هەولێر-KDP.info- مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای هەولێری پارتی دیموکراتی کوردستان، لە (٣٥)ەمین ساڵیادی ڕاپەڕینی شکۆداری هەولێری پایتەختدا، بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و تێیدا جەخت لەوە دەکاتەوە کە هەولێر هەمیشە وەک قەڵایەکی قایمی ڕێبازی بارزانی و پارێزەری قەوارەی هەرێم دەمێنێتەوە.
دەقی پەیامەکەی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای هەولێر:
کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان..
جەماوەری تێکۆشەر و ئەمەکداری هەولێری پایتەخت..
سی و پێنج ساڵ بەر لە ئەمڕۆ، لە وەرچەرخانێکی مێژووییدا، گەلی کوردستان کۆتایی بە سەردەمی داگیرکاری و ستەم هێنا. لەم یادە شکۆدارەدا، گەرمترین و بەرزترین پیرۆزبایی ئاراستەی ئەندازیاری ڕاپەڕین و ڕابەری نەتەوەیی، جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی دەکەین، کە بە حیکمەت و ڕابەرایەتیی جەنابیان، خەونی ڕزگاری بووە واقیع. هەروەها سڵاو و دەستخۆشی بۆ پێشمەرگە قارەمانەکان و تەواوی خەڵکی نیشتمانپەروەری هەولێر دەنێرین.
ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١، بەرهەمی نەخشە و سەرپەرشتیی ڕاستەوخۆی جەنابی سەرۆک بارزانی بوو، کە لە چەخماخەی یەکەمی شۆڕش لە ڕانیەوە تا شکۆمەندیی ١١ی ئاداری هەولێر و دواجاریش ئازادکردنی کەرکووکی دڵی کوردستان، ئیرادەی تاکی کوردی بەرەو سەرکەوتنی یەکجاری ئاراستە کرد.
لە ڕاپەڕینی هەولێردا، خۆڕاگریی خەڵکی هەولێر و قارەمانییەتی پێشمەرگە، ئاوێتەی خوێنی پاکی سیمبولی بەرخودان، شەهیدی نەمری ڕاپەڕینی هەولێر (خەجە باوە) بوون؛ کە بە شەهیدبوونی، مێژوویەکی پڕ لە سەروەریی بۆ ئافرەتی کورد و ئەم شارە تۆمار کرد.
مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای هەولێر لەم یادەدا دووپاتی دەکاتەوە، کە خزمەتکردنی هەولێر و خەڵکە دڵسۆزەکەی لە سەرووی هەموو ئەرکەکانمانە. بەڵێن بۆ جەنابی سەرۆک و خەڵکی خۆشەویستی هەولێر نوێ دەکەینەوە، کە هەمیشە وەک قەڵایەکی قایم لەسەر ڕێبازی پیرۆزی بارزانی، پارێزەری شکۆی هەولێر، قەوارەی هەرێمی کوردستان و دەستکەوتە نیشتمانییەکانمان بین.
نەمری بۆ شەهید خەجە باوە و سەرجەم شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریخوازی کوردستان و سەروەریان بارزانی نەمر و کاکە ئیدریسی هەمیشە لەیاد..
پارتی دیموکراتی کوردستان
مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای هەولێر
١١ی ئاداری ٢٠٢٦