Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
WED, 11 MAR 2026 22:53 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

پەیامی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ساڵیادی ڕێککەوتننامەی 11ـی ئازاردا
| KDP.info


هەولێر-KDP.info- سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ساڵیادی ڕێککەوتنامەی 11ـی ئازاردا پەیامێکی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند، لە کاتێکدا ئەم یادە دەکەینەوە، ناوچەکەمان لەناو ئاڵۆزی و مەترسییەکانی پەرەسەندنی شەڕدایە. ئەم دۆخە ئاڵۆزه‌ پێمان دەڵێت کە پێویستە هەموو لایەک بە هەستیاری و به‌رپرسیاریه‌تییەوە مامەڵە بکەن و کێشەکان بە شێوەیەکی ئاشتییانە چارەسەر بکرێن.

دەقی پەیامەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان:

ئەمڕۆ بە شکۆدارییەوە یادی پەنجا و شەش ساڵەی ڕێککەوتننامەی مێژووییی 11ـی ئازاری 1970 دەکەینەوە. ئەم ڕێککەوتننامەیە کە بە ڕابەرایەتیی بارزانیی نەمر و شۆڕشی مەزنی ئەیلوول هاتە ئاراوە، گەورەترین دەستکەوتی سیاسی و یاسایی بوو. وەک یەکەم بەڵگەنامەی فەرمیی دانپێدانان بە مافەکانی گەلی کوردستان لە مێژووی هاوچەرخدا تۆمار کرا و بووه‌ بنه‌مای هه‌موو ده‌ستکه‌وته‌کانی دواتری هه‌رێمی کوردستان. لەم یادەدا، سەری ڕێز و نەوازش بۆ گیانی پاکی شەهیدان دادەنەوێنین و سڵاو بۆ تێکۆشەران و پێشمەرگە قارەمانەکان دەنێرین.

ڕێککەوتننامەی 11ـی ئازار تەنها دەستکەوتێکی نەتەوەیی نەبوو، بەڵکوو نەخشەڕێگەیەکی دروست و نموونەیی بوو بۆ چەسپاندنی ئاشتی و پێکەوەژیان لە عێراقدا. مێژوو سەلماندی کە پاشگەزبوونەوەی دەسەڵاتدارانی ئەوسای عێراق لەو ڕێککەوتنە و پەنابردن بۆ لۆژیکی هێز لەجیاتی گفتوگۆ، عێراقى ڕووبەڕووی چەندین دەیە شەڕ، ماڵوێرانی، ناسەقامگیری و بەفیڕۆدانی سامانە مرۆیی و ماددییەکان کردەوە کە تا ئەمڕۆش باجی ئەو هەڵە مێژوویییانە دەدات.

لە کاتێکدا ئەم یادە دەکەینەوە، ناوچەکەمان لەناو ئاڵۆزی و مەترسییەکانی پەرەسەندنی شەڕدایە. ئەم دۆخە ئاڵۆزه‌ پێمان دەڵێت کە پێویستە هەموو لایەک بە هەستیاری و به‌رپرسیاریه‌تییەوە مامەڵە بکەن و کێشەکان بە شێوەیەکی ئاشتییانە چارەسەر بکرێن و ڕێگە لە تەشەنەسەندنی زیاتری شەڕ و ئاڵۆزییەکان بگیرێت. لە عێراقیش پێویستە هەموومان پەند لە مێژوو وەربگرین و بزانین کە سەقامگیری بە یەکترقبووڵکردن و چەسپاندنی سیستمی فیدراڵی و دادپەروەری بەدی دێت.

لەم یادەدا، جەخت لەسەر یەکڕیزی و تەباییی نێوان لایەنە کوردستانییەکان دەکەینەوە وەک تاکە گەرەنتی بۆ پاراستنی قەوارەی فیدراڵی و ده‌ستکه‌وت و مافە دەستوورییەکانمان. با پێکەوە کار بکەین بۆ ئەوەی کوردستان و عێراق لە مەترسییەکانی شەڕ دوور بخەینەوە و داهاتوویه‌كى گەشتر، ئاوەدانتر و پڕ لە ئاشتی بۆ نەوەکانمان بنیات بنێین.

 

سڵاو لە یادی 11ـی ئازار. دروود بۆ گیانی پاکی شەهیدان.

 

نێچیرڤان بارزانی

سەرۆکی هەرێمی کوردستان

2026/3/11




دوایین هەواڵەکان

بەرپرسی لقی نۆی پارتی بەرنامەی خێرخوازی لە مانگی ڕەمەزان ڕاگەیاند

WEDNESDAY, 11 MARCH 2026 16:03:57

ئاکرێ -KDP.info- بەرپرسی لقی نۆی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت، لە مانگی ڕەمەزان تا دەگاتە جەژن، ھاوکارییەکان پێشکەشی ئەم خەڵکە دەکەین کە پێویستیان پێیە.

فەرھاد ئەتروشی: ئەمڕۆ دەنگ لەسەر لیژنە ھەمیشەییەکانی پەرلەمانی عێراق دەدرێت

WEDNESDAY, 11 MARCH 2026 14:03:25

بەغدا -KDP.info- جێگری سەرۆکی پەلەمانی عێراق گوتی "ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق کۆدەبیتەوە و دەنگ لەسەر لیژنە ھەمیشەییەکانی پەرلەمان دەدرێت و چاوەڕێ دەکرێت کورد چوار لیژنەی بەرکەوێت." 

سەرۆكی حکوومەت پێشوازی لە ئەمینداری گشتیی یەكگرتووی ئیسلامی دەكات

WEDNESDAY, 11 MARCH 2026 14:03:44

ھەولێر-KDP.info-  ئەمڕۆ چوارشەممە 3/11، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە سەلاحەددین بەهائەدین، ئەمینداری گشتیی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان كرد.

"٣٥ ساڵ لەمەوبەر، هەولێری پایتەخت ڕاپەڕی و شکۆی داگیرکەری تێکشکاند"

WEDNESDAY, 11 MARCH 2026 12:03:01

هەولێر-KDP.info- مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای هەولێری پارتی دیموکراتی کوردستان، لە (٣٥)ەمین ساڵیادی ڕاپەڕینی شکۆداری هەولێری پایتەختدا، بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و تێیدا جەخت لەوە دەکاتەوە کە هەولێر هەمیشە وەک قەڵایەکی قایمی ڕێبازی بارزانی و پارێزەری قەوارەی هەرێم دەمێنێتەوە.

 
"١١ی ئازار، بەڵگەنامەی فەرمی بۆ چەسپاندنی شوناس و خاکی کوردستان"

WEDNESDAY, 11 MARCH 2026 12:03:39

هەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ ٥٦ ساڵ بەسەر ڕێککەوتننامەی مێژوویی ١١ی ئازاری ١٩٧٠دا تێدەپەڕێت. ئەم ڕێککەوتننامەیە کە لە نێوان سەرکردایەتیی شۆڕشی ئەیلوول بە ڕابەرایەتی بارزانی نەمر و حکوومەتی ئەو کاتەی عێراق واژۆ کرا، تەنها واژۆیەکی سیاسی نەبوو، بەڵکو دانپێدانانێکی فەرمی و نێودەوڵەتی بوو بە شوناس و خاکی کوردستاندا.

 


 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact