هەولێر-KDP.info- مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای هەولێری پارتی دیموکراتی کوردستان، بە بۆنەی ٣٥ەمین ساڵیادی ڕزگارکردنی شەقڵاوە و کۆیە پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاوکردەوە و تێیدا جەخت لە ڕۆڵی مێژوویی سەرۆک بارزانی وەک داڕێژەری نەخشەی ڕاپەڕین دەکاتەوە.
لە پەیامەکەدا هاتووە، لەم یادە شکۆدارەدا بە ڕێز و پێزانینەوە ڕۆڵی مێژوویی و سەرکردایەتیی حەکیمانەی جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی بەرز دەنرخێندرێت: "جەنابیان وەک ئەندازیاری ڕاپەڕین و داڕێژەری نەخشەی ڕزگاریی کوردستان، بە پلان و سەرپەرشتیی ڕاستەوخۆ، ورەی تێکۆشەران و پێشمەرگە و جەماوەری بەرزکردەوە و سەرکەوتنی گەورەی ٩ی ئاداری لە کۆیە و شەقڵاوە و تەواوی کوردستان خوڵقاند."
دەقی پەیامەكەی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای هەولێری پارتی:
٣٥ ساڵ بەسەر ڕاپەڕینی شکۆداری شەقڵاوە و کۆیە تێپەڕ دەبێت.
کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان..
خەڵکی تێکۆشەری شەقڵاوە و کۆیە..
ئەمڕۆ ٩ـی ئادار (٣٥) ساڵ بەسەر ڕاپەڕینی قارەمانانەی شارەکانی شەقڵاوە و کۆیە تێپەڕ دەبێت. لەم یادە شکۆدارەدا، بە ڕێز و پێزانینەوە ڕۆڵی مێژوویی و سەرکردایەتیی حەکیمانەی جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی بەرز دەنرخێنین، کە وەک ئەندازیاری ڕاپەڕین و داڕێژەری نەخشەی ڕزگاریی کوردستان، بە پلان و سەرپەرشتیی ڕاستەوخۆی جەنابیان، ورەی تێکۆشەران و پێشمەرگە و جەماوەری بەرزکردەوە و سەرکەوتنی گەورەی ٩ی ئاداری لە کۆیە و شەقڵاوە و تەواوی کوردستان خوڵقاند.
ئەم سەرکەوتنە، بەرهەمی یەکگرتوویی گەل و پێشمەرگە بوو لەژێر چەتری سەرکردایەتییەک کە هیچ کات لە بەرانبەر ستەمدا چۆکی دانەدا. ئێمە لە مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای هەولێر، جەخت لە درێژەدان بەو ڕێبازە پیرۆزە دەکەینەوە بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێم و خزمەتکردنی زیاتری کۆیە و شەقڵاوە.
سڵاو لە جەماوەری خۆڕاگری کۆیە و شەقڵاوە..
دروود بۆ گیانی پاکی شەهیدانی ڕاپەڕین و سەرجەم شەهیدانی ڕێگەی ڕزگاریخوازی کوردستان.
پارتی دیموکراتی کوردستان
مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای هەولێر
٩ی ئاداری ٢٠٢٦