ئامێدی-KDP.info- قایمقامی قەزای ئامێدی ڕایگەیاند، پڕۆژەی کۆڕنیشی شێلادزێ یەکێکە لە پڕۆژە هەرە ستراتیژییەکانی ناوچەکە و بڕیارە هاوینی ئەمساڵ بەڕووی گەشتیاراندا بکرێتەوە، کە کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر ژێرخانی گەشتیاری و ڕەخساندنی هەلی کار دەبێت.
وارشین سەلمان، قایمقامی قەزای ئامێدی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، ''بەهۆی سەختیی کەشوهەوای وەرزی زستان لە دەڤەرەکە، کارکردن لە پڕۆژەی کۆڕنیشی شێلادزێ بەشێوەیەکی کاتی ڕاگیراوە، بەڵام لەگەڵ ئاساییبوونەوەی کەشوهەوا، دەستبەجێ کارەکان دەست پێ دەکەنەوە.
قایمقامی ئامێدی ئاماژەی بەوەش دا، کە زۆربەی کارەکانی پڕۆژەکە تەواو بوون و گوتی، ''ئەمساڵ بۆ وەرزی هاوین کۆڕنیشەکە بەتەواوی ئامادە دەبێت. ئەم پڕۆژەیە نەک هەر سیمایەکی جوان بە شێلادزێ دەبەخشێت، بەڵکو دەبێتە هۆی ڕاکێشانی ژمارەیەکی زۆرتری گەشتیار بۆ ئامێدی و دەرفەتی کاری باشیش بۆ گەنجانی ناوچەکە دەڕەخسێنێت.
قائید میرۆ