Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
MON, 16 MAR 2026 22:41 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

پەیامی مەکتەبی سیاسیی پارتی لە ساڵڕۆژی کیمیابارانکردنی هەڵەبجەدا
| KDP.info


هه‌ولێر-KDP.info- مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە ساڵیادی کارەساتی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە پەیامێکی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند، هیوادارین ئەو یادە ببێتە هەوێنی یەکڕیزی و یەک بڕیاری سیاسی بۆ چارەسەرکردنی کێشە و گیروگرفتەکانمان و پاراستنی دەستکەوتەکانمان و قەوارەی شەرعی هەرێمی کوردستان و دووبارە نەبوونەوەی ئەو تاوان و کارەساتە جەرگبڕانە. 

دەقی پەیامەکەی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان:

ئەمڕۆ ساڵڕۆژی کارەساتێکی دڵتەزێنە، (٣٨)ەمین بیرەوەری کیمیابارانکردنی شاری هەڵەبجەیە، لەو یادە خەمگینەدا هاوسۆزی و هاوخەمی خۆمان بۆ کەسوکاری قوربانیانی ئەو تاوانە کەم وێنەیە دووپات دەکەینەوە، درود و سڵاو بۆ گیانی پاکی شەهیدان دەنێرین.

لە سەروبەندی کۆتایی جەنگی هەشت ساڵەی عێراق و ئێران لە (١٦ی ئاداری ١٩٨٨) شاری هەڵەبجە لەلایەنی حکوومەتی ئەوسای عێراق کەوتە بەر دڕندانەترین شاڵاوی کۆمەڵکوژی خەڵکەکەی و وێرانکردن بە چەکی قەدەغەکراوی کیمیایی، کە تاوانێکی ویژدان هەژێن و لەبیرنەکراوە.

ئەو هێرشە چەپەڵە جگە لە شەهید و بریندارکردنی هەزاران ڕۆڵەی ئەم نیشتمانە، بووە هۆی شێواندن و تێکدانی سیما و جیۆگرافیای شار و لادێکانی ئەو ناوچەیە، جگە لەوەش دواتر ڕژێمی ئەوسای بەعس دانیشتوانی ناوچەکەی ڕاگواست و تەرحیل کرد.

ئەو تاوانە دژ بە مرۆڤایەتی و خەڵکی سڤیل  و خۆڕاگری شاری هەڵەبجە و ناوچەکە، کە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس، بە هەوڵی سەرۆکایەتی هەرێم و حکوومەت و دامەزراوەکان و دڵسۆزان لە ساڵی (٢٠١٠) لە دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق کەیسی هەڵەبجە بە تاوانی جینۆساید ناسرا، تاهەتایە پەڵەیەکی ڕەشە بەنێوچاوانی دوژمنان و ڕژێمە داپڵۆسێنەرەکان و، بۆ هەڵەبجەش هێمای بەرگری و تەحەدای زوڵم و سەردانەواندنە بۆیە وەک سیمبولی خەبات و قوربانیدانی گەلی کوردستان لە هزری گەلەکەمان و لاپەڕەکانی مێژووی بەرخۆدان و قبووڵنەکردنی ستەمکاریی بە شکۆمەندی دەمێنتەوە.  

لەم یادەدا پشتیوانیی خۆمان بۆ ئاوەدانکردنە و پێشخستنی پارێزگای هەڵەبجە دووپات دەکەینەوە بەتایبەتی ئەو پرۆژانەی پەرەپێدان و خزمەتگوزاری و بوارەکانی دیکە، کە بە دەستپێشخەری و هەوڵ و تەقەڵای بەڕێز سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەنجام دران و دەدرێن، هەروەها بە ئەرکی هەموو لایەکی دەزانین هەوڵ بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکانی دانیشتوانی شارەکە بدەین و لەسەر ئاستی حکوومەتی فیدڕاڵیش قوربانییەکانی چەکی کیمیاوی و خانەوادەکانیان لە هەموو ڕوویەکەوە قەرەبوو بکرێنەوەوە و چارەسەری ژینگەی وێرانکراو و ژەهراویکراوی هەڵەبجەش بکرێت.

هیوادارین ئەو یادە ببێتە هەوێنی یەکڕیزی و یەک بڕیاری سیاسی بۆ چارەسەرکردنی کێشە و گیروگرفتەکانمان و پاراستنی دەستکەوتەکانمان و قەوارەی شەرعی هەرێمی کوردستان و دووبارە نەبوونەوەی ئەو تاوان و کارەساتە جەرگبڕانە. 

نەمری و سەرفرازی بۆ شەهیدان و قوربانیانی مەرگەساتی کیمیابارانی هەڵەبجە و سەرجەم شەهیدانی کوردستان..

 

مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان

١٦ ـی ئاداری ٢٠٢٦




دوایین هەواڵەکان

سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا دۆخی ناوچه‌که‌ تاوتوێ ده‌که‌ن

MONDAY, 16 MARCH 2026 21:03:00

ھەولێر-KDP.info- ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠٢٦/٣/١٦، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ خاتوو ئورسۆلا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا ئەنجام دا.

 
ناوی فەرمانبەرە گرێبەستەکان، بۆ پێدانی زەوی ئامادە دەکرێت

MONDAY, 16 MARCH 2026 15:03:43

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری یاسایی لە وەزارەتی شارەوانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەڵێت،  ئامادەکاری دەکرێت دوای جەژن دەست بە وردبینی ناوی گرێبەستەکان بکرێت بۆ وەرگرتنی ڕەزامەندی پێدانی زەوی، ئێستا چاوەڕێی گەیشتنی ناوی  گرێبەستەکان دەکەین بۆ ئەوەی دەست بە وردبینی بکرێت.

 
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و به‌رپرسى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق كۆبوونه‌وه‌

MONDAY, 16 MARCH 2026 13:03:01

ھەولێر-KDP. info-  ئەمڕۆ دووشەممە 2026/3/16، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە بەڕێز غولام محەمەد ئیسحاقزای، بەرپرسی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخەری نیشتەجێ بۆ عێراق و شاندێكى یاوه‌رى کرد.

کابینەی نۆیەم خەونی جووتیاران دەکاتە واقیع

MONDAY, 16 MARCH 2026 11:03:26

بەردەڕەش-KDP.info- دەڤەری بەردەڕەش وەک یەکێک لە ناوچە هەرە بەپیتەکانی هەرێمی کوردستان، لە سایەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتدا بووەتە جەمسەرێکی گرنگی ئاسایشی خۆراک. ئەندازیار تەحسین گۆران، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی بەردەڕەش لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، تیشک دەخاتە سەر ئەو وەرچەرخانە گەورەیەی لە کەرتی کشتوکاڵی ناوچەکەدا ڕوویداوە.

 
پەیامی سەرۆک بارزانی لە ساڵیادی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە

MONDAY, 16 MARCH 2026 10:03:38

هه‌ولێر-KDP.info- ئەمڕۆ دووشەممە، 16ی ئاداری 2026، سەرۆک بارزانی لە 38ـەمین ساڵیادی کیمیابارانکردنی هەڵەبجەدا پەیامێکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" بڵاوکردەوە.

 


 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact