هەولێر-KDP.info- جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت کە پڕۆسەی پێکهێنانی لیژنە هەمیشەیییەکانی پەرلەمان گەیشتووەتە قۆناغێکی پێشکەوتوو و تا ئێستا ١٣ لیژنە جێگیر کراون، ئەمەش وەک هەنگاوێکی بنەڕەتی بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتیان و جێبەجێکردنی ئەرکە دەستوورییەکان وەسف دەکات.
د. فەرهاد ئەترووشی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، ''دەنگدان لەسەر لیژنە هەمیشەیییەکان تەنها ڕێکارێکی کارگێڕی نییە، بەڵکو هەنگاوێکی گرنگە بۆ کاراکردنی پەرلەمان لە پێناو چاودێریکردنی حکوومەت و یاسادانان، تا بتوانرێت باشترین خزمەتگوزاری پێشکەشی هەموو پارێزگاکان بکرێت.
ئەترووشی وردەکاریی لیژنە پەسەندکراوەکانی خستە ڕوو و ئاماژەی بەوە کرد کە لە کۆبوونەوەکانی ڕابردوودا توانراوە دەنگ لەسەر ئەم لیژنە سەرەکییانە بدرێت، (پەیوەندییەکانی دەرەوە، یاسایی، ئابووری و بازرگانی، وەبەرهێنان و گەشەپێدان، تەندروستی، خوێندنی باڵا، پەروەردە، ئاوەدانکردنەوە، گواستنەوە و گەیاندن، هەرێم و پارێزگاکان، پاراستنی بەرهەمی ناوخۆ، و ڕەوشتی پەرلەمانتاری).
جێگری سەرۆکی پەرلەمان ئاشکرای کرد کە هێشتا ١١ لیژنەی دیکە ماون دەنگیان لەسەر بدرێت. بڕیار وایە ڕاستەوخۆ دوای کۆتاییهاتنی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز، پەرلەمان کۆببێتەوە بۆ تەواوکردنی ئەو لیژنانەی کە ماون، تاوەکو پەرلەمان بە تەواوی وزەی خۆیەوە دەست بە کارەکانی بکات.
بڵند ئیبراهیم