ھەولێر-KDP.info- ئێوارەی ئەمڕۆ ھەینی ٢٠٢٦/٣/٦ بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لە بەڕێز محەمەد شیاع ئەلسوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقی فیدراڵەوە پێگەیشت.
لە پەیوەندییەکەدا، دوایین پەرەسەندنەکانی ناوچەکە و لێکەوتەکانیان تاوتوێ کران. ھەردوولا ڕەتکردنەوەی ئەو ھێرشانەیان دووپات کردەوە کە دەکرێنە سەر شارەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستان و جەختیان کردەوە کە نابێت خاکی عێراق ببێتە سەرچاوەی ھەڕەشە یان ھێرش بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ. ھەروەھا پشتگیریی خۆیان بۆ ھەموو ئەو ھەنگاوانە نیشان دا کە دەبنە مایەی بەھێزکردنی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا.
ھەردوولا داکۆکییان لەسەر پێویستیی ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵۆزییەکان لە ڕێگەی یەکخستنی ھەڵوێست و گوتاری ھێزە نیشتمانییەکان کردەوە، بە شێوەیەک کە پارێزگاری لە سەروەریی وڵات و ئاسایشی نیشتمانی بکرێت.
لای خۆیەوە، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی دووپاتی کردەوە کە ھەرێمی کوردستان وەک ھەمیشە فاکتەری ئارامی دەبێت و پشتگیری لە ھەموو ھەوڵە نیشتمانییەکان دەکات بۆ بەدوورگرتنی عێراق لە لێکەوتە نەرێنییەکانی ململانێ لە ناوچەکە.