هەولێر-KDP.info- بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، ئاستی گرژییەکان گەیشتووەتە قۆناغێکی مەترسیدار و جەخت دەکاتەوە کە هەرێمی کوردستان بەشێک نییە لە کێشەکان.
ئەمڕۆ یەکشەممە 8ی ئاداری 2026، سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێم، لە لێدوانێکدا گوتی، ''ئەو گرژی و شەڕ و پێکدادانە گەیشتووەتە ئاستێک کە بە ڕاستی مەترسی بۆ سەر ژیانی هاووڵاتییان دروست کردووە.
سەفین دزەیی ڕوونی کردەوە کە هەرێمی کوردستان بەشێک نەبووە لەو شەڕە و پەلکێشکردنی عێراق و هەرێم بۆ ناو ئەو ململانێیە لە بەرژەوەندیی هیچ کەسێکدا نییە.
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەت ئاماژەی بەوەش کرد، ''بە ئومێدی ئەوەین بە زووترین کات کۆتایی بەو گرژییانە بێت، چونکە حیکمەت و گفتوگۆ باشترین جێگرەوەی توندوتیژی و شەڕە.
سەبارەت بە هەوڵە دیپلۆماسییەکان، سەفین دزەیی ئاشکرای کرد کە پەیوەندییان لەگەڵ کونسوڵ و نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکان لە هەرێم و بەغدا هەیە و وڵاتانیش بەگشتی لایەنگری سەقامگیری و ئارامین لە ناوچەکەدا.