ھەولێر -KDP.info- بریکاری وەزارەتی بازرگانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەڵێت"دڵنیایی دەدەینە ھاووڵاتییان کاڵای زۆرمان لە ھەرێمی کوردستان ھەیە و جوڵەی بازرگانیش بەردەوامە، ھیچ پێویست ناکات بترس و بچن کاڵای زۆر بکرن، چونکە دۆخەکە ئاساییە و تیمەکانیشمان بەچڕی چاودێریی بازاڕ دەکەن."
سەروەر ھاواری، بریکاری وەزارەتی بازرگانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی "ئێستا نرخی دۆلار خۆی بەرزبۆتەوە و نرخیشی جێگیر نیە، بابەتی ئەسیکۆداش کێشەی بۆ بازرگانان دروست کردووە، ھەندێک کاڵاش لە شوێنی خۆی گران بووە، بەڵام ھۆکاری سەرەکی گرانبوونی کاڵا ھاووڵاتییان خۆیانن، دەچن کاڵای زۆر دەکڕن، بەتایبەت لە مانگی ڕەمەزان خۆیان دەبنە ھۆی ئەوەی خواست لەسەر کاڵا زۆر بێت، ئەوەش وادەکات جۆرێک لە قەیران دروست ببێت و نرخ بەرزبێتەوە، بۆیە پەیامی ئێمە بۆ ھاووڵاتیان ئەوەیە بەھیچ شێوەیەک بڕێکی زۆر کاڵا نەکڕن، دواتر لەماڵەوە دەمیێنتەوە نرخیشی هەرزان دەبێت، پێویست ناکات ترسیان لە گرانبوونی کاڵا ھەبێت، جموجۆڵی بارزگانی بەردەوامە و بەھێزترین دەروازەی سنووری ئێمە ئیبراھیم خەلیلە، لە ھەندێک شوێنی دیکەی عێراقیش هەن، بۆیە ھیچ قەیرانێکی کەمی خۆراک دروست نەبووە، کۆگاکانیشمان پڕن لە خۆراک."
سەروەر ھاواری گوتیشی "ھاتنی بەشە خۆراکی مانگانەش بەردەوامە، کێشەیەکمان لەگەڵ بەغدا ھەبوو ئەویش چارەسەر کراوە، مانگی یەک دابەش کراوە و خەریکی دابەشکردنی بەشە خۆراکی دووەمین، چەند ماددەیەکی خۆراک لەخۆ دەگرێت، ڕەنگە لە مانگی ڕەمەزان ماددەکان زیاتر بێت، ئەوەش کاریگەری ھەیە بۆ بەرزنەبوونەوەی نرخ."
دەشڵێت "تیمەکانی چاودێریی بازرگانی لە ھەموو ھەرێمی کوردستان بەشەو و بەڕۆژ چاوێری بازاڕ دەکەن، بەھیچ شێوەیەک ڕێگە نادرێت قۆرغکاری و گرانفرۆشی بکرێت و چاودێریەکی چڕی بازار دەکەن، دوێنێش کۆبوونەوەیەکمان ئەنجامدا و داوامان کرد سکاڵای ھاووڵاتییان بەھەند وەربگرن، ھێڵە گەرمەکانیش بەردەوام کراوەبن و بەدواداچوون بکەن، ئەوەی سەرپێچی بکات سزا دەدرێت، ئەگەر دووبارەی بکەنەوە دەدرێنە دادگا، بۆیە بەھیچ جۆرێک ڕێگە نادرێت قۆرغکاری بکرێت و دۆخەکە ئاساییە و ھیچ قەیران و گرفتێک نیە."
بڵند ئیبراھیم