ھەولێر-KDP.info- تیمەکانی کۆمپانیای کەیوەن لە قۆناغی کۆتایی جێبەجێکردنی پڕۆژەی دانان و دابەشکردنی تۆڕی ئاوی ناوخۆ و بەستنەوەی بە ھێڵە سەرەکییەکانی پڕۆژەی فریاگوزاری خێرای گەیاندنی ئاوی ھەولێرن و تا ئێستا توانراوە ٩٥٪ی تەواوی کارەکان ڕاپەڕێندرێن.
کۆمپانیای کەیوەن سەرەڕای ئالنگارییەکان و ھەلومەرجی نەخوازراوی ئێستا، بەردەوامە لە جێبەجێکردنی پڕۆژەی دانان و دابەشکردنی تۆڕی ئاوی ناوخۆ لە ھێڵە لاوەکییەکان و بەستنەوەی بە ھێڵە سەرەکییەکانی پڕۆژەی فریاگوزاری خێرای گەیاندنی ئاوی ھەولێر کە پێشتر لەلایەن کۆمپانیای ھێمن گروپەوە جێبەجێکرابوو. لەم مانگی ڕەمەزانە پیرۆزەدا، تیمەکانی کۆمپانیای کەیوەن بە زیاتر لە شیفتێک بە شەو و ڕۆژ کاردەکەن لە ڕاکێشانی بۆری HDPE بۆ ئەو گەڕەکانەی تا ئێستا سوودمەند نەبووینە لە پڕۆژەی فریاگوزاری و لە ئێستادا گەیشتوونەتە ڕێژەی ٩٥٪ی کارەکان.
تا ئێستا زیاتر لە ٤٠٠ ھەزار مەتر بۆڕی پلاستیکی بە تیرەکانی (١١٠، ١٦٠، ٢٠٠، ٢٥٠، ٣٠٠، ٤٠٠) ملیمەتری بەناو کوچە و کۆڵانەکانی شاری ھەولێر و دەوروبەری دابەشکراوە، کە تێیدا ڕەچاوەی تەواوی پێوەرەکانی سەلامەتی و تەندروستی کراوە و بە کوالیتییەکی بەرز لەلایەن ئەندازیارانی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی ھەولێر دیزاین و سەرپەرشتی دەکرێت.
پێشبینی دەکرێت لە مانگی داھاتوودا کارەکان بەتەواوی کۆتایییان بێت و تەواوی بیرە ئیرتیوازییەکانی شاری ھەولێر بکوژێنرێنەوە، لەپاڵ ڕاکێشانی بۆری ئاویشدا، کارکردن لە دوو تانکی عەمباری ئاو بە بڕی ١٠ ھەزار مەتر سێجا بۆ ھەر یەکێکیان لەلایەن ھەمان کۆمپانیاوە بەردەوامە و ئەوانیش لە قۆناغی کۆتایی جێبەجێکردندان.
