ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ ھەینی ٢٠٢٦/٣/٦ بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لە بەڕێز شێخ محەمەد بن زاید ئال نەھیان، سەرۆکی دەوڵەتی ئیماراتی عەرەبیی یەکگرتووەوە پێگەیشت.
لە پەیوەندییەکەدا، دوایین ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و لێکەوتە مەترسیدارەکانی شەڕ تاوتوێ کران. لەمبارەیەوە ھەردوولا نیگەرانیی قووڵیان بەرامبەر بە پەرەسەندنی شەڕ دەربڕی و جەختیان لە گرنگیی چڕکردنەوەی ھەوڵە دیپلۆماسییەکان کردەوە بۆ ھێورکردنەوەی دۆخەکە و پاراستنی ئارامی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا.
لە تەوەرێکی دیکەدا، پەیوەندییەکانی ئیمارات لەگەڵ عێراق و ھەرێمی کوردستان و برەودان بە ھاوکاریی ھاوبەش لە بوارە جیاوازەکاندا گفتوگۆیان لەسەر کرا. ھەردوولا داکۆکییان لە پتەوکردنی زیاتری پەیوەندیی مێژوویی و دۆستانەی نێوانیان کردەوە.
لای خۆیەوە، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی سوپاسی ھاوکاری و یارمەتییەکانی ئیماراتی بۆ عێراق و ھەرێمی کوردستان کرد و ھیوای ئارامی و پێشکەوتنی بەردەوامی بۆ گەل و دەوڵەتی ئیمارات خواست.