هەولێر-KDP.info- ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، لە ژێر رۆشناییی ئەو دۆخە ئەمنی و هەستیارەی ناوچەکە پێیدا تێپەڕ دەبێت، ڕاگەیەنراوێکی هۆشداریدەری بڵاو کردەوە و تێیدا جەخت لە مامەڵەی بەرپرسیارانەی دەزگاکانی راگەیاندن و هاووڵاتییان دەکاتەوە. هاوکات دەڵێت، هێزەکانی دژەتیرۆری کوردستان راسپێردراون بۆ گرتنەبەری رێکاری یاساییی توند بەرامبەر بە هەر پێشێلکارییەک.
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ هەینی 13ـی ئاداری 2026، ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا ئاماژەی بەوە کردووە، بەهۆی ئەو هەلومەرجە ئەمنی و دۆخە هەستیارەی کە ئێستا هەرێمی کوردستان، عێراق و ناوچەکە بەگشتی پێیدا تێپەڕ دەبن، پێویستە قۆناغەکە بەوپەڕی بەرپرسیارێتییەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، "ئەرکی سەرشانی سەرجەم دەزگاکانی ڕاگەیاندن، لایەنە پەیوەندیدارەکان و گشت هاووڵاتییانە کە بە هەستیارییەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکە بکەن، پێویستە خۆیان لە هەر جۆرە ڕەفتارێک یان بڵاوکردنەوەی زانیاری و نهێنییەک بپارێزن کە خزمەت بە نەیارانی کوردستان بکات و زیان بە ئاسایش و سەقامگیریی ناوخۆییی هەرێم بگەیەنێت."
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەنراوەکەدا، ئەنجوومەنی ئاسایش بڕیارێکی مەیدانیی یەکلاکەرەوەی ئاشکرا کردووە، کە تێیدا فەرمانی راستەوخۆ بە هێزەکانی دژەتیرۆری کوردستان کراوە بۆ چاودێریکردن و لێپێچینەوە.
بەپێی فەرمانەکە، "هەر دەزگایەکی ڕاگەیاندن هەستێت بە بڵاوکردنەوەی زانیاری و نهێنییە ئەمنییەکان، یان ڕووماڵێکی ناپرۆفیشناڵانە بۆ هەواڵەکانی جەنگ و پەلاماری دوژمنان بکات کە ببێتە هۆی زیانگەیاندن بە ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان، ئەوا دەستبەجێ لە لایەن دژەتیرۆری کوردستانەوە ڕووبەڕووی لێپێچینەوە دەبێت و بە پێی یاسا ڕێکاری توندی بەرامبەر دەگیرێتە بەر."
ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، هۆشداریی ئاراستەی بەرپرسانیش کردووە و بە ڕوونی رایگەیاندووە، "هەر بەرپرسێک بەهۆی لێدوان و قسەکانیەوە ببێتە هۆی ئاشکرابوون و دزەپێکردنی زانیارییە هەستیارەکان بە جۆرێک کە خزمەت بە بەرژەوەندیی دوژمن بکات و زیان بە ئاسایشی نەتەوەییی هەرێم بگەیەنێت، بێگومان بەپێی یاسا بەرکارەکان لێپێچینەوەی قورسی لەگەڵدا دەکرێت."