ھەولێر-KDP.info- ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠٢٦/٣/١٦، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ خاتوو ئورسۆلا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا ئەنجام دا.
لە پەیوەندییەکەدا، دوایین پێشھاتەکانی دۆخی ئاڵۆزی ناوچەکە و لێکەوتەکانی شەڕ، تاوتوێ کران. ھەردوولا ھاوڕا بوون لەسەر ھاریکاریی بەردەوام بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان، ھەروەھا جەختیان لە گرنگیی پاراستنی سەقامگیری و چارەسەری ئاشتییانەی کێشەکان کردەوە.
سەرۆک نێچیرڤان بارزانی سوپاس و پێزانینی بۆ پشتگیریی بەردەوامی یەکێتیی ئەورووپا لە عێراق و ھەرێمی کوردستان دەربڕی، ھەروەھا دووپاتی کردەوە کە ھەرێمی کوردستان بەشێک نییە لە ئاڵۆزییەکان و وەک ھەمیشە فاکتەری ئارامی و سەقامگیری دەبێت.
لای خۆیەوە خاتوو ڤۆن دێر لاین ڕایگەیاند کە سەقامگیریی عێراق و ھەرێمی کوردستان جێی بایەخی یەکێتیی ئەورووپایە و وەک ھاوبەشێکی گرنگ لە ناوچەکەدا لێیان دەڕوانێت. ھەروەھا پابەندیی یەکێتیی ئەورووپای بە بەردەوامیی یارمەتیدانیان، دووپات کردەوە.