری بکات، لە بەغدا لەگەڵ ھەمووان باسمان کردووە و داواکاری سەرەکی ھەرێم بووە بۆ ھەناردەی نەوتی ھەرێم بۆ دەرەوە، بۆ ڕەخساندنی ژینگەیەکی ئارام بۆ کۆمپانیا بیانییەکان، چونکە ئەوان بەو شێوەیەی ئێستا ئامادە نین."
بڵند ئیبراھیم